هۆکاری دواخستنی پڕۆژەیاسای چاکسازی چییە؟

0

نوچەنێت

رۆژی سێشەممە١٠-٤-٢٠١٨، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنە تایبەتمەندەکان، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی موچه‌ و خانه‌نشینی و ده‌رماڵه‌كان کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی جیاوازی بۆچوونی لایەنەکان لەسەرمادەکانی پڕۆژە یاساکە، نەتوانرا کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆ پەسەندکردنی دیاریبکرێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت “ئەگەری هەیە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بە دوو هۆکار بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکان”.

لە رۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد، بەڵام بەهۆی بوونی ناڕەزایەتی خەڵک و داواکاری ١٠ فراکسیۆن، سەرۆکایەتی پەرلەمان ئیمزای لەسەر یاساکە نەکرد، بڕیارە سێ ماددەی لێ هەموار بکرێتەوە، کە تایبەتن بە خانەنشینی، دەرماڵە و سودمەندبوونی لەجارێک زیاتر لە بودجەی گشتی. چاوەڕواندەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەت بگەڕێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیران، چۆن پڕۆژە چاکسازییەکەی پەسەند کرد؟

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٠-١٢-٢٠١٧، دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی لە لیستی موچەخۆراندا هەیە و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەکەن. پڕۆژەیاساکە (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و، ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و دراوەتە لیژنە تایبەتمەندەکان.

٦٨ هەزار كەس دوو موچە و سێ موچە و چوار موچەیان، هەیە[١]

یەكێك لەو مەلەفانەی حكومەت دەیەوێ‌ دەستی بۆ ببات و جورئەتی دەست بۆبردن نەبووە، بەهۆی ئەوەی کە هەموو حزبەکان پشک ولیستیان لەم موچانەدا هەیە، خانەنشینی پلە تایبەت و پەرلەمانتارانە، كە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە ٨٠%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن و نزیكەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەكەی حكومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ‌ و لەمەودوا بە مەرج خانەنشین دەکرێن. هەر پەرلەمانتارێك تەمەنی لە ٥٠ ساڵ زیاتر نەبێ‌ و ١٥ ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناكرێ”.
 نوری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، هەندێك ئاماری قەبەی لە لیستی موچەخۆراندا ئاشكراکرد، كە ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێ‌، پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. ٦٨ هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان، دوو موچە و سێ موچە و چوار موچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشك دەكرێن یەكێك لە موچەكانیان هەڵبژێرن، بەگشتی حكومەت پلانی هەیە، زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری لە راستكردنەوەی لیستی موچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە”.

کۆبوونەوەی کۆتایی لەسەر کاری لیژنەکان دەکرێت

دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە نوچەنێت-ی رایگەیاند،لە چوارساڵی رابردوودا چەند پڕۆژەیەکی چاکسازیمان ئامادە کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی بندیوار، خانەنشینی نایاسایی و موچەخۆران و …هتد. سەرۆکایەتی پەرلەمان پڕۆژەکەی ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرد و بڕیار وایە، کۆبوونەوەی کۆتایی رۆژی یەکشەممەی داهاتووە ١٨-٢-٢٠١٨، لە نێوان لیژنە هاوبەشەکان ئەنجام بدرێت.

ئاماژە و سەرەتاکانی فشار بۆ راگرتنی پڕۆژەیاساکە دەرکەوتوون  

شێرکۆ جەودەت دەڵێت، ئەم پڕۆژەیەیاسایە تەحەدیاتی گەورەی لەبەردەم دایە، کەسانێک فرەموچە و خانەنشینی نایاسایی بوون، بێگومان پێیان ناخۆشە و لۆبی و فشار لە بڕیاردەرەکان و ئێمە دەکەن، بۆئەوەی کارێک نەکەین ئەو بەرژەوەندییە نایاساییەی ئەوان کۆتایی پێبهێنین.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەدات، ئاماژە و سەرەتاکانی فشار و رێگرییەکان بەدیار کەوتوون و ئەگەر بەردەوام بێت، بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەین. ئەوانەی بەجۆرێک پشتیوانییان هەیە، فشارەکان دروست دەکەن. گوتیشی “درەنگ کەوتنی کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاساکە، بۆ کاری رۆتینیاتی ئیداری پەرلەمان دەگەڕێتەوە و کارەکان ئاسایی بەرەوپێش چووە. تائێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی دژی پڕۆژەیاساکە نەبووە. تەنیا فشاری ناڕاستەوخۆیە”.

بەئاشکرا کەس رێگری بۆ پڕۆژەیاساکە دروستنەکردووە

هەر لەم بارەیەوە پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، عەباس غەزالی بە نوچەنێت-ی گوت، لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازییەکەی حکومەت، شەش لیژنەی هاوبەش کاری کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا راپۆرتی هاوبەش دەنوسنەوە و دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. ئۆمێد دەکەم بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ. 

عەباس غەزالی دەڵێت، هیچ کەس بە ئاشکرا رێگری بۆ پڕۆژەیاساکە دروست نەکردووە و لە لیژنە هاوبەشەکان هەموویان پێشوازییان لێکردووە و هەر کەسیش تێبینی خۆی هەیە. بە بڕوای ئێمە پڕۆژەکە بە زووترین کات لە پەرلەمان دەبێت بە یاسا و بۆ حکومەتی، دەنێردرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی.

بۆچوونی جیاواز هەیە

غەزالی لەبارەی هەبوونی فشار بۆ سەر لایەنە بڕیاردەرەکان گوتی، بێگومان ئەگەری هەیە، بەڵام لە مەسەلەی چاکسازی، کە ئێمە چ لە هەڵبژاردن چ لایەنە سیاسییەکان چ لە دادپەروەری لە دژی راوەستین، رەنگە بەزیان تەواو بێت، باوەڕناکەم و نەمبینیوە لە ناو لیژنەکان کەس دژی پڕۆژەکە بێ، بەڵام بۆچوونی جیاواز هەیە و بەگشتی کەس کێشەی لە گەڵ نییە. کارەکانیش زۆر بە ئاسایی دەچنە پێش.

حکومەت تەواوی ماددەکان جێبەجێ ناکات 

لە لایەکەی دیکەوە پەرلەمانتار قادر رەزگەیی ێیوایە، حکومەت تەواوی ئەو ماددە و بڕگانە جێبەجێ ناکات، کە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیی دا هاتووە و ئێمە وەک یاسا پەسەندی دەکەین. 

قادر رەزگەیی دەڵێت، ئێمە ئەزموونمان لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، پێشتریش چەندین بڕیار و یاسامان دەرکردووە و حکومەت جێبەجێی نەکردووە، ئەمە بەڵگەیە، کە گومانمان هەبێ لە جێبەجێنەکردنی یاساکە. لە لایەکی دیکەش راستە بە قسە ئیرادەی چاکسازی هەیە لە لای حکومەت و باسی دەکەن، بەڵام رام وایە ویستی چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە نییە و حکومەت لەکوێ یاسا لە بەرژەوەندی دابێ جێبەجێی دەکات.
جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی تەنیا پێویستی ئیرادەی بەرپرسانی حکومەتەوە نییە و، پێویستی بە ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسی حزبەکانیشەوە هەیە. چونکە ئاشکرایە حزب بەسەر حکومەتدا زاڵە.

 

مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە[٢]

دکتۆر مەدحەت سلێمان، راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند “پرۆژە یاسایی خانەنشینی پلە تایبەت، دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە خەڵکێکی تێدایە رۆژێک لە ڕۆژان لەناو حکومەت و پەرلەمان نەبوون و کاریان نەکردووە، کەچی بەپلەی زۆر بەرز خانەنیشن کراون، بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژە یاسایەک زۆر پێویستە، یان خەڵکێک ھەبوون، بەپێشمەرگە خانەنشین کراون، بەس ڕۆژێک پێشمەرگە نەبوونە، رەنگە بەھۆی ئەم پڕۆژەوە مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە”.

ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، ئەوەشی خستەڕوو کە “گۆڕان و یەکێتی، خەڵکانێکی زۆریان لەسەردەمی دوو ئیدارەیی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، بۆیە حەز ناکەن ئەو پرۆژە بێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە زیاتر لە ١٣٠ ھەزار خانەنشینی نایاسایی ھەیە ١٠٠ ھەزاریان لە سنوری ئیدارەی گۆڕان و یەکێتییە، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکان نزیکن، گۆڕان و یەکێتی حەزناکەن ئەو پڕۆژە بێتە پەرلەمان و چونکە دەنگی گەندەڵی لەدەست دەدەن، بەڵام پێویستە ئەم پڕۆژە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی حەق و ناحەق دەرکەوێت”.

 

١٠٠ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەپلەی تایبەت خانەنشین کراوە

فەرید زامدار، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە، رايگەیاند “یەکێتی و گۆڕان، نایانەوێت پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلەتایبەت بخرێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە بەگەندەڵی و فێل ١٠٠ ھەزار کەسیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، لەناویاندا سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و کەسە نزیکەکانی باڵی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەرهەن”.

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوانەی کەرکوکیان فرۆشت، سەرجەمیان بەپلەی بەرز خانەنیشن کراون، گوتیشی “ئەوانە موڵک و ماڵ، خانووی بەرز، کۆشک و تەلاریان لە سلێمانی کڕی بەپارەی قوتی دزراوی خەڵک، بۆیە ئێستا ئەگەر چاکسازی بکرێت، ١٠٠ ھەزار کەس لە گۆڕان و یەکێتی دەتۆرێن، دەرکەوت بایی ٤ کورسی گۆڕان و یەکێتی دەنگی گەندەڵیان ھێناوە، کە بەپارە خەڵکیان کڕیووە”.

 

بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، حکومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات.

دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەندێک لایەن هەن، نایانەوێ پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت بێتە پەرلەمان، چونکە بەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەو خەڵکە دەنگیان بۆ نادات کە موچەی بەلاشیان پێدراوە. لەئەگەری دەنگ نەهێنانی ئەم پڕۆژەیە لەپەرلەمان، ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار، لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەبارەت بە ئەگەرەکانی بەردەم پڕۆژەی چاکسازی رایگەیاند، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان حکومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات. بەپێی یاسا وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، توانای دەرکردنی بڕیاری لەم چەشنەی هەیە.

لەبارەی ناردنی پڕؤژەکە بۆ پەرلەمان، ئاسۆ هاشم گوتی، بە کۆدەنگییەکی باش تێپەڕدەبێت و دەنگی بۆ دەدرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بەرای گشتی و قوتی خەڵک و بودجەو میزانیەی گشتییەوە هەیە، بەتایبەت ئێستا کە لە سەردەمی هەنگاو نانین بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردن، هیچ حزب و لایەنێک جورئەتی ئەوەناکات، لاری لەسەر شتێ هەبێت، کە پەیوەندی بە قوتی خەڵک و برسی کردنی خەڵکەوە هەبێت. 

دواخستنی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بۆ دیاریکردنی رۆژێک تا پەرلەمان پێداچوونەوە بە یاسای چاکسازی حکومەت بکات و دواتر دوبارە بخرێتەوە دەنگدان، نیگەرانی لێکەوتووەتەوە. پەرلەمانتارێک-یش دەڵێت “ئیرادەیەک هەیە دەیانەوەێ یاسای چاکسای بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت”.

 

 بە دوو هۆکار پڕۆژەیاسای چاکسازی دوا دەخرێت[٣]

د. شێرکۆ جەودەت بە نوچەنێت-ی رایگەیاند، ئیرادەیەک هەیە، کە دەیەوێت ئەم یاسای چاکسازییە بخاتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق. بە دوو هۆکار: 

یەکەم، زۆریەک لەوانەی سەرپێچی نایاساییان کردووە دەگرێتەوە، لە پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینی و …هتد. لەوانیە، کە نزیک هەڵبژاردن دەبینەوە، هەندێک حزب وابیر بکاتەوە زەرەر دەکات، کە ئەگەر بێتو ئەو سەرپێچیکارانەی راستبکاتەوە، کە ئەندامن لەو حزبەدا.

دووەم، حکومەتی هەرێم پاشکەوتی موچە بە پاکێجی چاکسازییەوە دەبەستێتەوە، کە ١٠٠ ملیار دەگەڕێتەوە مانگانە. هەروەها بەگوێرەی یاساکە، دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بکرێ، بە دواکەوتنی پاکێجی چاکسازی، ئەوەندەش سووککردنی باری موچەش دوا دەکەوێ و سیستەمی پاشەکەوت بەردەوام دەبێ. 

لەبارەی بەربەست دروستکردن لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، شێرکۆ جەودەت گوتی “تائێستا ئیرادەیەک هەیە و نەبووە بە فەرمی، کە دەیانەوێ کۆبوونەوە و دەستکاری کردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکان.

 

 یاسای خانەنشینی عێراقی بکرێتە بنەما [٤]

محمەد ئیلخانی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان، لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، رایگەیاند ”کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە ١٠-٤-٢٠١٨، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆن و لیژنە تایبەتمەندەکان، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بوو، بۆئەوەی سەرجەم فراکسیۆنەکان بگەنە بۆ چوونێکی هاوبەش لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لەپەرلەمان، تاڕادەیەکی باش فراکسیۆنەکان بۆچوونیان لێکنزیکبوو، بەتایبەتی لەو ماددانەی کە هۆکاری گەڕانەوەی یاساکەبوو بۆ پەرلەمان”.    

محمەد ئیلخانی ئاماژە بەوەکرد، کە لەسەر بابەتی خانەنشینی زۆربەیان کۆکبوون، کە هاوشێوەی یاسای خانە نشینی عێراقی جێگیر بکرێت، بەڵام لەبابەتی دەرماڵەی فەرمانبەران فراکسیۆنەکان پێویستان بەزانیاری زیاتر بوو، لە بەرئەوە لەکۆبوونەوەکە پێشنیاری ئەوەکرا، کە حکومەت بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بەتایبەت وەزارەتی دارایی و ئەوانەی پەیوەندیان بەو یاسایە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، هەبوو.  

محمەد ئیلخانی هەروەها گوتی”چاوەڕوان دەکرێت حکومەت و پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، دوای ئەوەی گەیشتنە رێککەوتنێکی هاوبەش لە سەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە، بەکۆی دەنگ لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت”.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان دەڵێت ”نامانەوێت ئەم یاسایە ببێتە ماددەیەک،  بۆ بانگەشی هەڵبژاردن، ئەگەر لایەنەکان بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوا کۆبوونەوەی پەرلەمان بەزوترین کات ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش، ئەوا پەسەندکردنی یاساکە دەخرێتە داوی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق،بۆئەوەی نەبێتە موزایەدەی بانگەشی هەلىژادن”.

 

دەقی پڕۆژەیاساکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان[٥]

پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە

١- بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی.

٢- خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی موچە و دەرماڵە.

٣- رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.

٤- بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی.

٥- رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلەتایبەتییەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.

پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموار کراو و، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٩) لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠١٧ بڕیاردرا بە:

١- پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ، کە وێنەیەکی هاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بە مەبەستی گفوتگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.

٢- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.

 

ئەنجام: 

ئەوەی لە ئێستادا پێویستە پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازییە لە پەرلەمان و دواتر گرنگتر لە هەمووی جێبەجێکردنی ماددەکانی ناو پڕۆژەیاساکەیە و بە چاودێری پەرلەمان بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارای و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بۆ حکومەت.

هەروەها لێکدانەوەکان لەسەر پڕۆژەی حزبی، وەک کۆکردنەوەی دەنگ هەژمار دەکرێت و تواناکان و پێداویستی حکومەت لەبەرچاو ناگرێت، بەڵام پڕۆژەی چاکسازی خودی حکومەت، ئەگەری سەرکەوتن و جێبەجێکردنی زۆرترە و بە لەبەرچاو گرتنی توانا و پێویستی چاکسازی و پاکسازی لە دامودەزگاکانی و لێپرسراو بوونی لەبەرامبەر خەڵک بەگشتی، دەتوانێ پڕۆژەیەکی پڕ و تێروتەسەل پێشکەش و جێبەجێ بکات.
چاوەڕواندەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەت بگەڕێتەوە.
  

سەرچاوەکان:

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com