وردەکاری هێرشەکەی سەر سوریا و کارادنەوەکان

0

نوچەنێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ئەپریل، کاتژمێر ٩ بە کاتی ئەمریکا، کەناڵی سی.ئێن.ئێن لە هەواڵێکی بەپەلە رایگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری هێرش بۆ سەر سوریای داوە و بەم پێیە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی رژێمی سوریا دەستیپێکرد.

ئەم هێرشە ئاسمانییە بە هاوپەیمانی و هەماهەنگی فەرەنسا و بەریتانیا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشی کیمیایی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر ناوچەی مەدەنی دوما هەڵکەوتوو لە غوتەی رۆژهەڵات ئەنجام درا.

ترەمپ لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کە ئەسەد و رژێمەکەی لەم هێرشە کیمیاییە بەرپرسیاری سەرەکین و هاوکات هۆشداری توندی دایە ئێران و روسیا، وەک دوو هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، ئامانجی سەرەکی هێرشەکان، ناوەندەکانی توێژینەوەی کیمیایی و وەک ئیمانۆئێل ماکرۆن، چەند رۆژ بەر لە ئێستا رایگەیاند “ژێرخانی سەربازی سوریا و توانا کیمیاییەکانی ئەم وڵاتە بووە”.

بە گوێڕەی لێدوانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا، ژمارە و رادەی ئەو چەک و موشەکانە، کە بۆ ئەم هێرشە بەکارهاتوون، دوو بەرابەری ئەو موشەکانەیە، کە واشنتۆن پێشتر لە دژی رژێمی ئەسەد بەکاری هێناوە.

سی.ئێن،ئێن بە گێڕانەوە، کە تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا رایگەیاند، کە لانی کەم ٢٠ موشەکی ئەمریکا کراونەتە ئامانج و تەقێندراونەتەوە و بەشێک لە هێرشەکانیش بێ ئەنجام بووە و نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، لە ئێستادا هیچ پلانێکی دیکەی بۆ هێرشە کردنە سەر سوریا نییە.

پێگەی راشاتودەی سەبارەت بە هێرشەکە نووسیویەتی “وەزارەتی بەرپری ئەمریکا، بە هەستکردنی بە مەترسییەکانی بەریەککەوتن لە گەڵ روسیا، بە وردی و بە شێوەیەکی ئامانجدار، هێرشەکەی ئەنجام داوە و ئامانجەکانی روسیای لە سوریا پەلامار نەداوە و تەنها وەڵامێکی کورت بووە بۆ حەز و ویستی ترەمپ”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، وەک یەکەم هەڵوێستی بەرامبەر بەم هێرشە، وێڕای ئیدانەکردنی، گوتی: ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجام درا، کە سوریا بە سەر داعشدا سەرکەوتووە و ژیانێکی ئاسایی لەم وڵاتە دەستیپێکردووە.

روسیا رایگەیاندووە، ئەم جۆرە هەنگاوانە لە لایەن کەسانێکەوە دەنرێ، کە بانگەشە بۆ ئەخلاق دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان لە هەر جۆرە یاسا و رێسایەک دەدزنەوە.

باڵیۆزی سوریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، هێرشەکەی بە پلانی لە پێشداڕێژراو زانیوە و دەڵێت “ئەم هێرشانە بێ وەڵام نامێنێتەوە و بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە سەرشانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی”.

ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ  وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هاوپەیمانێتی پاریس لە گەڵ واشنتۆن و لەندەن، بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە، گوتی “بە هەماهەنگی لە گەڵ ئەمریکا و بەریتانیا بڕیاری هێرشەکەم داوە”.

ماکرۆن جەختیشی کردەوە، کە ئەم هێرشانە توانا سەربازیەکانی سوریای کردۆتە ئامانج و گوتیشی، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ ئێمە قابلی قبووڵ نییە.

لاپەڕەی سەرۆکایەتی فەرەنسا، لە تویتەر چەند وێنەیەکی لە بەشداری فڕۆکە شەڕکەرەکانی رافائیلی ئەم وڵاتەی لەکاتی هێرش بۆ سەر سوریا بڵاو کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەیانێکدا ئەم هێرشەی بە هەنگاوێک بە ئاراستەی پەرەپێدان بە ئاشتی و ئارامی لە جیهان وەسف کرد. تێرێزا مەی دەڵێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لە بەردەستدایە، کە نێشانی دەدا دیمەشق بەرپرسیارە لە هێرشە کیمیاییەکەی سەر دوما. نابێ ئەم هێرشە جێی پرسیار بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای مەحکومکردنی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر سوریا، لەبارەی دەرهاویشتە و لێکەوتە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەم هێرشە هۆشداری دا.

لە دوتوێی راگەیێندراویکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم هێرشەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بەزاندنی سەروەری و یەکپارچەیی سوریا وەسف کردووە.

لە ئەمریکا و بە گوێرەی راپۆرتێکی کەنالی جەزیرە، هەر دوو پارتی سەرەکی واتە کۆماریەکان و دیموکراتەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم هێرشانە دەربڕیوە.

ئەنتۆنیۆ گۆترێس، ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە وڵاتانی لایەن لە قەیرانی سوریا کرد، کە پشوودرێژ بن و رێگە لە پەرەسەندنی ئەم جۆرە رووداوانە بگرن.

گۆترێس، جارێکی دیکە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ رووداوکەی دوما ئەنجام بدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com