دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدان دیاری کرا

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆكی دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا زیاترلە ٦٠%ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنییان وەرگرتووەتەوە. دەشڵێت “رۆژی ٩-٥-٢٠١٨ دوا کاتە بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدان،

بڕیارە رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە ئێستادا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، دەنگدەر دەتوانێت بەکارتی ئەلیکترۆنی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات و دەنگ بەو لیست و کاندیدە بدات، کە خۆی دەیەوێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مازن عەبدولقادر، سەرۆكی دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند “پڕۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی نوێ بەردەوامە لە بنکەکانی دابەشکردن، ١٧٣ بنکەمان هەیە لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، کە ٧٩ بنکە لە سلێمانی، ٥٣ بنکە لە هەولێر و ٤١ بنکەش لە دهۆک، رۆژانە بنکەکان کراوەن تاکو کاتژمێر ٦ ی ئێوارە کاردەکەین”.

مازن عەبدولقادر، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و هەروەها دەشڵێت “لەدوای پەسەندکردنی ناوی قەوارە و لیستەکانی دەنگدان، سەردانی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان گەرم و گوڕتربووە و کاندیدەکانیش هانی خەڵکی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی کارتی  دەنگدان وەرگرنەوە، بۆیە هاوڵاتیان زیاتر سەردانمان دەکەن”.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستمانە، تاکو ئێستا زیاترلە ٦٠%ی هاوڵاتیانی هەرێم، ئەو کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنییەی، کە چاپکراون، لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان،  دابەشمانکردوون و پڕۆسەی بەشداریکردنی هاوڵاتیانیش بەرەو باشتر و سەرکەوتن دەڕوات.

سەرۆكی دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، گوتی “هیوادارین بتوانین تاکو ٩-٥-٢٠١٨، کە دوا کاتە بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدانی نوێ، سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم بتوانین سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com