بەرهەم ساڵح بەنیازی چییە؟

0

نوچەنێت

ھاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ناوی ئەو قەوارە سیاسییەیە، کە بەرهەم ساڵح سەرکردایەتی دەکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چاوی لەسەر بەشێک لە دەنگدەری یەکیتییە. بەرپرسێکی یەکێتی-یش دەڵێت “تا ئێستا هەموو هاوکارییە داراییەکانی لە لایەن یەکێتییەوە بەردەوامە و تەنانەت بە موچەی پاسەوانەکانیشیەوە”.

موچەی پاسەوانەکانیش یەکێتی دابینی داکات

بەرپرسێک لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، لەبارەی وەرنەگرتنەوەی ئیمکانات لە کەسانی یەکێتی سەربە بەرهەم ساڵح، تایبەت بە نوچەنێت-ی گوت “تا ئێستا هەموو هاوکارییە داراییەکانی لە لایەن یەکێتییەوە بەردەوامە و تەنانەت بە موچەی پاسەوانەکانیشیەوە.

سەرچاوەکە دەڵێت، لە کەرکوکیش بانگەشی دەستپێنەکردووە و دەیهەوێ دەنگە ناڕازییەکانی یەکێتی لەو سنوورە کۆبکاتەوە. گوتیشی “رێککەوتنیشی هەیە لە گەڵ باڵێکی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لە بەغدا”.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت “پێدەچی لە دوای هەڵبژاردن ئەگەر کورسی بەدەست بهێنێ بەبیانووی رێککەوتن خۆی ئاشکرا بکات.

دیدگای سیاسی نەوشێروان موستەفا و بەرهەم ساڵح وەک یەک نییە[١]

ئەوەی جێگەی تێبینی و هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەم هەوڵەی بەرهەم ساڵح، ۱۱ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن نەوشێروان موستەفا (ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوی گۆڕان و جێگری پێشووتری سکرتێری گشتی یەکێتی) و کۆمەڵێک لە خەڵکی ڕیفۆرمخواز لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی یەکێتی، کە دواتر بەرەیەکیان دروستکرد و ناویان لەو بەرەیە نا “باڵی ڕیفۆرم” درا و بە هەمان میکانیزم و بە قورساییەکی ئێجگار زیاتر و لەبەر ناکۆکی لە کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و بابەتی پەیوەندییەکان و دەستەڵاتداریەتی یەکێتی و خەمی قوتی هاوڵاتیان دەستی لەکارکێشایەوە و لە ۲۰۰۹ دا بە لیستێک (لیستی گۆڕان) بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساتە کرد، بەڵام دکتۆر بەرهەم بەو هەوڵانە ڕازی نەبوو و ناڕەزایی زۆری دەربڕی لە هەوڵەکانی کاک نەوشێروان و باڵی ڕیفۆرم، تا ڕادەیەک بە ئاشکرا دژایەتیشی دەکرد .

لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەگەر هەوڵەکانی بەرهەم ساڵح و بۆ چاکسازی گشتییە؟! ئەوا دەبوایە لە ۲۰۰٦ پشتگیری لە هەوڵەکانی “باڵی ڕیفۆرم” و نەوشێروان موستەفا بکردایە، بەڵام ڕوونە کە بیانو و دیدگای سیاسی نەوشێروان موستەفا و بەرهەم ساڵح وەک یەک نییە لەم ڕووەوە، چونکە ئەگەر بەرهەم ساڵح ڕاست دەکات و لە خەمی نەبوونی قوتی هاوڵاتیان و پرسی ناوخۆی یەکێتی و پەیوەندیەکان، لەم حیزبە جیابۆتەوە؟! ئەوە ڕاست نییە و تەنها بۆ دروستکردنی هێز بووە، چونکە ئەگەر بۆ ئەو بابەتانە بوایە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە، ئەوا ئەو کاتە پشتیوانی لە نەوشێروان موستەفا دەکرد و دەچووە بەرەکەیەوە، بەڵام بیانوەکانی بەرهەم ساڵح دیارن و مەعلومن بۆ لە یەکێتی هاتوەتە دەرەوە.

لە ناو یەکێتیشدا زۆر هەوڵیداوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی خۆی

 
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محسن عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی یەکێتی یشتمانی کوردستان دەڵێت، راستە دەڵێن بەرهەم ساڵح، دەنگی ناڕەزایی ناو یەکێتی کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ناو یەکێتیشدا زۆر هەوڵیداوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی خۆی، کە پێی نەگەیشت هەوڵی دا ئەم لیستە دروست بکات وەک ململانێیەک،

محسن عوسمان دەڵێت، لە ناوچەکە جۆرێک لە گەمەی سیاسی هەیە، وەک دروستکردنی حزبی سێبەر، بۆ ئەوەی خەڵک بڵێ ئەمیان باش نییەو ئەویان باشە، بەڵام لە ئەنجامدا لە رووی مەعنەوییەوە بۆ خەڵکی یەکێتی کە یەک بوایەن باشتر دەبوو، بەڵام لە رووی دەنگەوە بەم شێوازە دوو لیستییە باشترە. 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی پێیوایە کورد نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە وتارێکی هاوبەش لە ناوحزبدا هەبێ، تەنیا شکلە و لە ناوەڕۆکدا بەتاڵە. دەڵێت “هەم کورد و هەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگەئشتووەتە ئاستێکی واهەم سوسیال میدیا و هەم کەشوهەوای پەرلەمان و هەڵبژاردن و دەسەڵاتی جێبەجێکار، زیاتر وەک فۆڕم بەکاری دەهێنین”. 

ئەگەر ناتوانن یەک گوتار بن، لانیکەم دژی یەک نەبن

محسن عوسمان گوتی، ئەم دەنگۆیەی ئێستا لەسەر لیستەکەی بەرهەم ساڵح هەیە لە سەردەمی نەوشێروان مستەفاش هەبوو، بەڵام لەسەر هەر ئەگەرێک بێت ئەو شتە نەهاتە دی و هیوادارم کورد پەند لە مێژوو وەربگری، کە ئەگەر ناتوانن یەک گوتار بن، لانیکەم دژی یەک نەبن.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی هەندێ بەرپرس و خەڵکی یەکێتی بانگەشە بۆ لیستی بەرهەم ساڵح دەکەن، محسن عوسمان گوتی “لەزۆر ناوچە جیاوازەکان لەوانەی بانگەشە بۆ لیستەکەی بەرهەم ساڵح دەکەن، بەڵام یەکێتین و ئیمکانیاتی یەکێتییان لەبەر دەستە، کە ئەمە دوو واتا دەگەیەنێت، یان لە ناو یەکێتی سەنتراڵێک (مەرکەزیەت) نییە، بۆ ئەوەی ئەوە کۆبکاتەوە، یان سیناریۆیەک هەیە، کە بەڕای من دەرئەنجامی ناتەندروستی ململانێ لە ناوچەکە و لە ناو یەکێتییە”.

جیاوازی نێوان جیابوونەوەی نەوشێروان موستەفا و بەرهەم ساڵح

نەوشێروان موستەفا کە لە یەکێتی جیابووەوە دەنگی ناڕەزایی لەسەر ئاستی گشتی هەرێمی کوردستان نەبوو و ئەگەر هەشبووبێت زۆر کەم بووە، لەلایەکی ترەوە ئەو کاتە یەکێتی لە لوتکەی سەرکەوتنەکان دابوو و نەوشێروان موستەفاش لە لوتکەی دەستەڵات بوو، بەڵام دوای هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی دۆخەکە نەگیشتە ئەنجام و لە کۆتاییدا بڕیاری دەستەلەکارکێشانەوە و جیابوونەوەی دا و زۆرترین کەسی ناڕازی لە یەکێتیدا لەگەڵ خۆی بردە دەرەوە، لە کاتێکدا کاتەکەی زۆر گونجاو بوو و خەڵکی ناڕازی زۆر کەم بوو و بەرەی ناڕەزایی خەڵکی فراوانتر کرد .

بەڵام بەرهەم ساڵح کە لە یەکێتی جیابوەوە هێشتا دەستی لە پۆستی جێگری سکرتێری گشتی نەکێشاوەتەوە و کۆمەڵێک ناکۆکی و کێشەی قوڵ لە ناو یەکێتیدا هەیە و ئەو حیزبە شکس دوای شکستدایە، سەرەڕای ئەوەش لە هەرێمی کوردستاندا خەڵک بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێت و سەرەڕای هەبوونی خەڵک و گروپ و بزوتنەوەی زۆر لە ناڕازیان و ڕەخنەگران، کە ئەمەش وا لە هاوپەیمانیەتەکەی بەرهەم ساڵح دەکات قورسایی نەبێت، چونکە هەوڵەکەی ئەو کۆنە و پێویست نییە و خراپیشە لەبەر ئەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵک زیاتر پەرش و بڵاو دەکات.

مام جەلال گوتی دوای من د.بەرهەم ساڵح دەتوانێت یەكێتی بەڕێوەببات[٢]

لە كۆبوونەوەی رۆژی ٢٤/١٠/٢٠١٧ ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لە سلێمانی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح تاوتوێ كرد. بەڵام بڕیار پەسەندکردنی نەدا. بەهیوای گەڕاندنەوەی.

رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٧ مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە كۆنفرانسی كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی لە دەربەندیخان، گوتی تاكە شوێنگرەوەی تاڵەبانی د.بەرهەمە و لەسەر زمانی خودی تاڵەبانییەوە گێڕایەوە و گوتی “مام جەلال گوتی دوای من د.بەرهەم ساڵح دەتوانێت یەكێتی بەڕێوەببات، بۆیە دوای ئەو بكەون”. لەبارەی مەرجەكانی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و گفتوگۆی حیزبەكەی لەگەڵی، مەحموود سەنگاوی گوتی “ئەو مەرجانە بۆ من قورس نییە و ئەوانەی پێیان قورسە دەبێ لەوان بپرسن”.

د.رێبوار كەریم، كەسایەتی نزیك لە بەرهەم ساڵح كە رۆژانە كاروبارەكانی لەگەڵ هەڵدەسوڕێنێ، بە (رووداو)ی گوت “ئێمە رێزی ئەو هەوڵانەی یەكێتی دەگرین، بەڵام د.بەرهەم ناگەڕێتەوە نێو یەكێتی”.

گەندەڵییەکان هی سەردەمی بەرهەم ساڵح-ە[٣]

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی، دەڵێت، سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ناتوانێت جێگە بە یەکێتی لێژ بکات، ئەوانەیش بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە، وەک خەونی چۆلەکە وایە، ڕەنگە لەو زاویە مردووەی، کە ئەوان لێی دەژین، بەو جۆرە سەیری یەکێتی بکەن، ئەوان گومانیان لە ئەقڵی دەنگدەر ھەیە و پێیان وایە دەنگدەر زاکیرەی زۆر لاوازە، بۆیە باشترە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵگرین بۆ ڕۆژی ١٢/٥، ئەو کاتە بۆمان دەرکەوێت کێ براوەی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی، ئەو (بەرهەم ساڵح) باسی ڕابردوو دەکات، بەتایبەتی باسی ئەو کاتانە دەکات، کە خۆی بەرپرسێکی باڵای ناو یەکێتی بووە، ئەسڵەن ئەو کاتە گەندەڵیمان ھەبووە، کە پارە ھەبووە، ئێستا قەیران ھەیە و ئەوەندە پارەمان نییە تاوەکوو گەندەڵی بکەین، بێ گومان ئەو کاتەی پارە زۆر بووە گەندەڵی زۆر کراوە و ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین، دەزانین ئەو کاتەی گەندەڵی کراوە کێ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بووە.

هەرکەس بە ھێرشکردن بۆ سەر یەکێتی بازاڕی خۆی گەرم بکات، پەلامار دەدرێتەوە

پیرە دەڵێ، سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی لە سمینارەکانی کفری و قەڵادزێ لە ڕووی گفتوگۆ و مامەڵە جیاوازەکانیەوە سەرکەوتوو نەبووە، من تەنیا ئەو پەیامەم بۆ سەرۆکی ئەو ھاوپەیمانییە ھەیە، کوردەواری قسەیەکی ھەیە دەڵێت، ئەگەر یەکێک باوکی خۆی زۆر خۆش بوێت، نابێ جنێو بە باوکی خەڵکی بدات، ئەگین خەڵکی جنێوی پێ دەدات، بۆیە ھەر کەسێک سووکایەتی بە یەکێتی بکات، گوڵباران ناکرێ و وەڵام دەدرێتەوە و خواش دەزانێ وەڵامەکەمان چۆن دەبێت، بۆیە ھەر ھێزێک ھەوڵی ئەوە بدات لەسەر حسابی یەکێتی و بە ھێرشکردن بۆ سەر یەکێتی بازاڕی خۆی گەرم بکات، پەلامار دەدرێتەوە.

پیرە ئاماژە بەوە دەکات، ھەر کەسێک لەناو یەکێتی ھەر پلە و پۆستێکی ھەبێت، جگە لە لیستی ١٦٢ ئەگەر کار بۆ لیستێکی دیکە بکات، لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی لا دەبرێن، ھەروەھا ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بۆ کاری ڕۆژانەی یەکێتی وەریانگرتووە، پێویستە بیگێڕنەوە، بێ گومان لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەند کەسێک بەو ھۆیەوە لابراون، لیژنەیەکیش پێک ھێنراوە بۆ ئەوەی ھەر کەسێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کار بۆ لیستێکی دیکە بکات، لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دوور بخرێنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، بەرھەم ساڵح خۆی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی خستە بەردەم دەنگدانی ھەموو پەرلەمانتارانی بەغداوە، بەڵام بەداخەوە بەرھەم خۆی دەنگی نەھێنا و دۆڕاندی. گوتیشی “د. بەرهەم ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بۆ ئیش و کارەکانی ڕۆژانەی یەکێتی وەری گرتوون، ھیچی بۆ یەکێتی نەگەڕاندووەتەوە، تا ئێستاش ھەموو ئەو شتانە لای خۆی ماوەتەوە، ھەروەھا ھەموو ئەو بەرپرسانەی لە ئاستی پۆستەکەی ئەودا ئیمتیازاتیان وەرگرتووە، بۆ ئەویش ھەمان شت دەستەبەر کراوە، بەڵام ئێمە ئیدارەی گشتیمان ھەیە و ھەر کەسێک واز لە یەکێتی بێنێت، پێویستە ھەموو ئەو شتانە بۆ یەکێتی بگەڕێنێتەوە”.

ھەموو ماڵ‌ و  موڵکی یەکێتییان لێدەسەنرێتەوە[٤]

مەلا بەختیار لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردیی ماڵپەڕی (دەنگی ئەمریکا)، ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەم ساڵح لەنێو یەکێتیدا کۆتایی هاتووە و لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠١٨ە و کۆبوونەوەکانی پێشووش، بڕیاریان داوە کە بەرهەم ساڵح لەنێو حزبەکەدا نییە. دەشڵێت: ”ھەموو ئەو کەسانەی لەناو یەکێتین لە ھەر پلە و پایەیکدا بن، بەڵام لە لیستەکەی بەرھەم ساڵحن، دەردەکرێن، ھەموو ماڵ‌ و  موڵکی یەکێتییان لێدەسەنرێتەوە و مووچەیان لە یەکێتی دەبڕێت“.

مەلا بەختیار دانی بەوەشدا ناوە کە قسە ھەیە، کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی لەناو حزبەکەیاندا کار و بانگەشە بۆ لیستەکەی بەرھەم ساڵح دەکەن و ”جموجۆڵی گوماناویش ھەیە کە لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێک ھەن، کار بۆ بەرھەم ساڵح دەکەن“، بۆیە ”لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکھاتووە لەسەر ئەو کەسانە، دوای دڵنیابوونەوە، ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن، ئەوا ئەندامێتییان تا کۆنگرە ھەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن، ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی“.

بناغەی شکستی حکومەتی هەرێم بەرهەم ساڵح-ە

مەلا بەختیار لە درێژەی لێدوانەکەیدا، بناغەی شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرهەم ساڵح گەڕاندووەتەوە و گوتوویەتی: ”بناغەی شکستی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرھەم ساڵح، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی حکوومەت بوو، قەرزێکی زۆری ھێنایە سەر ئەم حکوومەتە“.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە ”لە سەردەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەرھەم ساڵحدا، سەرمایەدار ھەبووە نەک ١٠٠% بەڵکو ٨٠٠% قازانجی کردووە، مەگەر ئەوە تەنھا بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر‌ و قاچاخچیی فرۆشتنی ھێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بکات“.

ئەنجام 
 جێگەی پرسیارە، کە تاکو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردنی نەبردووەتە کەرکوک، لە بەر ئەوەی لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی کردووە لە بەغدا پۆستی باڵای پێبدرێت، بۆیە زۆر کەس پێیوایە ئەوە سیناریۆیە و پیلانی ئێرانە. 
سەرچاوەکان
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com