مەبەست لە بانگەشەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک چییە؟

0

نوچەنێت

پێش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ٣٠ لیوای پێشمەرگە لە كەركوك و دەوروبەری هەبوون، ئیستا دواى زیاتر لە پێنج مانگ لە کشانەوەیان لەو ناوچانە و جێگیربوونى هێزە عێراقییەکان دەگوزەرێت و ماوەیەکیشە باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، جگە لە پارتی گەڕاندنەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کەم رەنگتر کردۆتەوە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “لایەنەکان بەم دۆخە رازین، ئیتر ئەمریکا بۆ هەوڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بدات”.

پێشمەرگە بە دوو قۆناغ دەگەڕێتەوە[١]

ئەندامێکی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵى و هاوپەیمانان دروستدەکرێت، بۆ پاراستنى سەروماڵی هاوڵاتیان و ئەمنیەتی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پێشمەرگە بەشێوەی دوو قۆناغ دەگەڕێتەوە، کە قۆناغى یەکەمیان بەشداریکردنە لە ژوورى ئۆپەراسیۆنى هاوبەشدا، کە دۆسیەى ئەمنى کەرکوکى ڕادەستدەکرێت، قۆناغى دووەمیش، جێگیرکردنی پێشمەرگەیە لە سنورەکانى کەرکوک.

هەرچەندە بەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگە پێشتر جەختیان کردەوە، کە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ گەڕاندنەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان. بۆ ئەوەش هاوپەیمانان پشتیوانیان دەکەن، بەڵام سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەوان تەنها پاڵپشتى لەو هێزانەى پێشمەرگە دەکەن کە موچە لەبەغدا وەردەگرن.

یەکێتی داوای “رێككەوتنی جددی” لەعێراق دەكات[٢]

مەلا بەختیار ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رۆژی دووشەممە  ٩-٤-٢٠١٨، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، پێویستە حكومەتی عێراق “بەجددی بێتە پێشەوەو رێككەوتنێكی جددی لەگەڵ هەرێم واژوو بكات، ئەوەش بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان”.

مەلا بەختیار راشیگەیاند، پێشمەرگەو ئاسایش هێزی دەستوری عێراقن‌ و، دەبێت رۆڵیان هەیە لە پاراستنی كەركوك‌ و ناوچەكانی تر، كە ئێستا لەژێر مەترسی‌ و هەڕەشەی داعشدان. گوتیشی ئەزموونی ئەم ماوەی رابردوو لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەر سەلماندی، كە پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

کۆبوونەوەکان بەردەوامن[٣]

رۆژی ٣١-٣-٢٠١٨ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ هێزەکانی پێشمەرگە، راگەیاند “کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک بەردەوامن”.

یەکێتی گەرەنتییان بە- بەغدا داوە[٤]

چەند سەرچاوەیەک ١-٤-٢٠١٨ رایانگەیاندووە، حکومەتی ناوەندی چەند مەرجێکی لەبەردەم هەرێمی کوردستان داناوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای کەرکوک.

سەرچاوەکان بە ئاژانسە عێراقییەکانیان راگەیاندووە ” قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق، هەتا ئێستا رەزامەندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرنەگرتووە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، ئەویش پاش کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامە کوردەکانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک”.

ئەعرەجی گوتوویەتی ”بۆچوونی خۆم لەو بارەیەوە دەدەمە حکومەتی ناوەندی، چونکە گەڕاندنەوەی پێشمەرگە پێویستی بە بڕیاری سەرۆکایەتی حکومەت هەیە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەک ”پەرلەمانتارانی یەکێتی گەرەنتی ئەوەیان داوە، کە لەکاتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک، ئەوا یارمەتیدەری پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا دەبێت لە رووبەرووبونەوەکانی داعش لە دوزخورماتو و داقوق”.

ئەو پەرلەمانتارە کوردانە پێشنیاری ئەوەیان کردووە، کە قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆ، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکبهێنێت و چەکدارەکانی داعش لە باشوری کەرکوک دووربخاتەوە. ئەویش بەڵێنی پێدان، کە ئەو پێشنیارانە بگەیەنێتە ئەنجومەنی وەزیران.

ناكۆكی لەبارەی میكانیزمی گەڕانەوە هەیە[٥]

رۆژنامەی حەیات، چاپی سعودیە لە رۆژی ٦-٤-٢٠١٨، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، کە هێشتا هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە كەركوك و لەوبارەیەشەوە تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە.

ئەو سەرچاوەیەك ئاماژەی بەوەداوە، کە ناكۆكی هەیە لەبارەی میكانیزمی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و هەروەها سرووشی ئەو ئەركەی پێی دەسپێردرێت. ئاماژەی بەوەداوە، كە بەغدا ئەو مەرجەشی هەیە، كاتێك ئەو هێزانەی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە كەركوك، دەبێت لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە فیدڕاڵییەكاندا بن.

دانانی بازگەی هاوبەش لە گەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق[٦]

قارەمان کەماڵ، فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لەم بارەیەوە دەڵێت، شاندێکی سەربازی ئەمریکای و بەریتانیا، لە گەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پرسی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان تاوتوێ دەکەن، یەک لەو ناوچەی، کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ کەرکوکە.

بە گوتەی ئەم بەرپرسە سەربازیە، شاندەکە رۆژی چوارشەممە گەیشتۆتە بەغدا و لە هەوڵدایە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنێ.

قارەمان کەماڵ دەشڵێت “مەبەست ئەوەیە، کە لیژنەیەکی هاوبەشی سەربازی لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکبهێنرێت. ئاماناج ئەوەیە، کە کۆمیتەیەکی هاوبەش یان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هابەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکبهێنرێت، بە تایبەت، کە ئەم دواییانە داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان سەری هەڵداوەتەوە.

قارەمان کەماڵ ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دانانی بازگەی هاوبەش لە گەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەپێی تێگەیشتنی هاوبەش، لە ئەولەوییەتی دانوستانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی سەربازی ئەمریکی ـ بەریتانییە.

لە کاتێکدا لایەنەکانی سەردانی ئەم شاندە سەربازیەی بەریتانیا و ئەمریکا، بۆ هەرێمی کوردستان ناڕوونە، بەرپرسانی بەغدا لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێست یان کاردانەوەیەکیان نەبووە.

دەبێ یەک دەزگای ئاسایشی هاوبەشی هەرێم هەبێ[٧]

موقەدەم فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رزگاری لە کەرکوک، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، لەبارەی گەڕانەوەی هێزەی ئاسایشی حکومەتی هەرێم بۆ کەرکوک رایگەیاند “مەرجی هاوپەیمانان بۆ گەڕانەوەی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکوک ئەوەیە، کە بەهاوبەشی وەک یەک هێزی تێکەڵ بگەڕێنەوە، نەک وەک ئاسایشی پارتی و یەکێتی.

بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رزگاری لە کەرکوک دەڵێت، لە ئێستادا زەحمەتە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هێزیکی هاوبەش و تێکەڵاو بگەڕێنەوە کەرکوک“هێچ کارێک بۆ ئەو مەسەلەیە نەکراوە و تەنیا گفتوگۆیە”.

ھیچ ھەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نەنراوە[٨]

رۆژی سێشەممە ١٧-٤-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران، پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا و رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی دیکە نەنراوە و ھیچ دانوستاندنێک بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە.

نابێت به‌ سۆزی خه‌ڵك یاریی بكه‌ن[٩

رۆژی پێنجشەممە ١٩-٤-٢٠١٨، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن لە پارێزگای كه‌ركوك، قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتڕاستده‌كاته‌وه‌، كه‌ گوتبووی رێكکه‌وتنێك نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شاری كه‌ركوک و گوتی “هیچ رێکكه‌وتنێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ کەرکوک نییە”. 

پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکوک، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن لەو پارێزگایە، داوای لەو لایەنانە کرد، کە به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک دەکەن، بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شاره‌كه‌ نه‌كه‌ن و خۆیان دووربگرن له‌ یاریكردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵك.

نەجمەدین کەریم گوتی “ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕیاریانداوه‌ به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن له‌ كه‌ركوك، نابێت به‌ سۆزی خه‌ڵك یاریی بكه‌ن كه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یان پێ قبوڵ بوایه‌ نه‌ده‌هاتن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن”.

دەبێ کەرکوک بکرێتە دۆزەخ لە داگیرکەران

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لیستی پارتی، لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان رایگەیاند، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەڵێم، خەڵکێک، کە کەرکوکی فرۆشتووە دەیەوێت ئیستغلالی ئەو بابەتە بکات، بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک رێککەوتن نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، گەڕانەوەی پێشمەرگە پەیوەستە بەوەی تەواوی هێزە سیاسییەکانی کەرکوک بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەست بە خۆپیشاندانی بکرێ و کەرکوک بکرێتە دۆزەخ لەو کەسانەی، کە بەشێوەی زۆرداری هاتوونەتە ناو کەرکوک.

ئەو هەوڵانەی داومانە شکست دەهێنێت

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، لە کاتێکدا ئەو مەترسییانە دەخرێتەڕوو، کەسانێک دەچن و دەڵێن، دۆخە ئارامە و کێشە نییە و بەو دۆخە رازین. هەروەها بوونیان لەوێ خۆی لە خۆیدا وادەکات، کە ئەو پرۆسەیە دوا بکەوێت. هەروەها جگە لە پارتی، لایەنەکانی دیکە بەم دۆخە رازین، ئیتر ئەمریکا بۆ هەوڵ بۆ ئەم گەڕانەوەیە بدەن. 

سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش گەڕانەوەی پێشمەرگە شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی “ئەو هەوڵانەی ئێمە داومانە شکست دەهێنێت، بۆ رەتکردنەوەی ئەو دۆخەی بەرسەر کەرکوکدا سەپێنراوە. هاوکات ئەمریکاش فشاری لەسەر بەغدا دروستکرد، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن تەواو بێت، هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستا روو نادات.

شەوان داعش باڵا دەستە

 لە بارەی گەڕانەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە هەرێمی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی “تائێستا باسی ئاسایش نەکراوە و تەنیا باس لە گەڕانەوەی پێشمەرگە کراوە. بوونی مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە زۆر راستە و لە سنووری دوبز شەو نییە هێرش نەکەنە سەر هێزە عێراقییەکان. ئاماژەی بەوەشدا، کە ئێستا لە حەویجە و دەوربەری وەک ساڵەکانی ٢٠٠٥ لە شەودا ئەوان باڵادەستن لە ناوچەکە. ئەمریکاش لەوە دەترسێت پاش ئەو هەموو راگەیاندن و خۆدەرخستنە، دووبارە داعش بێتەوە ناوچەیەک بگرێت، شکستێکی گەورەیە بۆ ئەوان و بۆ عێڕاقیش”.

ئەنجام 

بە لەبەر چاوگرتنی پێکهاتەکان و توانای هێزی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش، تەنیا رێگەیەک لەبەردەم دەمێنێتەوە پەرپێدانە بە رێککەوتنی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچە جێناکۆکەکان. بە پێچەوانە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت توندوتیژی پەرە دەستێنێ و ئەو کات کۆنتڕۆکردنی ئاسان نابێت. 

بە گوێرەی گوتەی شارەزایان، پێویست بوو کورد لە ناوچەجێناکۆکەکان هەڵبژادن بایکۆت بکات، و وەک کارتی فشار بەرانبەر بەغدا بەکاری بهێنایەت، بەڵام بەپێچەوانەوە بێجگە لە پارتی، هەموو لایەنەکانی دیکە بە بە بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ناڕاستەوخۆ رازی بوونیان لە دۆخەکە سەلماند، بەمەش قورسایی هەرێمی کوردستانی لە بەرانبەر بەغدا کەمتر کرد و پرۆسەی گەڕانەوەی پێشمەرگەی بۆ ئەو ناوچانە خاو کردەوە.

سەرچاوەکان

١ـ http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=99300

٢ـ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=112895

٣ـ http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=49007&babet=1&relat=1024

٤ـ http://milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=61288&T

٥ـ https://www.awene.com/2018/04/06/83807/

٦ـ http://www.nuche.net/?p=118390

٧ـ http://www.nuche.net/?p=118742

٨ـ http://www.nuche.net/?p=119586 

٩ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1804201816

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com