پارێزگاری سلێمانی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ بەغدا دەخاتەڕوو

0

نوچەنێت: تایبەت

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ٢٤-٤-٢٠١٨، شاندێكی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی پارێزگاری سلێمانی سەردانی بەغدا بكەن، بە مەبەستی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق. پارێزگاری سلێمانی-یش دەڵێت “ئامانجی سەردانەکەیان بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی، تایبەت بەسنوورەکەیان، لەوانە کردنەوەی مەرزەکانە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەبارەی ئامامجی سەدانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاند “بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ، تایبەت بە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەوانە بۆ کردنەوەی مەرزەکانی سنووری پارێزگاکە، بەتایبەتی کارکردنە لەسەر مەرزی پشتە و هاوشێوەکانی مەرزی پشتە”.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە کرد، کە ئامانجێکی دیکەی سەدانەکەیان، باسکردنە لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ پارێزگاکە. هەروەها بەدواداچوونی داوای کارمەندانی کارەبای هەدوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانە، کە دەیانەوێت هاوشێوەی دوو بەنداوەکە موچەیان بچێتە سەر موچەی حکومەتی فیدراڵی.

هەڤاڵ ئەبو بەکر گوتی “لەسەردانەکەیاندا بەدوادا چوون بۆ پارەی دانەوێڵەی جوتیاران و لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیرییش قسە دەکەین، بۆ کردنەوەی خانەی دەستنوسەکان و پشتیوانی ئەوان دەکەین لە پارێزگاکە”.

پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند “لەچوارچێوەی سەردانەکەمان، بۆ بەغدا قسە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی لەئێستاوە ئامادەسازی بکەین بۆ ئەو بارودۆخانەی، ئەگەریان هەیە لە ئەمساڵدا رووبدەن و بارودۆخی ئاوارەکانە لە پارێزگاکە نیشتەجێن”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت “یەکێکی تر لەو پرسانەی، کە دەمانەوێت باسی بکەین لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، قسەکردنە لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەکان، کە توانیومانە لەماوەی رابردوودا بە هەوڵی هەموو لایەک بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت بۆ پارێزگای هەڵەبجە بکەینەوە، هەروەها داواکاری ئەوەشمان هەیە بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت بۆ ئیدارەی راپەڕینیش بکەینەوە لە رانیە”.

ناوبراو روونیشیکردەوە، کە لەسەردانەکەیاندا، قسە لەسەر بواری کارەبا و چاککردنی کارەبا دەکەن. هەروەها قسە لەسەر لابردنی ئەو بازگانەش دەکەن، کە حکومەتی عێراقی دایناون لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی، بۆئەوەی کاری بازرگانەکان ئاسان بێت و ئەو گیر و گرفتانەی هەیە لەڕووی رێگاوبان و بازرگانیەوە چارەسەر بکرێت. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com