رێککەوتنی ئەتۆمی لە چاوەڕوانی ترەمپدا

0

نوچەنێت

گەورەترین شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی و شرۆڤەکارانی سیاس لە ئەمریکا، ئەم سەرۆکە بەکەسێک ناو دەبەن، کە رەفتارەکانی پێشبینی ناکرێت و ناکرێ وێنایەکی دروست و نزیک لە واقع لە بڕیارەکانی بکرێت. بەڵام رەنگە دیراسەی چەند نموونەیەک لە بڕیارەکانی یارمەتیدەر بن، تاکوو درکێکی دروست و لۆژیکی لە دنیابینی ناوبراومان هەبێت.

هەر چەند دۆناڵد ترەمپ، لە زۆربەی بابەتەکان تا وەکو ئێستا نێشانی داوە، رەفتارەکانی پێش بینی ناکرێت و ئەمەش تەنها تایبەت نییە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بەم پەیمانەوە دەبێت، ترەمپ بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئامادە نییە هەڵپەساردنی گەمارۆکانی سەر ئێران درێژ بکاتەوە و رێککەوتنەکەی بە کارەساتبار و خراپترین نموونەی رێککەوتن لە مێژووی ئەمریکا وەسف کردووە. ئەمانە هەمووی بە لایەک، بەڵام تاکوو ئێستا ئەوەمان لا روونە، کە ترەمپ ئەم بانگەشانەی کردەیی نەکردۆتەوە.

ترەمپ لەوەی، کە پێش بینی نەکراو نیشان بدرێ، چێژ دەبات و تەنانەت بە خاڵێکی بەهێزی خۆی دەزانێ، تاکوو ئیمتیازی زیاتر وەربگرێت. سێبتەمبەری ٢٠١٧ بوو، کە میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، فەرمانی بە یەکێک لە راوێژکارانی خۆی داوە بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە لایەنەکانی دانوستانکاری دۆسیەی کۆریای باکور، بە کەسێکی سەرشێت و پێش بینی نەکراوە وەسفی بکات.

لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی ترەمپ لەبارەی دۆسیە جیهانیەکان، تاکوو ئێستا هەر بەم شێوەیە بووە، بە جۆرێک، کە ئاستی ئاڵۆزی و تەنگژەکانی گەیاندۆتە بەرزترین ئاستی خۆی، تاکوو بە رێگەی هێنانەوە خوارەوەی ئاستی چاوەڕانیەکانی لایەنەی بەرامبەری، زۆرترین دەستکەوت و ئیمتیاز بۆ خۆی مسۆگەر بکات. هەر چۆنێک بێت لایەنەکە بۆچوونی ئەوە بوو، کە لە خاڵی مەترسی دوور کەوتۆتەوە و توانیویەتی لە گەڵ سەرشێتێک بگاتە رێککەوتن.

نموونەی زیندووی ئەم سیاسەتە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ بووە لە گەڵ سەرۆکی کۆریای باکور. ترەمپ تا رادەیەک چووە پیش، کە تەنانەت هەڕشەی لە ناوبردنی وڵاتی کۆریای باکوری کرد. بێ رێزی نەما بە سەرۆکی ئەم وڵاتەی کرد. رێکس تیلرسەنی سەرۆکۆنە کرد، کە بەرامبەر بەم وڵاتە نەرمی نواندووە. ئێستا دوای دوو ساڵ هەڕشە و گوڕەشە دەبینین، کە رەزامەندی دەربڕیوە، کە لە گەڵ سەرۆکەکەی راستەخو دانوستان و گفتوگۆ بکات. سەرۆکی دەزگای هەواڵگری راسپاردووە، کە راستەوخۆ سەردانی پیۆنگ یانگ بکات و لە گەڵ کیم جۆن ئۆن کۆبێتەوە. ئێستاش چاوەڕێ دەکرێ، بەم زووانە بۆ خۆی لە گەڵی کۆبێتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئایا ئەمە بەو واتایە دێت، کە هەڕەشە و هۆشداریەکانی ترەمپ بە نیسبەت رێککەوتنی ئەتۆمیش تەنها سیناریۆیە؟ ئایا دەکرێ چاوەڕێی پاشەکشەکردنی لە هەڵوێستەکانی پێشووی لێ بکرێت؟ ساویلکانەیە ئەگەر وابیر بکەینەوە، کە لە رۆژانی داهاتوو هەڵوێستی ترەمپ نەمتر بێت. چاوخشاندنێک بە دەوروبەری ترەمپ و راوێژکارانی، سەرەڕای هاوڕابوونی سعودیە و ئیسرائیل و ئەدای توندڕەوانەی کٶشکی سپی بە نیسبەت ئێرانەوە، ئەم راستیە دەردەخات. لە لایەکی دیکەوە سەرۆک ترەمپ، ئەم دۆخە وەک دەرفەتێکی مێژووی دەبینێ و وابیر دەکاتەوە، کە دەبێ هەموو هەوڵی خۆی بدات، تاکوو زەبرێکی بەژان لە دوژمنی هاوبەش بدات.

ئێستا ترەمپ بەر لەوەی بیر لە کاردانەوە و دەرهاویشتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە بکاتەوە، زۆزتر بیر لە قازانجەکانی ئەم بڕیارە دەکاتەوە. هەوڵی ترەمپ سڕینەوە و لە بیربردنەوەی میراتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە. نابێ نادیدەی بگرین، کە ئەم رێککەوتنە بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی باراک ئۆباما هەژمار دەکرێت. وێڕای ئەوەی، کە لە زۆربەی لێدوانەکانیدا ترەمپ باس لە لایەنی ماددی ئەم رێککەوتنە دەکات، پێیوایە نابێ پارە رادەستی ئێران بکرێت، ئەمەش دەریدەخات ترەمپ زۆرتر کەسێکی بازرگانە.

نابێ ئەوەش نادیدە بگیردرێ، نە رێکس تیلرسەنێک ماوە، نە جەنەڕاڵ ماک ماستەرێک، کە رێگرێک لە بەردەم ترەمپ دروست بکەن، جێگرەوەی ئەم دووە، مایک پەمپیئۆ و جۆن بۆڵتنن، کە لە لە رووی توندڕەوییەوە ناویان لە سەر زارانە و هاوتایان نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com