ئەمجارە تورکمانەکان نوێنەریان دەبێ؟

0

نوچەنێت

دابەشبوونی كاندیدە تورکمانەکان بەسەر حیزبە كوردی و توركمانی و عێراقییەكان، رەنگە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی نەتوانن نوێنەر بنێرنە بەغدا، کە لە ١٢-٥-٢٠١٨، هەڵبژاردن دەکرێت. پەرلەمانتارێكی بەرەی توركمانیش دەڵێت “ئەمجارە نوێنەریان لە پەرلەمان دەبێت و كاندیدەكانیان دەتوانن زۆرینەی دەنگی پارتە توركمانییەكان ببەن بەوانەشی، كە لە پارتییەوە نزیكن”.

هیچ توركمانێك نەگەیشتووتە پەرلەمان

توركمانەكانی هەولێر بە خەڵكی شاری هەولێر هەژمار دەكرێن و دەگوترێت ٥٠ هەزار دەنگدەریان هەیە و پێنج كورسی كۆتایان لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق كۆتایان نییە، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا هیچ توركمانێك لەسەر لیستی حیزبە توركمانییەكانی كوردستان، نەگەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ١٠ كاندیدی توركمان كێبڕكێ‌ لەسەر دەنگی توركمانان دەكەن، لەوانەش ٥ كاندیدی بەرەی توركمانی، چوار كاندیدی هاوپەیمانێتی نەسر و كاندیدێكیش لە لیستی پارتی.
 

تورکمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردن و پەرلەمان[١]

لە ١١ کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان ٥ کورسی بۆ نەتەوەی تورکمان تەرخان کراوە کە پێنج قەوارە کێبرکێیان لەسەر دەکەن و ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانیش بە کەم دەزانن.

 سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی، بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێ، نوێنەرایەتی تورکمان، کە ٥ کورسییە لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانی “کەمە و پێی رازی نین، چونکە گوزارشت لە تورکمان ناکا”. مەعروف دەڵێت، ئەگەر لە پەرلەماندا کورسی بەدەست بھێنن ئەوا کار دەکەن بۆ ئەوەی بەکردەیی تورکمان بکەن بە نەتەوەی دووەم لە ھەرێمدا ئەمەش بە “داواکردنی پۆستی سێ جێگرانی سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم، دیاریکردنی ھێمای تورکمان لە ئاڵا و سروودی نیشتمانی کوردستان، کە ھیچ ئاماژەیەکی بۆ تورکمان تێدا نییە”.

ئایدن گوتیشی “نزیکەی ٤٠٠ ھەزار تورکمان لە ھەرێمی کوردستان دەژین، کەچی تەنھا پێنج کورسیمان بۆ تەرخانکراون”.

بە ٥٠ هەزار دەنگدەرەوە کورسییان لە بەغدا نییە

لە هەولێر توركمان پێیانوایە، نزیكەی ٥٠ هەزار دەنگدەریان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە كورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بهێنن، ئەمجارەشیان ئەگەری هێنانی كورسی كەمە، بەهۆی دابەشبوونی كاندیداكانی توركمان بەسەر حیزبە توركمانی و ناتوركمانییەكاندا.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئایدن مەعرووف، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لەو بارەیەوە رایگەیاند “بەرەی توركمانی لە بازنەی هەولێر پێنج كاندیدی هەیە، بەڵام هەموویان كادری بەرەی توركمانی نین و یەكێكیان ئەندامی دەستەی زانایان و ئەوی دیكەشیان كادری حیزبی هەولێری توركمانە، بەڵام لەژێر یەك چەتردا كۆبوونەتەوە”.

ئایدن مەعرووف پێیوایە دەنگی توركمانەكان وەكو هەڵبژاردنەكانی رابردوو پەرتەوازە نابێت و دەڵێ “جگە لە بەرەی توركمانی، حیزبە توركمانییەكانی دیكە نە بەشدارن و نە كاندیدیان هەیە، ئەمەش وا دەكات دەنگەكانیان بۆ کاندیدەکانی بەرەی توركمانی بێت، تەنانەت دەنگی ئەو حیزبانەش بەدەستدێنین، كە لە پارتییەوە نزیكن”.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، دیار نییە دەنگدەری تورکمان چەند کەسە، چونکە سەرژمێری نەکراوە و بە دروستی نازانرێت.

کاندیدیان لە لیستی عەبادی هەیە

توركمانەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا نوێنەریان هەبێ، بەڵام دابەشبوونی كاندیدەكانیان بەسەر حیزبە كوردی و توركمانی و عێراقییەكان، لەوانەیە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی نەتوانن نوێنەر بنێرنە بەغدا،

بەگوێرەی زانیارییەکان، جگە لە كاندیدەكانی بەرەی توركمانی و پارتی، چوار توركمانی دیكە لە هەولێر، لە لیستی هاوپەیمانێتی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، لە هەولێر خۆیان کاندید كردووە.

سەرچاوە

١- https://aa.com.tr/ks/217410

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com