کێ لە پشت عەبادییە؟

0

نوچەنێت

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەردانی سلێمانی، هەولێری کرد و رایگەیاند، پەیوەندی کورد و عەرەبیش بەهێزە و بەردەوامیش دەبین لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “هەوڵ دەدات ئەو دەنگە ناڕازیانەی حزبی دەعوە لە رێگەی خۆیەوە کۆبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێران هاوکاری دەکات”.

هاوپەیمانی نەسر ٢٦ كاندیدی لە هەرێمی كوردستان هەیە

پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ٢٦-٤-٢٠١٨، دوای سەردانەکەی بۆ سلێمانی، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. لە گوتەیەکیدا لە ناو هۆڵی بانگەشەی لیستەکەی لە هەولێر عەبادی گوتی “هیچ شارێکی عێراق تەنیا یەک پێکهاتە و نەتەوەی تێدا نییە. هەموو شارە عێراقییەکان پێکهاتەی جیاوازیان تێدایە. پەیوەندی کورد و عەرەبیش بەهێزە و بەردەوامیش دەبین لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە”.

عەبادی بە کاندید و بەشداربوونی هۆڵەکەی راگەیاندووە “کاتێک یەکگرتووین، بەهێزترین”. “دەنگەکانتان بەهایان هەیە، دەسەڵات لە خەڵکەوە دێت نەک هێزە دەرەکییەکان”.

لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەك كورد لەنێو لیستە عەرەبییەكاندا جێگای خۆیان كردووەتەوە، ئەوەش وایكردووە لیستە عەرەبییەكان لەم رێگایەوە دەرگا بكەنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لەڕێگەی كاندیدانی كوردەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی كورد دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ٢٦ كاندیدی لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان هەیە، ٩ كاندید لە پارێزگای هەولێر‌، ١٠ی دیكە لە پارێزگای سلێمانی‌ و ٦ كاندیدیش لە پارێزگای دهۆكن.

ئێران هاوکاری عەبادی دەکات

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی ئامانجی عەبادی لەسەردانی بۆ پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان بە نوچەنێتی راگەیاند “عەبادی ئامانجی ئەوەیە بڵێ من حزبێکی سەرتاسەریم و تائیفی نیم، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان حزبی دەعوەیە و هەوڵ دەدات ئەو دەنگە ناڕەزاییانە لە رێگەی خۆیەوە کۆبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێران هاوکاری دەکات. هەندێک لە لیستەکەی نەتەوە و کەمایەتییە جیاوازییەکانی تێدا بێ، بەڵام دواجار کاتێک ئەو سیاسەتە کاریگەری دەبێت کە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بێ، لە کوردستان ئەوەندە خەڵکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری تێدا ماوە، کە تێبگات ئەوەی ئەو پێی هەستاوە چییە.

عەبادی زیاتر لە مالیکی دژی کوردە

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، دەیهەوێ ئەوەی تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی عێراق نایانەوێت دەستی بۆ ببەن، ئەو بیکات. هەروەها لەهەرێم زەمینەیەکی وایان بۆ فەراهەم کردووە، کە هیچ ترسی نەبێ. ئەوەی ئەوە کردی لە مێژووی نوێی عێراق لە دوای ٢٠٠٣، هیچ سەرۆکێک بەرانبەر هەرێمی کوردستان نەیکردووە. 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە، کە عەبادی زیاتر لە مالیکی دژی کوردە، مالیکی تەنیا موچەی بڕی بەڵام عەبادی خوێنی رشت و بودجەکەشی لە ١٧٪ بۆ ١٢.٦٪ کەمکردەوە و کۆمەڵێک پۆستی لەدەست کورد دەرهێنا لە دوای مالیکی، کە بە هەموو پێوەرەکان، لە مالیکی خراپترە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەدات، کە خەڵکێک لە هەرێمی کوردستانەوە پێیان گوتووە، کە مامەڵە لە گەڵ پارێزگاکاندا بکات. بۆیە ئەوان وایان کرد، کە عەبادی بە بچوک سەیری هەرێمی کوردستان بکات. ساڵی ٢٠١٦ هەموو رۆژێ کۆمەڵێک پەرلەمانتاری کورد دەیانگوت، نەوتی کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ عێراق، کەواتە ناڕاستەوخۆ ئەوەیان دەگەیاند عێراق بێت و کۆنتڕۆڵی بکات. ئەم جۆرە هەڵوێستانە رێگەخۆشکەر بوون بۆ عەبادی.

کۆتایی شەڕی داعش و دژایەتی گشتپرسی پێگەی عەبادییان بەهێزکرد[١]

گۆڤاری “ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری عێراق وێنەیەکی ئاڵۆزتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەو وڵاتە نیشاندەدات.

گۆڤارەکە پێیوایە، رکابەرایەتی سەرەکی لەم هەڵبژاردنەدا لەنێوان لیستەکەی حەیدەر عەبادی و لیستەکەی نووری مالیکیدا دەبێت، بەڵام هیچیان ناتوانن زیاتر لە یەک لەسەر سێی کورسییەکان بەدەستبهێنن، ئەمەش واتای ئەوەیە پێکهێنانی حکومەت پشت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دەبەستێت. 

بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، کۆتاییهێنان بە شەڕی دژی داعش و هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی لەبەرامبەر گشتپرسی باشووری کوردستان پێگەی عەبادییان بەهێزکردووە. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، عەبادی دەنگی زیاتر لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەعوە دەبات. دواتر، دەکرێت هەندێک دەنگدەری سوننە و شیعەی عیلمانی و کەمایەتی دەنگ بە لیستی “نەسر” بدەن و عەبادی ئاسانتر بتوانێت لەگەڵ لیستەکانی دیکەش بۆ پێکهێنانی حکومەت رێکبکەوێت. بەڵام مالیکیش دەتوانێت پشت بە لیستی فەتح و چەند رێککەوتنێکی دیکە ببەستێت بۆئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لە عەبادی وەربگرێتەوە.

ئەوەی کە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتەوە هەیە، ئیکۆنۆمیست پێیوایە ئەو پرۆسەیە چەند مانگێکی دەوێت و دەکرێت ئەوەش دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوابخات. 

دەرئەنجام:

بەهۆی ئەو رووداوانەی، کە لەماوەی رابردوو روویانداوە، بە تایبەتی سەرکەوتن بەسەر داعش و پشتیوانی ئێران بەتەواوەتی لە شێعەی دەسەڵاتدار و کاردانەوە توندەکانی حکومەتی ناوەند بەرانبەر هەرێمی کوردستان لەسەر گشتپرسی، و داگیر کردنی کەرکوک و یەک ریز نەبوونی کورد لەبەرانبەر ناوەند، غرۆرێکی زۆری بە عەبادی بەخشێوە و شەقامی عێراقیش تا ئەندازەیەکی زۆر پشتیان گرت.

بەڵام بە گوێرەی مێژووی عێراق، سەرکەوتن هەتاهەتایی بۆ هیچ لایەنێک نییە و تەنیا یان جیا بوونەوە و دابەش کردنی عێراق یان پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت دابەش بوون زاڵە و هۆکارەکەشی ئەو عەقڵیەتە خۆسەپێنەیە، کە تەنیا پشت بە هێز دەبەستێت (مەنتقی هێز).

سەرچاوەکان:

١ـ http://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/220420187

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com