رۆلی ئێڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق

0

نوچەنێت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٤ ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت. شیعە و کورد و سوننە ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم هەڵبژاردنەن. مەیدانی سیاسی عێراق بە بەراورد لە گەڵ چوار ساڵی پێشوو گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتاووە. گومانێک لەوە دانییە، کە عێراقی دوای داعش نابێتە عێراقی بەر لە سەرهەڵدانی ئەم گروپە.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم جارەی عێراق ٧٠ حزب و گروپی شیعە ٥٠ گروپی سوننە و  پێنج لایەنی کوردی بەشدارن. لە سەر ئەم بنەمایە کۆمەڵێک هاوپەیمانی شیعە، سوننە و کوردی هاتوونەتە کایەوە، پرسیار لێرەدایە، لە عێراقی دوای داعش کام هاوپەیمانی چارەنووسی ئەم وڵاتە بە دەستەوە دەگرێت؟

لە کاتێکدا ئەم هەڵبژاردنانە ١٢ی مەی بەڕێوەدەچێت، کە ترسی ئەوە هەیە، کە سوننەکان لەم قۆناغە، کە بە قۆناغی دوای داعش دەناسرێتەوە، کاریگەریان بە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق کەم بێتەوە و کوردیش پەراوێز بخرێت، دوای ئەوەی، کە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە. لە راستیدا ترسی گەوەرە ئەوەیە، کە ئێران ببێتە ئەندازیاری سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە و پێکهاتەی شیعە زیاتر لە رابردوو جومگەکانی دەسەڵات و ىریاری ئەم وڵاتە پاوان بکات.

الملائکە، شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم بارەوە رای وایە، کە ئێران سەربازی نفوز و کاریگەری بە سەر لایەنە شیعەکان، تەنانەت کاریگەری بە سەر سوننە و کوردیشدا هەیە.

بە گوتەی ئەم شارەزایە، هاوپەیمانێتیەکانی شیعە لە لایەن نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و هادی عامری، سەرکردەی ناسراوی حەشدی شەعبی، رابەرایەتی و ئاراستە دەکرێن. ئەم شارەزایە پێی وایە، کە ئێران هەر جٶنێک بێت پشتیوانی سەرجەم لایەنە شیعەکان دەکات، بەڵام زۆرترین جەختی لە سەر هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحە. هاوکات پشتیونای لە گروپی مالیکی دەکات و تەنانەت عەبادی لە چواڕچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی پێناسە دەکات.

بۆ یەمەین جار سەدریەکان کە ٣٤ کورسی پەرلەمانیان بە دەستەوەیە، لە گەڵ چەپەکان،کۆمۆنیستەکان و سیکۆلارەکان هاوپەیمانییەکیان لە ژێر ناوی”سائرون للاصلاح” پێکهێناوە و ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێ  گۆڕانێک لە ریزبەندی هێزەکانی عێراقی بهێنێتە ئاراوە.

کەم بوونەوەی رۆڵی سوننەکان

ئەگەر چی زیاتر لە ٥٠ حزب و قەوارەی سوننە بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە دەبن و هاوپەیمانییەکیان پێکهێناوە، بەڵام لە قۆناغی دوای داعش دۆخ و پێگەیان لاوازتر بووە.

سوننەکانی عێراق، کە نیشتەجێی رۆژئاوای ئەم وڵاتەن،تەنها پێکهاتەیەکن کە سەرسەختانە لە دژی نفوز و ئامادەبوونی ئێران لەم وڵاتە وەستاونەتەوە و نایانهەوێ، کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستوەرادن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان بکات.

لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی گشتیی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، وێڕای ١٠ حزبی دیکە بەشداری ئەم هەڵبژاردنانە دەبن.

پێدەچێ رۆڵی ئەمریکا دوای کشانەوەی هێزەکانی لە وڵاتە لاوازتر بووە و ترەمپ نایهەوێ لە کاروباری ئەم وڵاتە دەستوەردان بکات و ئەم دەستوەردانەش لە بەرەژوەندی وڵاتەکەی خۆی نابینێ. لەم سۆنگەوە چاوەڕووان دەکرێ ئەمریکا ئەکتەری یەکلاکەرەوەی ئەم گەمە سیاسیە نەبێت.

لە روانینێکی گشتی چاودێران پێیان وایە، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئێستاوە قابلی پیش بینییە و گروپە شیعەکان براوەی ئەم هەڵبژاردنەن.

دکتۆر حەسەن هاشـیمان بۆچوونێکی دیکەی هەیە. هاشمیان، کە شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەڵێت: هەلومەرجی سیاسی و فەزای گواستنەوەی زانیاری لە عێراق بە پێی راپۆرتی هەواڵنێرانی بێ سنوور ئیدەئال و لە دۆخێکی باشدا نییە، هەر جەند بە بەراود لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی رابردوو دۆخەکە باشتر دێتە بەرچاو.

هاشمیان دەشڵێت: هەڵبژاردبەکانی عێراق ئەم جارە بە شێوازی ئەلەکترۆنی بەڕێوە دەچێ و ئەنجامەکانی دوای چەند کاتژمێر رادەگەیێندرێ. چیدی گروپ و لایەنەکان وەک رابردوو ناتوانن ساختەکاری بکەن و ئەمەش لە خۆیدا جۆرێکە لە پاراستی تەندروستی ئەم هەڵبژاردنانە.

هاشمیان لە بارەی لایەنە شیعەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنانە دەڵێت:شیعەکان بە سەر سێ دەستەی گەورە دابەش دەبن:گروپی حەیدەر عەبادی لە حزبی دەعوە کە سەرکردایەتی بەرەیک دەکات بە ناوی بەرەی نەسر.لە بەرامبەردا گروپی مالیکی کە گەلێک لاواز بووە و هێزی جارانی نەماوە و خەڵکی عێراق لێی ناڕازین.هەر بۆیە زۆرینەی شیعەکان عەبادییان خستۆتە ئەولەوییەتەوە.ئەمەش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە،لە دەسەڵاتدایە و لە شەڕی دژ بە داعش سەرکەوتوو بووە.

بە گوتەی هاشیمان عەبادی هەڵگری گوتارێکە لە سەرەوەی فیرقە و مەزهەب و لە لیستەکەشیدا کاندیدی سوننە و غەیرە شیعە دەبیندرێ.

گروپی سێهەم، حەشدی شەعبییە کە هاوپەیمانی فەتحی پێکهێناوە و لە لایەن هادی عامری سەرکردایەتی دەکرێ کە بەستراوە بە ئێرانە و لە لایەن قاسم سولەیمانییەوە ئاراستە دەکرێ. حەشدی شەعبی لە هەوڵدایە، کە بابەتی سەرهەڵدانەوەی داعش وەکوو کارتێک بەکار بهێنێ و بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە داعش کاندید و دەنگدەرەکانی عێراقی دەکاتە ئەمانج و تیرۆریان دەکات. ئەم جۆرە لە بانگشە و پڕوپاگاندا لە بەرژەوەندی حەشدی شەعبی و داعشە، هۆکارەکەی روونە، بە شێک لە سوننەکان دەنگ نادەن و دواتر ئەوەی، کە حەشدی شەعبی بانگەشەی بنەبڕکردنی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەم گروپە دەکات.

بەشێکی زۆر لە سوننەکان بە هۆکاری هێرشی داعش و دۆخی جەنگ، کارتی پێناس یان ناسنامەیان نییە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم هەڵبژاردانانە بە شێوەی ئەلەکترۆنی وبە گوێرەی کارتی نیشتمانی بەڕێوە دەچێت. نزیک بە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارەی سوننە بوونیان هەیە، کە زۆبەیان کارتی پێناس و ناسنامەیان نییە.

بە بۆچوونی هاشمیان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەی باڵای شیعەکانی عێراق دەستوەرادن لەم هەڵبژاردنانە ناکات، بەڵام ناراستەوخۆ پاڵپشتی لە عەبادی دەکات. سیستانی دەستی ئێران و حەشدی شەعبی خوێندۆتەوە، چون بە باشی تێگەیشتووە  دروشمەکانی ئەم دوو لایەنە بۆ کەڵکوەرگرتن لە  هەل ومەرجی دوای داعشە. بۆچوونە گشتییەکە باس لە سەرکەوتنی عەبادی دەکات.

شانسی عەبادی زۆرترە

خاڵێکی گرنگی جێی سەرنجی شارەزایان ئەوەیە، کە هادی عامری، کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی فەتح دەکات و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێ، لە کاتێکدا پێی ناوەتە مەیدانی هەڵبژاردنەکانەوە، کە تەنگژە و ململانێی ئەمریکا و ئێران توندتر بۆتەوە. ئەمریکا پێشتر ئامادە نەبووە، کە هادی عامری، وەک وەزیری ناوخۆی عێراق قبووڵ بکات، چ بگاتە بەوەی، کە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێ. هەر بۆیە فاکتەرە دەرەکیەکان لەم گەمە سیاسیە دەوری تایبەتیان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە روانگەی سیاستانی بۆ پشتیوانی کردنی لە عەبادی لە گەڵ واقع دەگونجێ، هەر جۆنێک بێت عەبادی لە ئێران نزیکە و هاوکات جێی پەسەندی ئەمریکیەکانە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com