رێککەوتن بەبێ ئەمریکا

0

نوچەنێت

دوای ئەوەی، کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چیدی ئەمریکا پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نابێ و یەکلایەنە لێی دەکشێتەوە، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە دەستبەجێ هەڵوێستی وەرگرت و رایگەیاند “لە ماوەی رۆژانی داهاتوو لە گەڵ وڵاتانی دیکەی لایەن لەم رێککەوتنە، دەکەونە دانوستان و گفتوگۆوە، تاکوو هەڵسەنگاندن بۆ  مانەوە یان نەمانەوەیان لەم رێککەوتنە بکەن”.

بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ دۆخێک لە ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئەزموونی کردبوو. بەم بڕیارەی ترەمپ، گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران جارێکی دیکە دێنە کایەوە.

گرنگترین ئەو وڵاتانەی، کە ئێران هەوڵ دەدات وەک لایەنی ئەم رێککەوتنە بمێننەوە، سێ وڵاتی ئەوروپی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیایە، وێڕای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. ئێران بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکەی دابین و مسۆگەر بێت، دەبێ گرەنتی لەم وڵاتانە وەربگرێ. بۆ وێنە رێگەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەوروپا دەبێ کراوە بمێنێت، کە فەرەنسا گەورەترین کڕیاریەتی. گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەیر باس و ئەی تی ئاڕ، بە ئێران گرەنتی بکرێ. رێککەوتنی نەوتی نێوان ئێران و کۆمپانیای توتاڵ، کە بە گەورەترین گرێبەستی ئابوری ئێران لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی هەژمار دەکرێ، چاوەڕوانیەکی دیکەی ئێرانە، کە دەبێ تیایدا بەردەوام بێت.

گرەنتی کردنی ئەم گرێبەستانە بۆ وڵاتانی ئەوروپی زۆر ئاسان نییە. لە بواری نەوت و گاز، لە گەڵ گەمارۆ و گوشارەکانی ئەمریکا بەرەوڕوون. دانانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کە لە ئەنجامی رێککەوتنەکە هەڵپەسێرابوون، کێشەیەکی گەورەی بەردەم ئێران و ئەوروپیەکانە. تەنها دوای چەند کاتژمێر لە بڕیارەکەی ترەمپ، ستێڤن منۆچین، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی دوو کۆمپانیای بوئینگ و ئەیرباس، بۆ فڕۆشتنی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بە ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە.

کۆمپانیای ئاسمانی ئێران ئەیر، دوای ئەوەی، کە رێککەوتنی ئەتۆمی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، داواکاری خۆی بۆ کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی ئەیر باس و ٨٠ فڕۆکەی بوئینگ خستەڕوو.

کۆی ئەم گرێبەستانە ،دەبێ مۆڵەتی فەرمی ئیدارەی ئەمریکای لە سەر بێت. چونکە بەشێکی زۆری پارچەکانی ئەم فڕۆکە نەفەرهەڵگرانە، دەبێ لە لایەن ئەمریکاوە دابین بکرێن.

بە پێی لێدوانی وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، لە دوای ٩٠ رۆژی دیکە، مۆڵەتی هەناردەکردنی فڕۆکە و پارچە و خزمەتگوزاریەکان بەم دوو کۆمپانیا نادەن بەم پێیە سەرجەم پەیوەندیە بازرگانیەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی لە ژێر هەڕەشەی گەمارۆ و سزاکانی واشنتۆن دایە.

ئەم رێککەوتنە دوو لایەنی دیکەی هەیە، واتا روسیا و چین. ئێران لەم ساڵانەی دوایی لە رووی سیاسی، سەربازی و تەنانەت ئابوری پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ مۆسکۆ گرێ داوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە خودی روسیا لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکا لە ژێر گەمارۆدایە. داهاتووی ئەم پەیوەندییانەش لە ئێستاوە ناڕوونە.

ئێران هەروەها لە گەڵ چین پەیوەندییەکی باشی گرێ داوە، دوای ئەوەی، کە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆی لە سەر کرا. چین وێڕای ئەمریکا لە داڕشتنەوەی راکتۆری ئاوی قورسی ئەراک بەشدار بووە. راکتۆری ئەراک بە هۆی بەرهەمهێنانی پۆلۆتنیۆم، کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار دەبردرێ، یەکێک بووە لە خاڵە جددی و جێ ناکۆکەکانی ئێران و کۆمەڵگای جیهانی. ئێران لە ئێستاوە دەبێ بیر لە بەردەوام بوونی ئەم پڕۆژەیە لە لایەن چین بکاتەوە. گرەنتی کردنی کرێنی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە، داواکارییەکی دیکەی ئێرانە.

ئێڕان لەم قۆناغەدا چاوەڕوانی لە لایەنەکانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئەوەیە، کە وەک ئەمریکا مامەڵەی لە گەڵ نەکەن. ئەگەر ئێران بتوانێ ئەم خاڵانە بۆ خۆی گرەنتی بکات، بە کردەوە رێککەوتنەکە بەبێ ئەمریکا لە جێی خۆی دەمێنێتەوە. بەدەر لەم حاڵەتە، چاودێران پێیان وایە، کە سێ بژاردەی لە بەردەمدایە.

یەکەم: مانەوەی تەواو لە رێککەوتنەکە، واتا سنووردارکردنی کاروباری ئەتۆمی و بەردەوام بوونی هاوکاریەکانی لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و هاوکات بوونی گەمارۆکانی ئەمریکا. ئەم بژاردەیە روحانی بەرەوڕووی توندڕەوەکان دەکاتەوە.

دووەم: جێبەجێکردنی بەشێك لە رێککەوتنەکە، واتا سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و بەردەوام بوونی هاوکارییەکانی لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. ئەم بژاردەیە لە لایەن گروپە توندڕەوەکانی ناوخۆوە پێشوازی لێناکرێ. چونکە پێیان وایە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، باری ئەمنی هەیە و رێگە بە چاودێری و کۆنتڕۆڵی لایەنی دەرەکی نادەن.

سێهەم: کشانەوەی یەکجاری لە رێککەوتنەکە، واتا گەڕانەوەی بۆ هەلومەرجی پێش رێککەوتنەکە و دەستپێکردنەوەی سەرجەم چالاکیە ئەتۆمیەکان، ئەمەش گوشاری زیاتری ئەمریکای بەدواوە دێ و پاساوێکی گونجاوە بۆ کەسانی وەک جۆن بۆڵتۆن، کە بیر لە بژاردەی سەربازی لە دژی تاران بکەنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com