بۆ شیعەکان ناکۆکن؟

0

نوچەنێت

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی مەی، لە بابەتێکدا وێڕای ئاماژەدان بە هەڵبژاردنی رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق، نووسی “ئەم هەڵبژاردنە دوو بەرەکی و ناکۆکی نێوان حزب و لایەنە شیعەکانی دەرخست”.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی شەرقولئەوسەت، ئەم ناکۆکی و جیاوازیانەش، پرسی پێکهاتنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، کە بڕیارە کابینەی حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبێنێت، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەمە بەو مانا دێ، کە ئەم پرسە لە گەڵ گرفت و کێشەی گەورە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

رۆژنامەکە لە درێژەی بابەتەکەی نووسیویەتی: لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی جیهان، هەر حزب و لایەنێک، کە زۆرترین دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، کاروباری پێکهێنانی کابینەی نوێ دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام لە عێراق گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەبێ لە گەڵ دووەمین حزبی براوە، کابینەی نوێ پێکبهێنن، لە کاتێکدا رێژەی ئەو کورسیانەی، کە براوەی یەکەم بە دەستی هێناوە، بە بنەما وەرناگیرێ.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤، کە ٩٢ کورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد، ناچار بوو لە گەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، کە تەنها خاوەنی ٣٠ کورسی بوو، هاوپەیمانی پێکبێنێ و وەک گەورەترین هاوپەیمانی براوەی هەڵبژاردنەکان و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، سەرۆکوەزیرانی دیاری بکات و کابینەی حکومەت پێکبێنی.

بابەتی فراکسیۆنی گەورەتر دەگەڕێنەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ی عێراق، رێک ئەو ساڵەی، کە هاوپەیمانی العراقیە بە سەرکردایەتی ئەیاد عەلاوی، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. هاوپەیمانی العراقیە، لەو ساڵەدا بە ٩١ کورسی بەرامبەر بە رکابەرەکەی واتا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی، سەرکردایەتی دەکرد و توانیبووی ٨٩ کورسی بباتەوە، سەرکەوت. بەڵام مالیکی بە رێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە گەڵ حزبێکی شیعە، توانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بێنێتە کایەوە و سەرۆکوەزیران دیاری بکات و دواجار کابینەی حکومەت پێکبهێنێ.

چاوێرانی سیاسی پێیان وایە، کە بابەتی فراکسیۆنی گەورەتر بۆتە هۆکارێک تاکوو لە قورسایی و بەهای سەرکەوتنی حزب یان هاوپەیمانییەک، کە دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکان و زۆرترین دەنگەکان دێنێتەوە، کەم بکاتەوە. لە بەرامبەردا ئەو حزبانەی، کە زۆرترین دەنگەکانی پەرلەمانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە، دەبنە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و سەرۆکوەزیران و کابینەی حکومەت یەکلا دەکەنەوە.

ایاد العنبر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کوفەی عێراق، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە: بابەتی فراکسیۆنی گەورەتر لە ئەنجومەنی نوێی عێراق لە گەڵ جۆرێک لە دوودەستەیی و ناکۆکی نێوان شیعەکان بەرەوڕوویە. چونکە هاوپەیمانی نێوان دوو باڵی حزبی دەعوە واتە مالیکی و عەبادی و هەروەها هاوپەیمانی مالیکی لە گەڵ دوو رەوتی حەکیم و سەدر، ئەستەمە و لە گەڵ کۆمەڵێک گرفت بەرەوڕوویە. هەر بۆیە بابەتی فراکسیۆنی گەورەتر چیدی مەوزووعیەت نابێ و ئەگەریش هەبێ گەلێک ئەستەمە بگاتە ئەنجام. لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی لە نێوان مالیلی، عەبادی و سەدریش، پرسیاری گەورەی لەبەردەمدایە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com