یەکێتی باس لە هۆکاری زیادبوونی کورسییەکانیان دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەراوردی دەنگەکانی ئێستای یەکێتی بکەین بەدەنگەکانی پێشووتری زیادی نەکردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان متمانەی زیاتری خەڵکەکەی بۆ گەڕاوەتەوە.

رۆژی شەممە  ‌١٢-٥-٢٠١٨، هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانیش، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایانگەیاند، ساختەکارییەکی زۆر بە تایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا کراوە و هەموو ئەنجامێکی هەڵبژاردنێکیان رەتکردەوە، دواتر پارتی-یش رایگەیاند “لە سلێمانی ساختەکاری کراوە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەسیفی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو کاتێک بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی تا ئێستا کراوە ڕازی بووە، ئەوکاتانەشی کەمترین دەنگ یان زۆرترین دەنگی هێناوە، لەدوای ئەوەی کۆمسیۆن بڕیاری کۆتایی داوە لەسەر ئەنجامەکان ئێمە هیچ گرفتێکمان نەبووە و بە ئەنجامەکەی ڕازیبووین، سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی تەواو پابەندی بوونە”.

سەبارەت بەهۆکاری زیادبوونی دەنگەکانیشیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مەسیفی گوتی “ئەگەر بەراوردی دەنگەکانی ئێستای یەکێتی بکەین بەدەنگەکانی پێشووتری، زیادی نەکردووە، بەڵام یەکێتی متمانەی زیاتری خەڵکەکەی بۆ گەڕاوەتەوە و ئەوەی ئێستا هەبووە دەنگی پێداوەتەوە”. 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی هۆکاری کەمبوونی دەنگی لایەنەکانی دیکەی زۆنی سەوزی گەڕاندەوە بۆ پەرتەوازەیی لایەناکان خۆیان و دەشڵێت “پەیام بەڵێنەکانی ئەو لایەنانە لە ڕابردوودا، دیارە جێگای متمانە نەبوونە و دروستبوونی هاوپەیمانی و نەوەی نوێش دەنگی ئەو لایەنانەی پەرتەوازە کردووە، پەیامەکانی نەوەی نوێ دەنگی ئەو لایەنانەی بردووە، هەروەها لەدەنگی ئێمەشی بردووە”.

گوتیشی “ئەگەر هاوپەیمانی لەیەکێتی جیانەبوایەتەوە، ئەوا لە دهۆک بەدڵنیاییەوە ئەگەر دوو کورسییمان نەبردایە کورسییەکمان دەبرد و دەنگەکانمان لە دهۆک پەرتەوازە نەدەبوو، ئەو جیابوونەوەیە نەبووایە لەوانە بوو دەنگەکانی یەکێتی ٢٣ کورسی تێنەپەڕاندایە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com