روونکردنەوەی یەکیتی لەسەر رووداوەکانی سلێمانی

0

نوچەنێت

مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونکردنەوەیەک لەبارەی دۆخی کەرکوک و “هێرشی سەربازی” بۆ سەر گۆڕان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت “سەراپای ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەكەینەوە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا”.

لە روونکردنەوەکەی یەکێتیدا هاتووە: گۆڕان نامەی فەرمی بۆ نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان ناردووە، گوایە یەكێتی بەنیازە پەلاماری سەربازییان بدات. لە كاتێكدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەكەینەوە، لەهەمان كاتدا لە حكومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا.

سەبارەت بە كەركوكیش، یەكێتی داوا دەكات “ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی دیکە قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش، كۆمسیۆنی باڵا بەپێی یاسا و رێسای پەسندكراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بكات”.

دەقی روونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی:

جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان

دوو ڕۆژە هەڵبژاردن كۆتایی هاتووەو بەرە بەرە، ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، ڕادەگەیەنرێ.

یەكێتی وەكو هەمیشە، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی زۆرتر و چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی كەمتریان لە لیستی (١٦٢)هێناوە مامەڵە دەكات.

ئەوەی جێی داخە لامان، نەك پڕوپاگەندە، بەڵكو نامەی ڕەسمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراوە، گوایە، یەكێتی بەنیازە پەلاماری عەسكەریان بدات. لە كاتێكدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە، لە هەمان كاتدا، لە حكومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا.

هەرگیز یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان، هانا بۆ هێز نابات. هەردەم یەكێتی لەناو شۆڕش و لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەرگری لە خۆی كردووە. بەرگریش مافی پیرۆزە، ئەو كێشەیەی لەسەر تەتەڵەی دەنگەكانیش بە ئامێری ئەلیكتڕۆنی كەوتۆتە ئاراوە، یەكێتی هەڵوێستی ڕۆشنە.

مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا ، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەكردنەوەی دەنگەكان بدات، یان ناكرێ، ، سلێمانی یان كەركووك بكرێتە قوربانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی چەند لایەنێكی سیاسی.

سەبارەت بە كەركووكیش، یەكێتی داوا دەكەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی تری عێراق، قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش با كۆمسیۆنی باڵا، بەپێی یاساو ڕێسای پەسندكراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، دانیشتوان و پێكهاتەكانی كەركووك، سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی ئاسایش لە شارەكەدا، ئەركی دیموكراسی خۆیان جێبەجێ كردووە. هەقوایە، ڕێز لە هیمەت و دڵسۆزی دانیشتوانی كەركووك بە كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان بگیرێ، نەك بۆ ئامانجی حزبایەتی ، ڕەنج و ماندووبوونی خەڵك، فەرامۆش بكرێ.

ئەی جەماوەری كوردستان و عێراق

وا دوا ئەنجامی هەڵبژاردن ساغ دەبێتەوە. ئیتر كاتی وەلانانی ناكۆكییەكان و داخستنی دەرگای قۆناغی پێش هەڵبژاردن و كردنەوەی دەروازەی قۆناغی نوێی ئێستایە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانمان لە عێڕاقی دوای سەركەوتن بەسەر بەسەر داعش و لە كوردستانی فیدڕاڵدا.

هەموو لایەكیش دەزانن، كە یەكێتی، بە نەخشە دەنگەكانی دابەزیوەو ئەندامانی پەڕلەمانیشی كەمی كردووە، بەڵام جگە لەڕێگای یاسایی و ئسوڵی، هیچ كاردانەوەیەكمان نەبووە. 
بەهیوای سەركەوتن

مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
١٥/٢/٢٠١٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com