بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشە لە بەرپرسێکی کۆمسیۆن دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

گوتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، بزووتنەوەی گۆڕان بۆ زیادكردنی دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەك لە كەركوك، هەڕەشەی كوشتنی لە سەعید كاكەیی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵا كردووە. بەرپسێکی گؤڕان-یش دەڵێت “بڕواناکم هەڕەشەی لەوشێوەیە کرابێت”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، لەبارەی هەڕەشە لە نوێنەری بزووتنەوەکەی لە کۆمسیۆن، رایگەیاند “هەندێک گلەیی جددیی و چاوەڕوانی لە هەڵوێست وەرگرتنی ناوبراو هەبوو، بەڵام بۆ بابەتی هەڕەشە ئێمەش بیستوومانە، گوایە بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی لێکردووە، لەو بروایەدا نییم، کە راست بێت”.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت، ئێمە تائێستا هەڕەشەمان لەکەس نەکردووە و نایشیکەین لەوانەیە لایەنی دیکە بۆ مەبەستی سیاسی بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەڕەشەی لێکردبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧-٥-٢٠١٨، كەریم تەمیمی، گوتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە میانی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلشەرقیە) گوتوویەتی “ئەو هەڕەشەیەی لە كۆمسیارەكەمان كراوە، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بووە، پێیان گوتووە دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەكیشمان لە كەركووك بۆ زیاد بكە، دەنا دەتكوژین”.

تەمیمی لە دیمانە تەلەڤزیۆنییەكەدا گوتی “با هەموو گەلانی عێراق گوێیان لێ بێت، دكتۆر سەعید لەنێو كۆمسیۆندا گریاوە لە ترسی ژیانی خۆی، لێمان پرسیوە چیمان پێدەكرێ بۆت بكەین و چۆن یارمەتیت بدەین؟ دكتۆر سەعیدیش لە وەڵامدا گوتی گۆڕان زیادكردنی دوو كورسی لە سلێمانی و كورسییەكیشی لە كەركووك لێ دەوێم”.

سەعید كاكەیی كە پێشتر ڕاوێژكاری مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە بووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانیش، وەك نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بووە، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە ئەگەر كورسییان بۆ زیاد نەكات لە پەرلەمانی نوێی عێراق.

دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە، كە هەڕەشە لەسەر ژیانی سەعید كاكەیی، ئەندامی كۆمسیۆنەكەیان هەیە و لەلایەن حزبێكی سیاسی دیاریكراوەوە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.

كۆمسیۆن رایگەیاندبوو ئەو لایەنە ناسراوە كە هەڕەشەی لە ئەندامانی كۆمسیۆن كردووە، داواشی لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كردبوو گیانیان بپارێزێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com