پێگەیەکی ئەمریکی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکات

0

نوچەنێت

گۆڤاری ئەمریکی فارین پاڵیسی، بە ئاماژەدان بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، تیشکی خستۆتە سەر ئەو کاندیدانەی، کە بە ئەگەری زۆر دەبنە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە.

فارین پاڵیسی لە بابەتەکیدا پەردەی لە سەر رکابەرایەتی ١٠ کاندید لاداوە، کە ئەگەری هەیە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرن.

بە گوێرەی ئەم پێگە ئەمریکیە، حەیدەر عەبادی لە ریزبەندی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران پلەی یەکەمی هەیە، هەر چەند، کە هاوپەیمانی ناوبراو پلەی سێهەمی هەڵبژاردنەکان مسۆگەر کردووە.

عەبادی تەمەن ٦٦ ساڵە، ئەندازیاری کارەبا و خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ لە دایک بووە. ساڵی ٢٠١٤ بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرامبەر بە دراوسێکانی عێراق سیاسەتێکی نەرم و نیانی گرتە بەر، بە تایبەتی لە پەیوەندییەکانی بەغدا و تورکیا.

دووەم کاندید، کە چانسی بوون بە سەرۆکوەزیرانی هەیە، عەلی دواییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە، پارێزگای  پارێزگای هەژار و دواکەوتووی میسانە لە باشوری عێراق. یەکێکە لە کاندیدەکانی موقتەدا سەدرە، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و لە لایەن لیستەکەیەوە پشتیوانی لێدەکرێ. دوایی بە کەسێکی شەفاف و خاوەن پێگەی جەماوەری دەناسرێتەوە و تێکەڵی چینی کرێکار و خەڵکی هەژارو دەست کورتە.

هادی عامری، تەمەن ٦٣ ساڵە لە پارێزگای دیالە، یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران هەژمار دەکرێ. لە فەرماندەیەکی سەربازی گۆڕاوە بۆ پیاوێکی سیاسی. شارەزایان پێیان وایە چانسی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بەڵام زۆرتر پێی خۆشە لە ئێستادا لە سێبەر بمێنێتەوە و کاندیدێکی دیکە بۆ ئەم پۆستە بناسێنێت.

علی عبدالامیر علاوی، ٧٠ ساڵە لە بەغدا، یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە، کە ناوی لە سەر زاراندایە. ناوبراو زۆرتر لە لایەن نوخبەکانی بەستراوە بە رۆژئاوا پشتیوانی لێ دەکرێ و خوێندنی باڵای لە زانکۆ هاوروارد تەواو کردووە.

نوری مالیکی، یەکێکی دیکە لە کاندیدەکانە و سەر بەحزبی دەعوەیە. ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە. عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی مالیکی، لە رووی مەعیشەتی و دارایی و ژێرخانییەوە، دۆخێکی باشتری بووە. بە گوێرەی فارین پالیسی، مالیکی پلەی چوارەمی لە ریزبەندیەکە هەیە.

صالح الحسناوی، ٥٨ ساڵە و وەزیری پێشووی تەندروستی عێراق، لە دایکبووی کەربەلا و کەسێکی تەکنۆکرات و سەربەخۆیە و لە لایەن رەوتی سەدر پشتیوانی لێدەکرێ.

عادل عەبدولمەهدی، تەمەن ٧٦ ساڵە و لە لایەن ئێران و ئەمریکیەکانەوە پشتیوانی لێ دەکرێ.

ئەیاد عەلاوی، تەمەن ٧٤ ساڵە، یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە، کە ناوی دێ و لیستەکەی ٢٢ کورسی مسۆگەر کردووە، کە بە بەراورد لە گەڵ هەڵبژاردنی پێشوو کەمی کردووە.

تارق نەجم، ٧٢ ساڵان و لە دایکبووی پارێزگای زیقارە و سەر بە حزبی دەعوەیە. بەرپرسی نووسینگەی مالیکی و پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤، ناوی بۆجێگری نوری مالیکی لە ناو ناواندابوو.

ضیاء الاسدی، تەمەن ٤٩ ساڵ و لە پارێزگای بەسرە، سەر بە رەوتی سەدرە و شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی ئینگلیزی هەیە و پردی پەیوەندی رەوتی سەدر و میدیاکان بووە، بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ چینی هەژاری ئەم وڵاتە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com