روانینێک بۆ پرۆسەی چاکسازی لە سعودیە

0

نوچەنێت

کاتێک هەواڵی رێگەپێدان بە ژنانی سعودیە بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بڵاو بووەوە. ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران ئەم بڕیارەیان گرێدا بە گوشاری دەرەکی. بۆچوونێک هەبوو، کە پێی وابوو ئەم ریفۆرمە کۆمەڵایەتیانە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەرەکین. ئەم جۆرە تێڕوانین و شرۆڤانە رەهەندەکانی ئەم چاکسازییە روون ناکاتەوە. کە واتە پرسیار ئەمەیە: هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم چاکسازیانە کامەنانە؟

لە کاتێکدا کەسایەتیە ئایینییە توندڕەو و وەهابیەکانی سعودیە، بە توندی دژایەتی ئەم ئازادیانە دەکەن، بۆ چی رێگە بە ژنان دراوە مافی لێخورینی ئۆتۆمبێل و چوون بە یاریگا و کۆنسێرتەکانیان هەبێت؟

مەسەلە لە راستیدا جۆرێکە لە زەروورەت، هەر چی زیاتر دژایەتی بکرێ، تێچووەی زۆرتری بۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی سعودیە بەدواوە دەبێت. ئەم زەروورەتە لە کوێوە هاتووە؟ راستیەکەی ئەوە گوشارەکان بۆ سەر ژنانی سعودیە زیاتر لەوەی، کە هۆکارێکی ئایینی و ئیسلامی هەبێت، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پیاو سالار و عەشیرەیی عەرەبەکان. ئەم نۆرمە پیاوسالارانەیە، دواتر خۆی لە چوارچێوەی فتوا و کۆمەڵێک رێوشوێنی ئایینییدا بینیوەتەوە و شەرعییەتی پێدراوە.

بە دەستپێکی گۆڕنکاریە کۆمەڵایەتیەکان و پەرەسەندنی بابەتی پەروەردە و شارنشینی و بەرزبوونەوەی داهاتی سەرانە، بە هۆی فرۆشتنی نەوت، پرۆسەکە ئاراستەیەکی جیاوازی بەخۆوە گرت. پیاوانی سعودیە، هەکات لە گەڵ چوونە سەری پلەی خوێندەوارییان، چیدی نەیاندەتوانی لە گەڵ ژنانی نەخوێندەوار بحاوێنەوە.

سیستەمی پیاوسالار، جەختی لە سەر ئەوە بوو، کە مامۆستای کچان و پزیشکان و پەرەستاری کچان، دەبێ لە رەگەزی خۆیان بن، لەم رووەوە ژنان بەرە بەرە چوونە ناو پرۆسەی خوێندنی باڵا. ئەم دەستپێکەش بەس بوو تاکوو داواکاری ژنان بۆ مەسەلەی بەرابەری و یەکسانی بێتە کایەوە و لە دژی سیستەمی پیاواسالار بجووڵێنەوە و بەرەبەرە خواستی خۆیان بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی بهێننە ئاراوە.

کێشەیەکی گەورەتری سعودیە، بازاڕی کاری ئەم وڵاتەیە. سعودیە بە هۆی داهاتی لەرادەبەدەری نەوت، پرۆسەیەکی پێشکەوتنی ئابوری ئەزموون کردووە و لەم رووەشەوە پێویستی بە هێزی کاری فراوان هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیان دا هێزی کار لە دەرەوەی وڵات هاوردە بکات. هێنانی هێزی کار چەند گرفتی بەدواوە بوو، یەکەم ئەوەی، کە داهاتی ئەم وڵاتە رەوانەی دەرەوەی دەکرا. دووەم دەرهاویشتەی سیاسی و ئەمنی هەبوو. سێهەم ئەوەی، کە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی پێشبینی نەکراوی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کەلێنی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگای سعودیە ئەم وڵاتەی تا سنووری لەبەریەکهەڵوەشانەوە بردووە و هەستێک لێوانلێو لە نایەکسانی و ناعەداڵەتی لەم کۆمەڵگایە پێکهێناوە. لە سۆنگەیەکی دیکەوە، ئەگەر پرۆسەی کرانەوە بە رووی ژنان نەیەتە ئاراوە، پلانەکانی ئەم وڵاتە بۆ چاکسازی و ریفۆرمی بنەڕەتی مومکین نییە سەرکەوتن بەدەست بهێنێ. کۆی ئەم هەلومەرجە وای کردووە، کە زەرورەت و پێویستی گۆڕانکاری لە سعودیە پاساوهەڵگر بێت.

محەممەد بن سەلمان، کەسێکی دیاری سعودیەیە، کە دەتوانێ وڵاتەکەی لە سیستەمێکی نەریتی بەرەو وڵاتێکی مۆدێڕن ئاراستە بکات.

هەر بۆیە بە رێگەی چاکسازی لە ناوخۆ هەوڵی جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی هەیە و هاوکات چاوی لە سەر شەرعییەتی نێودەوڵەتییە.

ئەمریکا لە ئامادەکردن و داڕشتن و پێشخستنی ئەم پرۆسەیە، دەوری کاریگەری هەیە. زۆریەک لە ژوورە فیکرەکان و کاربەدەستانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، کە سعودیە لە دۆخی ئێستادا ناتوانێ هاوپەیمانێکی هەمیشەیی ئەمریکا بێت لە ناوچەکە.

بە پێی ئەو پاکێجە چاکسازییەی، کە سعودیە جەختی لە سەر دەکاتەوە، دەبێ کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسایی بۆ باشترکردنی دۆخ و مافەکانی ژنان جێگیر بکرێن. لەم پاکێجەدا جەخت لە سەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێتەوە، بە مانا گشتییەکەی.

لە روانگەی چاودێرانی سیاسی، لە پشتەوەی پرۆسەی چاکسازی سعودیەکان، کۆمەڵێک هۆکاری ستراتیژی بوونیان هەیە. پلانی بن سەلمان، کە بە سەندی رۆئیای ٢٠١٣ دەناسرێتەوە، بە پێی راپۆرتی تینک تانک (ژووری فیکر)ی برۆکینگز ،لە ژێر کاریگەری ئەنیستیتۆی راویژکاری مەک کینز، بۆ مۆدێڕنکردنی سعودیە ئامادە کراوە.

بە پێی ئەم بەڵگەیە، بەستراوەیی ئابوری سعودیە بە نەوت، دەبێ تا ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی پێ بێت و کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بێتە کایەوە. بەم هۆیەش ناکرێ لە هێزی کاری ژنان چاوپۆشی بکرێت، کە نیوەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایە پێکدێنن. هەر بۆیە بە فەرمی ناسینی مافەکانی ژنان، دەبێ لەم روانگەیەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

بن سەلمان، هەروەها بانگەشەی گەڕانەوەی سعودیە بۆ ئیسلامی میانەڕەو دەکات و دەڵێت: ٧٠%ی دانیشتوانی سعودیە تەمەنیان لە خوارەوەی ٣٠ ساڵە. هەر بۆیە بەڵێنی داوە، کە چارەنووسی ئەم خەڵکە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیکە، ناکرێ رادەستی بۆچوون و ویستی توندڕەوانە بکرێت.

کرارێنس رودریگز، نووسەر و رۆژنامەنووس، کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە سعودیە ژیانی بردۆتە سەر، بە دەنگی ئەمریکای گوتووە: “بە هۆی دابەزینی بەهای پەتڕۆڵ، سعودیە لە گەڵ قەیران بەرەوڕووە و هەوڵ دەدات وەبەرهێنانی دەرەکی راكێشی ئەم وڵاتە بکات”.

بە گوتەی رودریگز، راکێشانی سەرمایە و  وەبەرهێنان، پێویستی بە چاکسازی کۆمەڵایەتی و بەشداری پێکردن ژنانە لە پرۆسەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە.

ئەگەرچی پرۆسەی چاکسازی سعودیە، لە گەڵ پێشوازی ناوخۆ و کۆمەڵگای جیهانی بەرەوڕوو بۆتەوە، بەڵام لە ناوخۆش کۆمەڵێک دژبەر و نەیاری هەیە، کە گرنگترینیان ئیسلامیە توندڕەوەکانن.

لە رووی دەرەکییەوە، خاڵی جێێ سەرنج ئەوەیە، کە پەیڕەوکردنی ئیسلامی میانەڕەو لە سعودیە، لە درێژماوە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە لاوازبوونی پێگەی ئیسلامیە توندڕەوەکان. ئەم چاکسازییەی سعودیە هاوکاتە لە گەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەک رکابەرێکی سەرسەختی سعودیە. وڵاتێک، کە پرۆسەی ریفۆرم تیایا شكستی هێناوە.

هاوتەریب لە گەڵ چاکسازی سعودیە لە رووی کەلتوری و کۆمەڵایەتییەوە، بن سەلمان لە رووی ئابوری و سەربازیشەوە پلانی ریفۆرمی هەیە، کە کەمتر سەرنجی میدیاکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەنجامەی ئەم چاکسازیانە بێ گومان کەمتر لە چاکسازیە کۆمەڵایەتیەکان نابێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا ئەم گۆڕانکاریانە بواری سیاسییش دەگرێتەوە؟ ئەم چاکسازیانە چ کاریگەرییەک لە سەر سیاسەتی ناوچەیی و پێگەی ئەم وڵاتە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دادەنێت؟ پرسیارێک، کە بێ گومان وەڵامەکانی پەیوەستن بە تێپەڕینی کات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com