مۆسکۆ پشتی ئێران بەردەدات؟

0

نوچەنێت

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی رابردوو ٢٩ی مەی، لە سەر زاری سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بڵاوی کردەوە، کە تەنها سوپای سوریا بۆی هەیە لە سنوورەکانی باشوری ئەم وڵاتە جێگیر ببێت. لێرەدا مەبەستی لاڤرۆڤ درێژایی سنوورەکانی سوریا و ئیسرائیلە.

لاڤرۆڤ گوتیشی: چوونەدەرەوەی هێزی سەربازی وڵاتانی بیانی لەسەر رێککەوتنی دوو لایەنە دەبێت. ئەم هەواڵانە دوای ئەوە دێ، کە رۆژانی رابردوو دەنگۆی گفتوگۆی ژێربەژێر و پشتپەردەی روسیا و ئیسرائیل بڵاو بووەوە.

تێکشکانی داعش لە سوریا و ئامادەبوونی بەهێزتری راوێژکاران و هێزەکانی ئێران و چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنان لەم وڵاتە، نیگەرانی و هەستیاری زیاتری ئیسرائیلی بەدواوە بووە، بە تایبەتی، کە ئەم هێزانە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە سنوورەکانی دیکەی ئیسرائیل جێگیر کراون.

ئەم هەستیاریە تەنانەت کاردانەوەی توندی سەربازی و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سوریا و کردنە ئامانجی بنکە و پێگە سەربازیەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان، لە سەر خاکی ئەم وڵاتە بە دواوە بووە. ئیسرائیل بەوەش نەوەستا و لە ماوەی رابردوودا زنجیرە هێرشێکی بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس ئەنجام داوە.

وەک کاردانەوە بەرامبەر بەم هێڕشانەی ئیسرائیل، باس لەوە کرا، کە ئێران دەیان موشەک و رۆکێتی ئاراستەی بنکە سەربازیەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کردووە. تەنانەت سەید حەسەن نەسروڵڵا، هۆشداری دایە ئیسرائیل و رایگەیاند “لە ئەگەری بەدەوام بوونی ئیسرائیل لە هێڕشەکانی، ئەم جارە تەل ئەبیب دەکرێتە ئامانج”.

رۆژی رابردووش، ژمارەیەک لە راگەیەنەکانی ئیسرائیل، لەوانە رۆژنامەی هائارتێز ئاشکرایان کرد، کە تەل ئبیب زنجیرە گفتوگۆیەکی چڕی لە گەڵ روسیا ئەنجام داوە، تاکوو ئێران ناچار بکرێ تا مەودای ٦٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە.

بە پێی راگەیەنەکانی ئیسرائیل، ئیسرائیلیش بەڵێندار بووە لە ئەگەری کشانەوەی ئێران لە سنوورەکانی، چیدی هێرش نەکاتە سەر سوریا و هەوڵی لاوازکردن و خستنی رژێمی بەشار ئەسەد نەدات. بە گوێرەی زانیارییەکان، مۆسکۆ ئەم پێشنیارەی ئیسرائیلی بە پێشنیارێکی مەعقوول وەرگرتووە و رایگەیاندووە، کە دیراسەی دەکات.

بەڵام تاکوو ئێستا روون نییە، کە ئایا ئێران ئامادەیە ئەم پێشنیارە قبووڵ بکات یان نا، لە راستیدا هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵی سەربەخۆ، ئەم رێککەوتنەی پشتڕاست نەکردۆتەوە. بەڵام ئەگەر لێدوانەکانی لاڤرۆڤ بە پێوەر وەربگرین بەدیار دەکەوێ، کە روسیا رەزامەنی و رای کۆتایی خۆی لە سەر ئەم پێشنیارەی ئیسرائیل دەربڕیوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێست و کاردانەوەی سوریا جێ سەرنجە؛ ئەوەی، کە ئایا سوریا ملکەچی ئەم پێشنیارە دەبێ یان سەربەخۆیانە بڕیاری خۆی دەدات، ناڕوونە و دەبێ چاوەرێی هەڵوێستی دیمەشق بین لە رۆژانی داهاتوودا.

پڕ ئاشکرایە، کە پێگە و نفووزی روسیا لە سوریا بە رادەیەکە، کە رژێمی بەشار ئەسەد ناتوانێ بیر لە بەدیل یان حاڵەتێکی دیکە بکاتەوە، مەگەر ئەوەی ملکەچی ئەم بڕیارەی روسیا بێت، بێجگە لەم حاڵەتە، بژاردەیەکی ئاسانتری لەبەردەم نییە.

لە ماوەی رابردووشدا، بەرپرسانی روسیا و یەک لەوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا باسیان لە كشانەوە سەرجەم هێز بیانیەکانی ئامادە لە سەرخاکی سوریا کرد، بە تایبەت، کە بە روونی ئاماژەیان بە ئێران و حزبوڵڵای لوبنان کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی تارانی بەدواوە بوو.

گریمانە دەکرێ، روسیا لە هەوڵدایە بەرەبەرە لە شەریک و هاوبەشێکی سوریا بگۆڕدرێ بۆ فاکتەرەێکی یەکلاکەرەوە و بڕیاردەر لە پرۆسەی دوای داعش لە سوریا. هەر بۆیە لە هەوڵدایە بە راوێژ و دانوستان لە گەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا و تەنانەت سعودیە و قەتەر، داهاتووی سوریا و رۆڵی ئێران لەم وڵاتە وێنا بکات. ئەوەی، کە رۆڵی ئێران لە سوریا و ئەنجامی ئەم دانوستانانە چی لێدێ و دواتر هەڵوێست و دژکردەوەی ئێران چۆن دەبێ، پەیوەستە بە کاتەوە. بەڵام گومان لەوە دا نییە، کە کەلێن و ناکۆکی نێوان روسیا، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان، لە لایەکی دیکەوە رۆژ بە رۆژ ئاشکراتر دەبێت. بە دووریش نییە، کە ئێران بێ دەنگی هەڵبژێرێت. هەر چەند پێناچێ مۆسکۆ، ئێران بە تەواوی و یەکجار لە سوریا نادیدە بگرێت.

لە دانوستانە ئەتۆمیەکانیش دەرکەوت، کە روسیا کایە لە گەڵ ئێران دەکات، لە لایەک بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی ئێران پەسەند دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە خۆی وەک دۆستی ئێران جێ دەخات. لێرەدا پرسیار لە سەر کایەی روسیا و متمانەی ئێرانە بەم وڵاتە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com