جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی دواخرا

0

نوچەنێت: تایبەت

کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵەكان جارێکی دیکە دواخرایەوە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری حکومەتەوە دواخراوە”.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵەكان لە ماوەی رابردوودا لە پەرلەمانی كوردستان پەسندكرا، بەڵام کاردانەوە و ناڕەزایەتی تووندی لێکەوتەوە، بۆیە فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ 9 فراكسیۆنی دیكە ‌و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌ و كۆمەڵ‌ و یەكگرتوو بەجیا، داوای گەڕاندنەوەی پڕۆژەیاساکەیان كرد بۆ پەرلەمان و دواتر گەڕێندرایەوە.

لەوکاتەوە نزیکەی سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی فراکسیۆنەکانەوە پەسندنەکراوە. رای جیاوازی فراکسیۆنەکان لەبارەی ماددەكانی (3 ‌و 8‌ و 11)ی پڕۆژەیاساکە بوو کە باسی پرسەکانی خانەنشینی ‌و موچە ‌و دەرماڵەكان دەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوە پەرلەمان راگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەکان کۆبوونەوە بۆ ئامادەکاری بۆ دانیشتنی سبەی سێشەممە، لەلایەن حکومەتەوە داوای دواخستنی دانیشتنەکە لە پەرلەمان کراوە، بۆیە کۆبوونەوەکە دواخرا.

شوان ئەحمەد دەڵێت “لە پڕۆژەیاسای چاکسازی هەر بڕگەیەک رەهەندی دارایی هەبێ دەبێ نوێنەری حکومەت (وەزیری دارایی) ئامادەی ئەو دانیشتنە بێت. ئەو دانیشتنەش پێویستی بە حکومەتە و بەبێ بەشداری حکومەت نابێ، بۆیە پەرلەمان جارێکی دیکە دوایخست”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com