دیداری مێژوویی ترەمپ و کیم جۆنگ ئۆن

0

نوچەنێت

کۆبوونەوە مێژووییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە سەنگاپوور بەڕێوەچوو و لە دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو سەرۆک خۆشحاڵی خۆیان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دەربڕێوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 60 ساڵە ئەمریکا و کۆریای باکوور ناکۆکن و گرژییان هەیە. لە سەردەمی باوک و باپیری کیم و سەرجەم سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا لە ماوەی 68 ساڵی رابردوودا کۆبوونەوەی لووتکەی لەو جۆرە نەکراوە.

کۆبوونەوەکە لە هۆتێلی کاپێلا، لە دوورگەی سێنتۆسای سەنگاپوور بەڕێوەچوو. کیم و شاندی کۆریا، حەوت خولەک پێشتر گەیشتنە هۆتێلەکە و دواتر ترەمپ و شاندە باڵاکەی ئەمریکاش گەیشتن.

ئەمڕۆ سێشەممە 12-6-2018، کۆبوونەوەی یەکەم کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد و 45 خولەکی خایاندا. ئەو کۆبوونەوەیە دووقۆڵی بوو لەنێوان ترەمپ و کیم و بە کورتیش قسەیان بۆ میدیاکان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەیاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی “هەست بە خۆشحاڵی دەکەم. گفتوگۆی زۆر باشمان دەبێت، پێموایە سەرکەوتنێکی گەورەیە و شانازییە بۆ من. پێموایە پەیوەندییەکی زۆر باشمان دەبێت، گومان لەوە نییە”.

کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکووریش گوتی “بە ئاسانی نەگەیشتووینەتە ئەم خاڵەی ئێستا تێیدان، بەربەستی زۆر هەبوون، بەڵام بەسەر بەربەستەکاندا زاڵبووین و گەیشتینە ئێرە، چاویشمان لە داهاتووە”.

دوای کۆبوونەوەکە دووقۆڵییەکە، کۆبوونەوەی شاندی هەر دوو وڵات بە سەرۆکایەتی ترەمپ و کیم و ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەش کیم رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ “بە سەرەتایەکی باش” دەستیانپێکردووە، هیواخوازبوو ئەو سەرەتایە ببێتە هۆی لێکتێگەیشتنی زیاتر و “خۆیان بەدووربگرن لە هەڵەکانی رابردوو”.

لەبارەی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی لەگەڵ کیم، ترەمپ لەسەر مێزی کۆبوونەوەی فراوانەکە گوتی “زۆر زۆر باش بوو. ئەمڕۆ شانازییەکی گەورەیە لەگەڵ تۆین، دەزانم پێکەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنین. پێکەوە کێشەی گەورە چارەسەر دەکەین، کە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون”. 

لە کۆبوونەوەکاندا کیم بە ئینگلیزی چەند وشەیەک لەگەڵ ترەمپ قسەی کرد و گوتی “خۆشحاڵم بە یەکدی بینینمان، بەڕێز سەرۆک”.

ترەمپ چاوەی لەوەیە کۆریای باکوور دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ببێت. کۆریای باکووریش دەیەوێ لەڕێگەی دیپلۆماسییەتەوە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەری کەمبکاتەوە، کە باری ئابووری وڵاتەکەی لەوپەڕی خراپیدایە.

دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانی واشنتن و پیۆنگیانگ چەند جارێک ئاڵۆزبوون، بەجۆرێک ترەمپ لە توویتەر و کیم لە تاکە تەلەڤزیۆنی وڵاتەکەوە لێدوانی تووندیان دژی یەکدی دەدا. ترەمپ کیم جۆن ئوونی بە “پیاوی مووشەک و قەڵەو” ناودەبرد. کیم-یش بە ترەمپ-ی دەگوت “پیاوە پیرەکە”.

کیم جۆنگ ئوون-ی تەمەن 35 ساڵ، کە دەسەڵاتی لە باوک و باپییریەوە بۆ ماوەتەوە، لەماوەی حەوت ساڵی دەسەڵاتیدا گەورەترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردووە. لەماوەی چەند مانگی رابردوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین، سەرۆکی کۆریای باشوورهەبوو. ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قۆناخێکی نوێی مێژووییان دەستپێکرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com