پەرلەمانتارێک: عێراق بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەڕوات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا رایدەگەیەنێت، کە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەی ئێستا عێراق پێدا تێپەڕدەبێت کارێکی ئاسان نابێت.

لە دوای هەڵبژاردنی ١٢-٥-٢٠١٨ عێراقییەکان چاوەڕێیان دەکرد وڵاتەکەیان پشوویەک وەرگرێت، دوای ئەو هەموو ڕووداوانەی لەعێراقدا ڕوویاندا، بەڵام بەهۆی ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی هەڵبژاردنەوە عێراق کەوتووەتە بەر دەم مەترسی بەریەک کەوتنێکی ناوخۆی.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ڕێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. لەدوای ئەو ڕووداوانەی کە دوای هەڵبژاردن ڕوویانداوە رایگەیاند “ئێمە پێشتریش گوتوومانە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەی ئێستا عێراق پێدا تێپەڕدەبێت کارێکی ئاسان نابێت، چونکە گۆڕانکاری سیاسی زۆر گەورە لە عێراق درووست بووە، ئەو هەموو ماوەیە، کە حزبی دەعوە لەسەر حکوم بووە و هەموو ئاراستەکان لە بەرژەوەندی ئەوبووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ١٢حوزەیران گۆڕانکاری بەسەر ئەو ئەنجامەدا هات”.

سەبارەت بەرووداوی سوتانی کۆگاکەی کۆمسیۆن لە بەغدا رێناس جانۆ گوتی “بڕواناکەم ئەمە کۆتا کێشە و ڕووداو بێت لە عێراق، چاوەڕوان دەکرێت پێشهاتی دیکە بێنەپێشەوە، ئەمەش وادەکات رۆژ لەدوای ڕۆژ کێشە و گیروگرفتەکان زیاتر بێت، بۆیە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاسان نابێت و کاتی دەوێت، عێراق بەو هەموو دەستتێوەردانەی هەیە بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەڕوات”.

پەرلەمانتارەکەی پارتی پێیوایە، قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسان نابێت، بەوپێیەی عێراق وڵاتێکی تەواو دیموکراسی نییە، کە بە ئاسانی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات قبوڵ بکرێت، جونکە هەموویان بە مافێکی سرووشتی خۆیان دەزانن ئەم دەسەڵاتە بۆ بمێنێتەوە و هەر لەدەستی خۆیان بێت.

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق بووەتە ساحەیەکی کراوە بۆ وڵاتانی هەرێمی و دڵنیایی دا لەوەی دەستوەردان لەسەر هەموو ئاستەکان هەیە و گومانیش دەکات لەوەی، کە دەستوەردان هەبووبێ لەسەر بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی هەڵبژادنەکان.

هەروەها دەڵێت “بڕیارەکانی پەرلەمان کاریگەری زۆر دەبێت لەسەر قوڵکردنەوەی قەیرانەکانی عێراق، لەبەرئەوەی بڕیارەکانی پەرلەمان تانە لێدانێکی یەکجار زۆربووە، بەشیکی زۆر لەو بڕیارانەش، کە دراون، رەنگە بڕیاری سروشتی نەبن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، بەشێکی زۆر لەوانەی لە هەڵبژاردنەکەی ١٢ حوزەیران دۆڕاون بەشداری ئەو ئەو کۆبوونەوانە بوونە و ئەمەش گومانی ئەوە دەکرێت، هەوڵێک بێت بۆ گەڕانەوەی خۆیان پێشئەوەی بەرژەوەندی گشتییان لەبەرچاو بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com