هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دەربازبوونی عێراق لە قەیران

0

نوچەنێت: رووداو

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكەين، کە هەوڵی دەربازبوون لەو قەیرانە و رزگارکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەدات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان گوتی “پارتی دیموكراتی کوردستان و گەلی كوردستان هەوڵی دەرچوون لەو قەیرانە دەدەن كە هەڕەشە لە كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكات”.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی كوردستان دەڵێت، پشتگیریی پارتەکەی دەربڕی بۆ دەستپێشخەرییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و رایگەیاند “پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری هەر هەنگاو و دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ هەوڵی دەرچوون لەو حاڵەتە سیاسییە ناسەقامگیرە لە عێراق و گەڕانەوە بۆ كاركردن لەسەر بنەمای دەستوور و كاركردن بە یاسا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان”.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بە دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت “ئەگەر دەستپێشخەرییەكەی دكتۆر حەیدەر عەبادی ، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەبێتە هۆی دەستپێكردنی گفتوگۆی جیدی لەپێناو دامەرزاندنی هاوپەیمانییەتێكی فراوان و ، لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا بتوانێت زۆربەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە چارەسەر بكات كە عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە ، ئەوە پێشوازی لێكراوە”.

هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت “ئێمەش چاومان لەوەیە بۆ ئەم مەبەستە دوای كۆتاییهاتنی پشووی جەژن گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانە لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستپێبكرێت لە پێناو ئەو ئامانجە”.

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ، لیستە براوەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و لە هەرێمی کوردستانیشەوە سەرەتا پارتی و یەکێتی بە دووشاندی جیاواز چوونە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا سەدر ، حەیدەر عەبادی ، نووری مالیکی ، هادی عامری و لیستەکانی دیکەی عێراق کۆبوونەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو موقتەدا سەدر ، سەرۆکی لیستی سائیروون ، هاوپەیمانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی لیستی فەتح راگەیاند و پێشتریش لەگەڵ رەوتی حیکمە و هاوپەیمانی وەتەنییە هاوپەیمانییان واژۆکردبوو کە پێدەچێت دوای پشووەکانی جەژنی رەمەزان هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چڕتر بکرێنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com