پەیامێک لە دەمیرتاشەوە

0

نوچەنێت

دەمیرتاش لە نوێترین پەیامیدا رایدەگەیێنێ، نەک 20 مانگ، بەڵکو 20 ساڵیش لە زیندان بێت چۆک بۆ دەسەڵات دانادات. لەبارەی هەڵبژاردنیش داواکارییەکی لە خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا هەیە.

شەوی 4-11-2016، هاوسەرۆکانی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و 10 پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستگیرکران، تاوەکو ئێستاش 9 یان لە زینداندان.

دەمیرتاش دووەم جارە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا خۆی کاندید بکات، ناوبراو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا لە ساڵی 2014، بەرامبەر ئەردۆغان خۆی کاندیدکرد و توانی 10%ی دەنگەکان بهێنێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی یەکشەممە 17ی حوزەیرانی 2018، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە زیندانی ئەدیرنەوە، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 24ی ئەم مانگە رایگەیاند “ده‌رفه‌تێكی زۆر گرنگمان‌ لەبەردەستە، پێویسته‌ سوودی لێ وه‌ربگرین و به‌ ده‌نگێك هه‌موو شتێك ده‌گۆڕدرێت”.

هەروەها راشیگەیاند “بڕیاری ئێوه‌ بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی و نه‌وه‌ی داهاتوو گرنگه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ ئه‌ردۆغان و ئاكپارتی بده‌ن، چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی تاكه‌ كه‌سێك. قه‌ده‌ری 81 ملیۆن كه‌س ده‌درێته‌ ده‌ستی تاكه‌ كه‌سێك، ده‌ستكه‌وته‌ دیموكراسییه‌كان كۆتایی پێدێت و وڵاتێكی سته‌مكار ده‌بێت”.

دەمیرتاش بە ئاماژەکردن بەوەی “ئه‌و زوڵمه‌ی ئێستا ده‌یبینن، هێشتا سه‌ره‌تایه،‌ به‌ڵام به‌ ده‌رچوونی (ئەردۆغان) ئه‌وسا ده‌ستپێده‌كات”. راشیگەیاند “سه‌یریان مه‌كه‌ن زۆر لاواز و بێده‌سه‌ڵات بوونە و پێویستیان به ‌ده‌نگێك هه‌یه‌”.

دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە، کە “20 مانگه‌ به ‌بڕیارێكی تاكه‌كه‌سی له‌ زینداندام و ته‌نیا دوو جار منیان بردووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌م كراون ته‌نیا ئه‌و وتارانه‌ن‌، كه‌ ئاراسته‌ی ئێوه‌م كردوون، تاكه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ش ئەوەیە، کە ئاكپارتی لێم ده‌ترسێت، من چۆكم بۆ ئه‌ردۆغان دانه‌دا، بۆیه‌ لێم ره‌نجاوه‌ و توڕه‌یه‌”.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، کە ئه‌گه‌ر دادگا سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن بووایه‌، بەدڵنیاییەوە ئازاد دەکرا. گوتیشی “ده‌كرا ئازادکرابام،‌ به‌ڵام به‌هۆی گوشاری سیاسییەوە له‌ زیندانم”.

کاندیدی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، کە تاکە کاندیدە لە زیندانەوە بانگەشە دەکات، لە پەیامەکەیدا رووی لە ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند “من له‌ ژووره‌وه‌م به‌ڵام دڵنیام هه‌ڵمه‌تێكی باش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، 20 مانگ نا، بەڵکو 20 ساڵیش له‌ ژووره‌وه‌ بم، چۆكیان بۆ داناده‌م و گوێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌وانه‌ ناده‌ین، كه‌ هه‌ڕه‌شی له‌سێداره‌دانمان دەکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com