هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ململانێێ سەر شەقام

0

نوچەنێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای ١٥ ساڵ لە حوکمڕانێتی و دەسەڵاتی بێ هاوتای لە پانتای سیاسەتی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤-٦-٢٠١٨، لە گەڵ کێشەیەکی گەورە بەناو هەڵبژاردن بەرەوڕوو دەبێتەوە.

دەنگدەرانی تورکیا، ئەمڕۆ بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

براوەی ئەم هەڵبژاردنە بە پێی دەستوری هەموارکراوی تورکیا، کۆمەڵێک دەسەڵات و ئیختیاری جێبەجێکاری نوێی بە دەستەوە دەبێت.

هەرچەند رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە پێی دوایین بەراورد و راپڕسییەکان، پێشەنگی ئەم هەڵبژاردنانە هەژمار دەکرێ، بەڵام موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی کۆماریخوازی گەل، لە ماوەی رابردوودا لە گەڵ پێشوازیەکی گەرمی کۆمەڵگای تورکیا بەرەوڕوو بۆتەوە، پێشوازییەک، کە بۆ ئەردٶغان چاوەڕواننەکراو بووە.

موحەڕەم ئینجە، پێشتر مامۆستای قوتابخانە بووە و ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیایە، کە بە سەراحەت بێژی بەناوبانگە. خوشکەکەشی لە زۆریەک لە کەمپەین و میتینگەکانی هەڵبژاردن، ئامادەی گۆڕەپانەکە بووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، وێڕای رەخنە و هێرشی توند بۆ سەر بێ ئەزمووونی بەربژێری پارتی کۆماریخوازی گەل، ئینجە بە فێرکار وەسف دەکات. هاوکات لە رۆژانی رابردوودا، ئەردۆغان لە گەڵ پێشوازی گەرمی شەقامی تورکیا لە رکابەرەکەی، باسی لە ئەگەری پێکهێنانی دەوڵەتی ئێئتلافی هێناوەتە ئاراوە.

کەمپەینی هەڵبژاردنی موحەڕەم ئینجە، لە ئەزمیر لە گەڵ پێشوازی گەرمی شەقامی ئەم شارە بەرەوڕوو بووەوە. ژمارەی بەشداربووانی ئەم کەمپینە، نزیک بە یەک ملیۆن کەس بەراورد کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ژمارەی بەشداربووانی کەمپینی هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ، کەمتر لە یەک ملیۆن کەس مەزندە کراوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوابەدوای دیدار و چاوپێکەوتنی موحەڕەم ئینجە لە گەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، بەربژێری بەندکراوی پارتی دیموکراتی گەلان، رکابەرە سەرەکیەکەی خۆی بە لایەنگری لە تیرۆریزم تۆمەتبار کرد. دەوڵەتی تورکیا پارتی دیموکراتی گلان (هەدەپە) بە بوونی پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ پەکەکە تۆمەتبار کردووە.

هەر چەند پارتی دیموکراتی گەلان، ئەندامی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵام دیدار و چاوپێکەوتنی ئینجە و دەمیرتاش، لە روانگەی زۆریەک لە چاودێرانی سیاسییەوە، هەنگاوێکی رەمزی لە لایەن بەربژێری پارتی کۆماریخوازی گەلان هەژمار دەکرێ، بۆ بردنەوەی دەنگی کورد لەم وڵاتە.

بە پێی ئەنجامی دوایین راپرسییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە قۆناغی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنانە، توانای بەدەستهێنانی زۆربەی دەنگەکانی نییە و پێدەچێت لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردن، ململانێی سەرشەقام بەردەوام بێت.

پێدەچێت پارتی دادوگەشەپێدان، دوای ١٦ ساڵ لە زۆرینەیەکی رەهای پەرلەمانی، دەنگەکانی بۆ ئاستێکی نزمتر دابەزێت.

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، کە ئەردۆغان تاکوو ئێستا ئامادە نەبووە وەڵامی داواکاری ئینجە بۆ بەشداری لە دیبەیتێکی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی بداتەوە.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، پێشتر بڕیار بوو لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ بەڕێوەبچێت. ئەردٶغان ١٧ی ئەپریلی ٢٠١٨، لە بڕیارێکدا رایگەیاند “ئەم هەڵبژاردنانە بە شێوەی پێشوەختە بەڕێوەدەچن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com