شنەبــای نیشتیمان

0

عـەزیـز ئەحــمەد حــەمە

ئەی شنەبای نیشتیمانم بمبەرەوە، مەهێڵە غوربەت بمکوژێ وبمسوتێنێ لەم دورەوە، ڕۆحی کەنەفت و ماندوی من هەراسانە، زۆر شەکەتە لەم غوربەتە، نەسیمت با بێت بە دوایا بیبەرەوە ئەم ڕۆحە لێرە هەڵناکات، ئەم ڕۆحە بێرە ڕانایەت، ئەم ڕۆحە بێرە نامۆیە بیبەرەوە.

بیبەرەوە هەڵیکێشە، لە ئاوی سەرچناری خۆت فێنک فێنکی کەرەوە، بیبەرەوە با لەسەر ئەزمڕ و گۆیژە، بنواڕێتە بنارەکەی گڵە زەردە لەو بەرەوە.

بیبەرەوە بیگێڕە بە هەموو وڵات، شار بە شار و شاخ بە شاخی یەک بە یەکی نیشان دەرەوە.

ئەی نیشتیمان بگە فریام، کەس شک نابەم لە تۆ زیاتر، هەتا بڵێی تاک و تەنیام، ئەگەر هیوام هەبێت هەر تۆی، من بەبێ تۆ زۆر بێ هیوام، توخوا نیشتیمان وەک دایکم بمخەرە باوەشی خۆت و تێر بمگوشە بە سنگتەوە، ئاخر بۆنی خاکەکەی تۆ، سمڵ و مێخەکی بەرۆکی دایکی خۆم بیر ئەخاتەوە، ئاخر میهرەبانی و سۆزت فرمێسکی چاوی دایکمی تیا دەبینم، کاتی شەوانە دەگریا لە سەرینم.

نیشتیمانم، هانا و هاوارم بۆ تۆیە، بگە فریام تا نەمردووم، نەسیم بابێ و ڕۆحی تەزیوو و تۆراوم، گیان و جەستەی بە جێماوم، دڵیشم، جەرگم، هەناوم، لەگەڵ خۆتا بۆ خاکی خۆت ببەرەوە، ئەمشەو ڕۆحم گلاراوێکی گرتووە هەڵدەقرچێو هەڵدەبەزێ وەکو مەلێکی سەربڕاو لەم دورەوە، ئەی نیشتیمان من لە تۆدا توامـەوە یان تۆ لەمن؟ ئەی نیشتیمان عەشقەکەی تۆ سەرشێتانە وەکو دەریایەکی بێ بن، نوقمم دەکا و دەمباتە ناو مرواری و مەرجانی شەرمن، لێناگەڕێ بەخەوی شەویش بسرەوم، دەڵێت من تۆم و تۆیش هەرمن.

ئەی نەسیمی پڕگوڵاوی نیشتیمانم سوپاس بۆتۆ، ئەمشەو منت بردەوە ناو خاک و وڵات، ئەمشەو شیعرت کردە خەڵات، ئەمشەو دوای سرووشی ڕۆحت، کازیوەی بەربەیان هەڵهات، ئەمشەو منت بردەوە کانیاو و زنە، ئەمشەو ئەسپی ڕۆحت ڕامکرد سرکی نەما و وەک سوارچاکێ بە بناری شاخی سورێن کەوتمەوە تاودانی پەخشان کەوتمەوە ڕنینی گزنگ، لەکوانوی کورەی دڵەکەم بوی بە ئاورنگ.

تۆ منت بردەوە ئەوێ، بۆ ساتێکیش لێ نەگەڕای لەم غوربەتە ڕۆحیانەتی من بسرەوێ. تۆ منت بردەوە بەهەشت، بەهەشتەکەی نیشتیمانم، منت بردە ڕەوەز و بنار و پێدەشت، منت بردە مەریوان، بانە و سەردەشت.

ئای خوایە گیان، ئەم خاکەی من چەند بە ڕۆحی من پەیوەستە، بانگم ئەکا ڕابە ڕۆڵە شیرینەکەم، لەو غوربەتەدا مەمێنە و لێی مەوەستە!

بە فرمێسک نیشتیمانم شۆرد، بەڕۆحیانەتم ڕامژەند و هەتاکو نوست سرودی ئازادیم بۆ ووت، بەگوێچکەیا تا دەمەو بەیان دەمچرپاند: ئازاد دەبیت، ئازاد دەبیت، تۆش ڕۆژێک دێت ئازاد دەبیت، دایکی شیرین و میهرەبان ئەی جوانترین بوکی جیهان، ئەو کۆتوبەندەی کراوی، ئەو زیندانەی کەوا تۆی تیا بەند کراوی، هەپروون بە هەپروونی دەکەین دەتکەینە ڕەمزو سومبولی جیهانێکی ئاشتی و خوشی، دوور لە شەڕو نەهامەتی و ڕەنگی ڕەشی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com