ئایا ئێران خۆی لەگەڵ ئەمریکا دەگونجێنێ یان دەڕۆخێ؟

0

نوچەنێت

گوشاری ئەمریکا و خۆپیشاندانه‌كانی ناوخۆی ئێران كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی رژێمی ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان درێژه‌یان هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و پلانانه‌ی، كه‌ رژێمی ئێران بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی داینابوون، پووچه‌ڵ ده‌كرێنه‌وه‌. چونكه‌ ئێران له‌ سه‌ركوت كردنی خۆپیشانده‌راندا خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ و ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه‌، كه‌ رژێمی ئێرانیش وه‌كو به‌شار ئه‌سه‌د وا له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی بكات، كه‌ نیوه‌ی زیاتری ئاواره‌ ببێت.

هەروەها دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندەر بە ئاسانی پەیوەندەدات بە مونافق و بەکرێگیراو بۆ وڵاتانی نەیار و دوژمن، کە ئەمەش رەوایەتی دەات بە سەرکوت کردنیان لە لایەن هێزەکانییەوە، بەڵام ئەم جارە گوشاری ئەمریکا و کێشەی ئابووری تەنگی بە ئێران هەڵچنیوە و پێناچێت بە ئاسانی لە ژێرباری دەربێت. بۆیە دوو ئەگەر هەیە یان دانوستان و رێککەوتن لە گەڵ ئەمریکا، یان بەرگری کردنیان و ئاڵۆزی تا رووخانی ئەم دەسەڵاتە.

جەعفەر حامیدی، کەسایەتی سیاسی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەزا لە دۆخی ئێران، لەبارەی ئەگەری دانوستانی ئێران و ئەمریکا، بە نوچەنێت-ی رایگەیاند: ئەگەری وتووێژ و باشبوونی وەزعی ئێرانی پاش وتووێژ، ئەگەری ئەوە ھەیە بکەونە وتووێژەوە، ئەمەریکا ئینکاری بیرۆکەی پێکھاتن ناکا، ئێرانیش ھەتا سەر ناتوانێ ئەو گەمارۆ توندە تەحەمول بکا، بۆیە ئەو ئەگەرە زۆر لە واقیع نزیکە کە پێش تێکڕمانی دەسەڵاتی رێژیم دوولایەن بکەونە گفتوگۆوە!

جەعفەر حامیدی پێیوایە، کە لە گەڵ ئەوەش دا لە نێوان ئێران و ئەمەریکا دەڵاڵێکی گەورە ھەیە، کە نێوی یەکێتی ئەوروپایە. وەڵاتەگەورەکانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێ بە نرخی کڕینەوەی ئابڕووی خۆیان، ئێران و ئەمەریکا پێک بگەیەنن. کە دەڵێم کڕینەوەی ئابڕوو مەبەستم ئەوەیە کە فشاری تڕامپ بۆ سەر ئێران، پێچەوانەی ئەو سیاسەتە کاسبکارانەیە، کە دەیان ساڵە یەکێتی ئەوروپا لە بەرانبەر ئێران دا گرتوویەتە پێش گوتیشی “سەرکەوتنی تڕامپ بە سەر ئێران دا، بەتەواوی ئابڕووی سیاسەتی شلە مەکرە و بێرۆکراتی کۆمپلێکسی ئەوروپییەکان دەبا”.

پێش وتووێژی ئەتۆمی، ئێران زۆری هەوڵیدا، روسیا و چین لە بەرانبەر ئەمەریکا و دۆستە ئەوروپییەکانی دا رابگرێ، بەڵام بۆی نەچۆ پێش. ئەو جاریش مێژوو خەریکە دووپات دەبێتەوە، ئێرانی و دەسەڵاتەکەی نەرم بوون؛ دەڵێن ئەمەریکا داوای وتووێژی لە گەڵ کردووین؛ دەشڵێن وتووێژ رەتناکەینەوە.

حامیدی ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ئێران باس لە جنێو و سووتاندنی ئاڵای ئەمەریکا و خوتبە ئاگرینەکانی رۆژانی جومعە نەماوە، ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەو واقیعە، کە ئێران ئەم جاریش مل رابکێشێ بۆ پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا. بۆیە لە ئێستاوە دەتوانین شێمانەی دەرکەوتنی سیاسەتی دەستپێکردنی وتووێژ بەدی بکەین.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەگەری ئەوە نییە، کە ئێران بتوانێ بە پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا وەزعی خۆی باش بکاتەوە. ئاکامی وتووێژێکی لەم چەشنە: کشانەوەی ھێزی نیزامی-تێرۆریستی ئێران لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. قووتدانەوەی تێئۆری و کردەی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامییە.

گوتیشی “خۆگونجاندن لە گەڵ بازاری ئازادی ئابووریی جیھانی و لێکەوتەی سیاسی ئەو بازاڕەیە کە بەر لە ھەر شت، دابینبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و بەدام و دەزگاکردنی پڕۆتۆکۆلە گەورە و نێونەتەوەییەکانە، ئەوانەش ھەموویان لە گەڵ دارشتەی بیری ئاخوندی دەکەونە «تضاد» وە”.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر پاش ئەو گۆڕانکارییەش دەسەڵاتی ئاخوندی بمێنێ، حامیدی گوتی “ئەوە وەک خەسیو و یەختە دەمێنێ و دەستەمۆی رۆژاواییەکان دەبێ، خۆ ئەگەر ئەو گۆڕانکاری یەش رووبدا؛ ئەوە گۆڕانی دیکەش وەک گۆڕانی کۆمەڵایەتی، گۆڕانی راگەیاندن و مێدیا، پێکدێ. لەوەھا حاڵەتێک دا، ئاسەوارێک لەو ئۆڕتێدۆکسە ئایینییەی ئاخوندی پێوە دەناسرێ نامێنێ”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com