حکومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ئامادە دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ داوە.

بەهۆی قەیرانی دارایی و ئاوبووەرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧و ٢٠١٨ پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی ئامادەکاری حکومەتی هەرێم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ ی هەرێم، رایگەیاند “دوومانگ پێش ئێستا لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوبەری بودجەی هەرێم قسەم کرد لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی داهاتوو، ئەوانیش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم قسەیان کردووە و لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەرکراوە”.

سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی، کە حکومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ داوە و گوتیشی “وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم وەزارەتەکان کردووە خشتەی خەرجی داهاتی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو کە پێشبینی کراوە بینێرن”.

عیزەت سابیر هیواشی خواست، حکومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆئەوەی پەرلەمان پەسەندی بکات،  دەشڵێت “پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە کاریگەرییەکی زۆرباشی دەبێت لەسەر دۆخی ئابووری، کەمکردنەوەی قەیران، داڕشتنی پلان و بەرچاو ڕۆشنی بۆ فەرمانبەران، کاسبکاران، کڕیار، فرۆشیار و پڕۆژە و کۆمپانیاکان، یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت “لەڕێگەی ئێوەوە، داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەکەم، پلانێک دابڕێژێت لەڕێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە سولفەکان بکاتەوە و وەزارەتی دارایی سوودەکەی بدات و گەرەنتی بکات. هەروەها ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکەن بۆ پڕۆژەی بچووک، تاکو ببێتە هۆی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ چەندین هەزار کەس ئەگەر هاتوو حکومەت نەیتوانی دامەزراندن لەکەرتی گشتی بکاتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com