ئایا عێراق لە دژی ئێران دەوەستێتەوە؟

0

نوچەنێت

حەیدەر عەبادی،سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سەرباری ئەوەی، کە دژی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە، بەڵام دەوڵەتەکەی ناچارە ئەم پەیڕەوی لەم گەمارۆیانە بکات.

عەبادی باس لە کام دەوڵەت دەکات؟ ئایا لە مانەوەی لە دەسەڵات و پۆستەکەی دڵنیایە؟ هەر چەند ناکرێ بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، بەڵام وادێتە بەرچاو، کە پێگەی ناوبراو تا رادەیەکی زۆر لەرزۆکە.

لێدوان و هەڵوێستی عەبادی، لانی کەم لە ئێران و عێراق کاردانەوەی توندی بەداوە بووە. بەرچاوترینیان رەنگە تویتی مەحمود سادقی، نوێنەری تاران لە پەرلەمان بێت، کە نووسیبووی: دەوڵەتی عێراق ئێستاش هەزار و ١٠٠ ملیار دۆلار بابەتی شەڕی ٨ ساڵە بە ئێران قەرزدارە. ئێمە بە هۆی کێشەکانی ئەم وڵاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پەلەمان نەبووە. ئێستاش سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بری قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانە و دانەوەی قەرزەکە، پابەندبوونی خۆی سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران راگەیاندووە.

بەڵام پرسیاری سەرەکی دەبێ وەڵام بدرێتەوە، عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی عێراق چ پێگەیەکی هەیە؟

بە پێی ئەنجامە فەرمیەکان، پێگەی هەر کام لە لیست و قەوارەکانی عێراقی بەم شێوەی خوارەوەیە:

سائیروون بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر ٥٤ کورسی

الفتح بە رێبەری هادی عامری (حەشذی شەعبی) ٤٧ کورسی

النصر بە رێبەری حەیدەر عەبادی ٣٢ کورسی

دەوڵەتی یاسا بە سەرکردایەتی نوری مالیکی ٢٥ کورسی

ائتلاف الوطنیە بە رێبەری ئەیاد عەلاوی ٢١ کورسی

رەوتی حیکمە بەستراوە بە عەمار حەکیم ١٩ کورسی

پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٢٥ کورسی

یەکێتی نیشتمانی کورستان، سەر بە بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی ١٨ کورسی

بەڵام حەیدەر عەبادی، تا چ رادەیەک کاریگەری و نفووزی بە سەر دۆخی سیاسی ئەم وڵاتەوە هەیە؟ سەرباری ئەوەی، کە عەبادی ئێستاش سەرۆکوەزیرانە، هیچ گرەنتییەک نییە، کە ئەم کورسیە وەفای بۆ ناوبراو هەبێت. لە روانیكیدا بۆ رێژەی کورسیەکان و ریزبەندی لیستەکان، عەبادی پلەی سێهەمی عێراقی هەیە، واتە دوو پلە لە خوارەوەی سەدر و عامری. لە ئێستادا دەبێ چاوەڕوانی پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەرەی نوێ و چاوەڕەواننەکراو بین.

خاڵێکی دیکەی جێێ سەرنج ئەوەیە، کە هەڵوێستی و روانینی رەوت و لایەنەکانی دیکەی عێراقی بەرامبەر بە گەمارۆکانی سەر ئێران چییە؟ بە واتایەک وەڵامی ئەم پرسیارە گەلێک گرنگە، کە ئایا چۆن دەڕواننە گەمارۆکانی سەر ئێران؟

موقتەدا سەدر سەرباری ئەوەی، کە لەم ساڵانەی دوایی لە ئێران دوور کەوتۆتەوە، بەڵام ئێستاش روانینی دژە ئەمریکی خۆی پاراستووە.

رابەری هاوپەیمانی سائیروون، لە بەیانێکدا بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئێران بکات، ئیدانەی سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکای بۆ سەر تاران کردووە. سەدر لەم بارەوە گوتوویەتی: ئەگەر ئەمریکا ئەم سیاسەتەی خۆی وەلانەنێ، ئێمە بەرامبەر بەو زیانانەی، کە بە گەلانی ناوچەکە دەکات، بێ دەنگ نابین.

لە لایەکی دیکەوە نوری مالیکی، کە پەیوەندییەکی قووڵ و لە مێژینەی لە گەڵ ئێران هەیە، رایگەیاندووە “دژ بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە”.

بەڵام عەمار حەکیم، ئەکتەر و کەسایەتییەکی دیکەی عێراقی، راشکاوانەتر پاڵپشتی خۆی بۆ ئێران راگەیاندووە. حەکیم لەم بارەوە گوتوویەتی: ئێران لە بەردەم هەڕەشە و گەمارۆدایە، کە ئابوری و حکومەتەکەی کراوەتە ئامانج، داوا لە هەموو لایەک دەکەم لەم قەیرانەدا پشتی ئێران بەرنەدەن و یارمەتی بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، لە بەیانێکدا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە، کە گوشار بخاتە سەر ئەمریکا.

نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەڵێت “هەڵوێستی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە بەرژەوەندی گشتی ئەم وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت”.

لە گەڵ ئەوەی، کە حەیدەر عەبادی، پێشتر رایگەیاندووە، کە عێراق سەرباری دژایەتیکردنی ئەم گەمارۆیانە، پابەندی دەمێنێتەوە. سەعد حەدیسی، گوتەبێژی فەرمی نووسیگەی حەیدەر عەبادی، لە هەڵوێستێکی جیاوازدا، بە کەنالی هەواڵی ئاڕ.تی.عەرەبی گوتووە: هەڵوێستی عێراق لەبارەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەپەلە و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە نەبووە، بەڵکوو دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بەرژەوەندیەکانی عێراق و عێراقیەکان وەرگیراوە و لە ژێر کاریگەری  هەڵوێستی وڵاتان یان لایەنێکی دیاریکراودا نەبووە.

کۆی ئەم لێدوانە دژ بە یەکانە، گوزارشت لە چەند دەنگی لایەنەکانی عێراقی بەرامبەر بە سیاسەتی گەمارۆدانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەکات. هەر چۆنێک بێت ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی بیرەوەرییەکی ناخۆشیان لە پەیوەندی لە گەڵ پلانی نەوت بەرامبەر بە خۆراک هەیە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپا. بەرنامەیەک، کە ژیانی بۆ ملیۆنان خەڵکی عێراق کرد بە جەهەندەم، کە ئێستاش ئاسەوارەکانی بە تەواوی پاک نەبۆتەوە.

هەر چەند ناکرێت، کە هێزەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی، رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە و دەوڵەتی داهاتووش ناکرێ ئێران پشتگوێ بخات. بەو حاڵەشەوە لە دنیای سیاسەت ناکرێ بە ئاسانی پێش بینی رەوتی رووداوەکان بکرێت. بەڵام بە دوور نییە ئێران بەو هەیمەنە و دەسەڵاتەی، کە بە سەر ئەم لایەنانە هەیەتی، نەتوانێ  کاریگەری بە سەر ناوەندەکانی بڕیار لەم وڵاتە دابنێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com