ئەو خاڵانەی ئەردۆغان و عەبادی لەسەری رێککەوتوون

0

نوچەنیت

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا بەڵێنیداوە عێراق بەشی خۆی لە ئاوی دیجلە و فورات بەتەواوی وەردەگرێت. دەشڵێت “عێراق رێگەنادات لە خاکەکەیەوە هیچ گروپێک مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروستبکات”.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٤-٨-٢٠١٨، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەانیدا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان لە گەڵ ئەردۆغان سەرۆکۆماری تورکیا رایگەیاند: باسیان لە پرسی تیرۆر، ئاو و وزە و چەند پرسێکی دیکەش کردووە. جەختیکردەوە “رێگەنادەن هیچ گروپێکی چەکدار لە خاکی عێراقەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروستبکات. پلانمان بۆ زیاتر پاراستنی سنووری نێوان عێراق و تورکیا هەیە”.

حەیدەر عەبادی ئاشکراشیکرد، ئەردۆغان دووپاتیکردووەتەوە تورکیا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت و هاوکار دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق. پێشوازیش دەکەن لە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ.

عەبادی گوتی “کاردەکەین بۆ ئەوەی بەزوویی نەوتی کەرکوک لەڕێگەی تورکیاوە هەناردەبکرێت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغانیش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی بە “سوودبەخش” ناوبرد و گوتی “کۆمەڵێک بابەتی گرنگمان تاوتوێکرد”.

ئەردۆغان رایگەیاند “رێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرین. عێراق قۆناخەکانی داعش و گشتپرسی تێپەڕاند. ئێمە هەمیشە گرفتی عێراقمان بە هی خۆمان زانیووە. عێراق و تورکیا لە زۆر بابەتەدا یەک چارەنووسیان هەیە”.

لەبارەی حکومەتی نوێی عێراق، ئەردۆغان رایگەیاند “هیوادارین حکومەتێک پێکبهێندرێت رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت”.

سەبارەت لە پەکەکەش، ئەردۆغان دەڵێت “بۆچوونی خۆمان لەبارەی پەکەکە بە حەیدەر عەبادی راگەیاند، لەگەڵ عێراق هاوڕاین لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

سەبارەت بە تورکمانەکان، ئەردۆغان رایگەیاند “تورکمانەکانی کەرکوک رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەتەوە”. دەشڵێت “لە کۆبوونەوەکەدا رێکەوتوون لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ لەگەڵ عێراق”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com