هەڵوێستی لایەنەکان بۆ حکومەتی داهاتوو یەکدەگرێتەوە؟

0

نوچەنێت

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ١٢ی مەی، ئێستا ھەموو چاوەکان لەسەر ئەوەیە پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات و گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی چۆن و لەچەند قەوارە پێکدەھێنرێت و کێن ئەوانەی چانسیان زیاترە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق وەربگرن.

ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان، کە کاتێکی زۆری خایاند، ھیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە ژمارەی کورسی لایەنەکان لێنەکەوتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت زیاد لە لایەنێک تانە لە ئەنجامەکانی دوای ژماردنەوەی دەستی بدەن.

رەخنە لە دەرەنجامەکان، رێگری لەوە ناکات لایەنە سەرەکییەکان دەست بکەنەوە بە گفتوگۆکانیان بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عیراق، بەتایبەت گفتوگۆی نێوان کوتلە سەرەکییەکانی شیعە.

لە گفتوگۆکانی پێشووی لایەنەکان، ئەوەی بەدیدەکرا، ھەریەک لە ھاوپەیمانیی سائیرون-ی موقتەدا سەدر، ڕەوتی حیکمە-ی عەمار حەکیم و ھاوپەیمانیی نەسر-ی حەیدەر عەبادی، سەرەڕای بوونی ھەندێک جیاوازی، بەڵام نزیکترین ئەو لایەنانەن کە بتوانن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکبھێنن و، دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داھاتوو، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕابسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

چەند رۆژی رابردوو، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە پێکھێنەری سەرەکی ھاوپەیمانی سائیرونە و براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە بە ٥٤ کورسی، سەدر جارێکی دیکە دژایەتی خۆی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر پشکپشکێنەی تایەفەگەریی دەربڕی و، جەختیکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ٤٠ مەرجەی پێشتر بۆ سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراقی دانابوو. سەدر مۆڵەتی تەنھا ١٥ رۆژی دایە لایەنەکان بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی، ئەگەر نا، بژاردەی بوونە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و جەماوەریی بونیاتنەر ھەڵدەبژێرێت. 

سەدر ھەر لەئێستاشەوە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی ناوناوە “فراکسیۆنی رزگاریی نیشتیمانی” و  داوای پشتیوانیی جەماوەری و فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی کرد بۆ رزگارکردنی عێراق لەو دۆخەی تێیکەوتووە.

پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی

لەلایەکی دیکەوە، نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا و دوای ئاشکراکردنی دەرەنجامەکان، ئاماژەیکردووە بە لێکتێگەیشتنی جدی لەگەڵ زۆربەی ھێزە  نیشتیمانییەکاندا بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر کارنامەیەکی نیشتیمانی، بۆ نزیککردنەوەی ھەڵوێستەکان بەرەو ھەنگاوە دەستوورییەکانی دیکە و پێکھێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

ئەم ھەڵوێستەی مالیکی بە پاشگەزبوونەوە لە ھەڵوێستەکانی پێشووتری دادەنرێت کە داوای دەکرد حکومەتی داھاتووی عیراق حکومەتی زۆرینەی سیاسی بێت و بە تاکە بژاردەی ھاوپەیمانێتییەکەی وەسفیدەکرد.

پێکھێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و دواتر دابەشکردنی پۆستەکانی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، بابەتێکی ئاڵۆز و پڕکێشمەکێشە و بە تەنھا پەیوەندی نییە بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە، بەڵکو پەیوەندی ھەیە بە جەمسەربەندییە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکانەوە، بە تایبەتی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە ھەردوولا دەیانەوێت حکومەتی داھاتوو لەلایەن کەس و لایەنە نزیکەکانی خۆیانەوە پێکبھێنرێت.

تا چەند بڕوایان بە ڕەتکردنەوەی پشکپشکێنە

خالید ئەلعوبەیدی، وەزیری بەرگری پێشووی عیراق و سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر، لە بەیاننامەیەکدا مەرجەکانی ھاوپەیمانێتی نەسر بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و حکومەتی داھاتووی عێراق خستەڕوو، و ڕونیکردووەتەوە، کە ئەوان چەند رۆژێکە چەند شاندێکیان پێکھێناوە بۆ پێشوازیکردن و سەردانکردنی قەوارە سەرکەوتووەکان بۆ گفتوگۆکردن و رێککەوتن لەسەر میکانیزمە گونجاوکان بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کە دەستنیشانکردنی بەرنامەی حکومەتی داھاتووش لەخۆدەگرێت. 

ئەلعوبەیدی جەختیشیکردووەتەوە کە مەرجەکانی ئەوان بریتین لەوەی کوتلە سسیاسییەکان تا چەند بڕوایان بە ڕەتکردنەوەی پشکپشکێنە و توانایان لەسەر دانانی یاسا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ئابوورییەکان لەنێوانیشیاندا دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم عێراقییەکان.

ئەلعوبەیدی ئاماژەشیکردووە بەوەی پرۆژەی ئەوان بریتییە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی بەھێز و بەشداریکردن لە دروستکردنی چەند ھێزێکی ئەمنی بەھێز و پیشەیی، و خۆئامادەکردن بۆ شەڕی دژی گەندەڵی و راوەدونانی گەندەڵکاران، و باوەڕھێنان بە دروستکردنی حکومەتێکی یەکگرتوو کە پشت بە پشکپشکێنە نەبەستێت و لەتوانایدابێت ھیوا بۆ عێراقییەکان و پرۆسەی سیاسی بگەڕێنێتەوە.

ئەوەی بەلای هەرێمەوە گرنگە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراقە

رۆژی چوارشەممە ١٥ـ ٨ـ ٢٠١٨ لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆگڵاس سڵێمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ستیڤ فاگین كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر كرد.

بەپێی هەواڵی کۆبوونەکە، کە لە پێگەی فەرمی بارزانیدا بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی عێراقی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازە و هاوكێشەكانی ناو عێراق ئاڵوگۆڕكرا، بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراقە و هەروەها پابەندبوونی لایەنەكانە بە سێ پرەنسیپی هاوبەش لە حوكمداری و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكان، ئەولەویەتی سەرەكییە. سەرۆک بارزانی گوتی: “رەچاوكردنی ئەو سێ پرەنسیپە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com