عێڕاق لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زەرەرمەندە

0

نوچەنێت

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران، کە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بوو، بەهای تمەنی ئێڕانی نزیک بە ٥٠% دابەزیوە. ئەمەش بە مانای کەم بوونەوەی بەهای ئەسپاردەی ئەو عێراقیانەیە، کە لە سەر حیسابی ٢٠% سوودی بانکی و لە گەرمەی هێڕشەکانی داعش بۆ سەر عێراق سەرمایەکانیان خستە بانکەکانی ئێرانەوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە بابەتێکی شیکاریدا تیشکی خستۆتە سەر ئەو زیانانەی، کە لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە عێراقیەکان گەیشتووە. بە گوێڕەی ئەم رۆژنامەیە، عێراقیەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم گەمارۆیانە و زیانیێکی زۆر بە سەرمایەکانیان گەیشتووە.

کاتێک، کە لە ساڵی ٢٠١٥ و لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر عێراق، ئابوری ئەم وڵاتە تا لێواری داڕمان چوو، عێراقیەکان بە ملیۆنان دۆلار لە سەرمایەکانیان خستە بانکەکانی ئێرانەوە، ئەمەش کاتێک بوو لە ئەنجامی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران بە هۆی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، سودێکی زۆر بە خاوەن سەرمایەکان دەگەیشت. تەنانەت ژمارەیەکی بەرچاو لە عێراقیەکان بۆ گواستنەوەی پارە و دەورکردنەوەی یاساکان، کە رێگر بوو لە ناردنەدەرەوەی پارەی زۆر، هەموو رێگایەکیان تاقی کردەوە.

لە ئێستادا، کە ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە و سەرلەنوێ سزا و گەمارۆکانی بە سەر ئێراندا سەپاندۆتەوە، بەهای ریاڵی ئێرانی گەیشتۆتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و تەنگی بە سەرمایەدارەکان هەڵچنیوە.

کێشە داراییەکانی عێراقیەکان نموونەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەری و شوێندانەری دۆژمنایەتی ئێڕان و ئەمریکا بۆ ناسەقامگیرکردنی عێراق. ئەم دوژمنایەتییە کاریگەری بووە بە سەر ناڕەزایی گشتی خەڵک و رەشبین بوونیان بە نیسبەت باری دارایی ئەم وڵاتەوە.

دەستپێکردنەوە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە باشی نیشانی دەدات، کە جێگیربوونی ئابوری و باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق بە چ شێوەیەک پەیوەستە بە بازاڕی ئێرانەوە.

دانانەوەی سزاکانی سەر ئێران، هاوکات تەنگژەی لە پەیوەندیەکانی بەغدا-تاران لێکەوتۆتەوە. باس لە سەر پابەندبووندبوون یان نەبوونی بەغدایە بەم گەمارۆیانە. هەر جٶنێک بێت عێراق یەکێکە لە شەریکە سەرەکیەکانی ئێران، بەڵام گۆڕانکاری لە هاوکێشە ئابوریەکان کارتێکەر بووە لە سەر هاوپەیمانیە سیاسییەکان.

واشنتۆن پۆست لە بەشێک لە راپۆرتەکەی ئاماژەی بە لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە گوتبووی عێراق پابەندی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەبێت. ئەم لێدوانەی عەبادی لە دوو وڵات کاردانەوە و هەڵوێستی توندی کاربەدەستان و لایەنە سیاسیەکانی بە دواوە بووە، بە جۆرێک، کە پێیان وایە عەبادی بەرامبەر بە پشتیوانیەکانی ئێران لە عێراق، خەیانەتی کردووە.

بۆ زۆریەک لە عێراقیەکان، ئەم قەیرانە لایەنی فەلسەفی نییە بەڵکوو گوزارشت لە قەیرانێکی هەستپێکراو و واقعی دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com