ئەمڕۆ سی ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێدەپەڕی

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ شەممە ٢٥-٨-٢٠١٨، سی ساڵ بەسەر هەشتەمین قۆناغی ئەنفال و جینۆسایدی کورد لەلایەن حکومەتی ڕووخانی بەعس لە دەڤەری بادینان تێدەپەڕێت.

ئەم شاڵاوی ئەنفاڵە لە رۆژی ٢٥-٨-١٩٨٨ دەستیپێکرد و هەتا ٥-٩-١٩٨٨ی خایاند،  ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و  دھۆک-ی گرتەوە، (ئامێدی، ئەتروش، ئیمینکی، باتوفە، زاخۆ، زاوێتە، زێوە، دێرەلوک، کانی ماسی)، کە تێکڕا ٤٤٨ گوند وێران کران و ١٣،٣٦١ ھاوڵاتی دەستگیرکران و ڕەوانەی قەڵای نزارکێ کران و ھەموویان کۆمەڵکوژکران، کە  ١٥٤٠ کەسیان ھاوڵاتی و پێشمەرگە بوون و خۆیان رادەستی سوپا کردبوووەوە ١٤٨٩ کەس، کە پیاو (٣٣٦٨) ژن و منداڵ (٦٩٦٤).

ڕۆژی ٢٥-٨-١٩٨٨ سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفال بوو بۆ سەر ناوچەی بادینان، کە دوا قۆناغی ئەنفال بوو، ڕۆژی ٦-٩-١٩٨٨ کۆتایی ھات، بە سەرکردایەتی لیوا ڕوکن “یونس محمد ئالزەرب” فەرماندەی فەیلەقی پێنج و لیوا ڕوکن “سوڵتان ھاشم ئەحمەد” فەرماندەی فەیلەقی یەک و لیوا روکن “کامل ساجت عزیز” فەرماندەی فەیلەقی دوو و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەکەم “عەدنان خەتروڵڵا توڵفاح” وەزیری بەرگری و “عەلی حەسەن مەجید” تکریتی (عەلی کیمیاوی) بەرپرسی باکوری حزبی بەعس و فەریق روکن “نزار عبدالکریم فەیسەل الخزرەجی”  سەرۆکی ئەرکانی سوپا، چەندین گەورە ئەفسەری تر  وەک حسێن ڕەشید تکریتی، سابیر عبدالعزیز الدوری، فەرحان متلگ الجبوری…ھتد.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان ھێزی پیادەی فەیلەقەکانی (١-٢-٣-٤-٥-٦-٧) بەشداری ئەنفالی بادینانیان کردووە، کە تێکڕا زیاتر لە ٢٠ تیپ-ی پیادە و ٣٠ کەتیبەی تۆپھاوێژ تێکڕای زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار سەرباز بوون ھەروەھا زیاتر لە ١٦٣ فەوجی جاش و خۆفرۆشەکان بەشدار بوون. لەگەڵ بەکارھێنانی جۆرەھا چەک سەرباری بۆمبارانی کیمیایی لە زۆربەی ناوچەکان، بەپێێ بەڵگەکان زیاتر لە ٦٠ بۆردومانی کیمیایی ئەنجام دراوە.

ڕۆژی ٢٨-٨-١٩٨٨ لە گوندی کورێمێ، ھێزەکانی بەعس، ٣٣ ھاوڵاتی دەگرن و  گولـلەبارانیان دەکەن، بەڵام شەش کەس لەوانە بە برینداری رزگاریان دەبێ، دوای ئەوە جەکدارەکانی سەدام وایان زانیبوو، کە ھەموویان مردوون، بەلام دواتر یەکێ لە رزگاربووەکان دیار نامێنێ، ئەگەری هەیە دەستگیرکرابێتەوە. ئەوانی تریش ئێستا لەژیاندا ماون، ئەوھێزەی کە کۆمەڵکوژی گوندی کورێمی  کرد لیوای ٤٣٥-ی پیادەی  ژێر سەرپەرشتی تیپی ٢٩-ی فەیلەقی سێ بوو، بە فەرماندەیی عمید روکن “عبدالجلیل عبدالحمید محسن الحیدری”.

لەگوندی کەندەک ١٩ ھاوڵاتی مەدەنی لەلایەن “رائد احمد مستەفا” ئەفسەری ھەواڵگری گیران و گولە باران کران؛ ھەروەھا لەبەربەیانی ٢٩-٨-١٩٨٨ شەش فرۆکەی جەنگی بە چەکی کیمیایی بۆردومانی گەلی بازێیان کرد، کە زیاتر لە ٢٩٨٠ ھاوڵاتی مەدەنیان شەھید کرد.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەنفال زیانێکی ماددی و مەعنەوی زۆر مەزنی بەگەلی کورد گەیاند، کە زیاتر لە ٤٠٠٠ گوند، ٤ قەزا، ٣٠ ناحیە، ٣١٠٠ مزگەوت و ١٠٠ کڵیسا وێران کران و ١٨٢ ھەزار مرۆڤی بێ تاوانی کورد کۆمەڵکوژکران.

ھاوکات زیانێکی زۆری بە ئابوری و ژینگەی کوردستان گەیاند، کە ملیۆنەھا مەڕ و ماڵات لەنێو چوون و بە ھەزارن دۆنم زەوی بە بێ کشتوکاڵ مانەوە باخ و رەزەکان سوتینران، کە تاکو ئێستاش کاریگەری لەسەر ئاوەدان نەکردنەوەی گوندەکانی کودستان داناوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com