بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی جەکداری ئێران، بناسە

0

نوچەنێت

یعقوب حر التسطری، گوتەبێژی بزووتنەوەی الاحواز، لە دوای هێرشەکەی رۆژی رابردوو(٢٢٧ سێبتەمبەر)بۆ سەر نمایشێکی سەربازی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، حزبی نیشتمانی ئەهواز  بەرپرسایەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرتووە. بە گوتەی یعقوب حر التسطری، ئامانجی ئەم هێرشە خەڵکی مەدەنی نەبووە، بەڵکو هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشە ٢٤ کەس، لە کادیری سەربازی و هێزی سەر بە سوپای پاسداران کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی سەر بە حكومەتی ئێران یەکێک لە قوربیانیان، کەسێکی مەدەنی بووە. میدیاکانی ئێران هەروەها رایانگەیاندووە، ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی کوژراوەکان  لە ئارادایە.

بەرپرسانی سوپای پاسداران، هێرشەکەیان بە تیرۆریستی ناوبردووە و گوتوویانە کە هێرشبەرەکان چوار کەس بوونە. سێ کەسیان لێ کوژراوە و کەسی چوارەمیش بریندار دەستگیر کراوە.

بزووتنەوەی الاحواز چییە؟

بزووتنەوەی الاحواز، کە لە ژێر ناوی”حزم”دەناسرێتەوە و ناوبانگی دەرکردووە. شێوەی خەباتی چەکدارانەی لە دژی کۆماری ئیسلامی پەیڕەو کردووە. باڵی سەربازی ئەم گروپە بە کەتیبەکانی محی الدین آل ناصر دەناسرێتەوە و بە گوتەی یعقوب حر التسطری، گوتەبێژی بزووتنەوەکە، تاکو ئێستا بەیاننامەیەکی فەرمی دەرنەکراوە تاکو بەو پێیە بەرپرسایەتی ئەم هێرشە بگرێتە ئەستۆ.

بزووتنەوەی الاحواز، ساڵی ١٩٩٦ چالاکییەکانی خۆی لە دژی رژێمی ئێڕان دەستپێکردووە. بەردەوام لە لایەن تارانەوە وەک رێکخراویکی تیرۆریستی وەسف کراوە.

لوتکەی چالاکییەکانی ئەم گروپە بۆ ساڵی ٢٠٠٣دەگەڕێتەوە، کە لە چەندین ناوچەی پارێزگای خوزستان هێرشی کردە سەر بنکە و ئامانجە سەربازییەکانی حكومەتی ئێران. ساڵێک دواتر دەوڵەتی ئێران ١١ کەسی لە پەیوەندی ئەم رووداوانە دەستگیرکرد و سزای لەسێدارەی بۆ دیاری کردن. سەرباری ئەم بڕیارەی حکومەت، شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە لە گەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران بەردەوام بووە.

لە ساڵانی رابردوودا شارەکانی وەک شووش، ئەهواز و دێزفوول، مەیدانی پێکدادان و تێکهەڵچووونی ئەم دوو لایەنە بووە. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا،٣٩ کەس لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە ئەنجامی هێرشی ئەم بزووتنەوەیە کوژراون. بە گوێڕەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بە درێژایی ساڵانی رابردوو بە لانی کەم ٤٤ کەس لە دانیشتوانی خوزستان بە تۆمەتی سەربەخۆیی خوازی، بەشداری لە کاری تێکدەرانە و کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی دەستگیر  و دادگایی کراون. تێکڕای ئەم کەسانەی یان لە سێدارەدراون یان لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەست داوە.

هێرشێکی دیکەی ئەم بزووتنەوەیە، سێ ساڵ بەرلەئێستا روویدا کە بە هۆی کردنە ئامانجی بنکەیەکی سەربازی، سێ کەس کوژران. دوای ئەم رووداوە بوو کە بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاند کە ٧ کەسیان لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم هێرشە دەستگیر کردووە. دواتر هەواڵی لە سێدارەدانی سێ کەس لە دەستگیرکراوەکان لە لایەن بەرپرسانی حكومەتەوە پشتڕاست کرایەوە.

بزووتنەوەی الاحواز، هەر ئەو کات رایگەیاند ئەو بنکە سەربازیە کە کردوویەتە ئامانج، شوێنی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە، کە لە لایەن سوپای قودسەوە پاڵپشتیان لێدەکرێت.دوو مانگ دواتر هێرش کرایە سەر بنکەیەکی دیکەی  سوپای پاسداران و لە ئەنجامدا دوو کەسی دیکە کوژران. ئەم جارەش بزووتنەوەی الاحواز بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرا.

رووداوێكی دیکەی جێێ سەرنج، تیرۆری احمد مولا ابوناهض، ناسراو بە احمد نیسی بوو کە لە هۆڵەندا کرایە ئامانج. ناوبراو لە شوێنی کارەکەی لە شاری لاها بە هۆی هێرشێکی چەکداری گیانی لە دەست دا. احمد مولا ابوناهض وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئازادیخوازی الاحواز ناو دەبردرێت.

کەسە نزیکەکانی کۆماری ئیسلامی، بە داڕشتنی پلانی تیرۆری ناوبراو تۆمەتبار دەکەن. ئەمە دوای ئەوە بوو کە دەزگای زانیاری و ئاسایشی هۆڵەندا رایگەیاند، دوو دبلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ئێران لەم وڵاتە دەرکراون. ئایا ئەم رووداوە پێوەندی بە دەرکردنی دبلۆماتکارانی ئێرانەوە هەیە یان نا، بەڵام بزووتنەوەی الاحواز لەم بارەوە بەڵگەی خستۆتە بەردەم دادگا.

حبیب جبر، رابەری بزووتنەوەی الاحواز لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، وێڕای وەسفکردنی کۆماری ئیسلامی بە دەوڵەتی فارسەکان، رژێمی ئێران بە دوژمنایەتیکردنی نەتەوەیی عەرەب لەم وڵاتە تۆمەتبار کردووە. بە گوێرەی لێوانی حبیب جبر، خوزستان ناوچەیەکی داگیرکراوە.

ئەم بزووتنەوەیە کە پەیوەندییەکی چڕی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و لەوانە سعودیە هەیە. رایگەیاندووە بۆ رزگارکردنی پارێزگاکانی خوزستان، هۆرمۆزگان و دوورگەکانی کەنداوی فارس، لە دژی رژێمی ئێران خەبات دەکات. ئەم بزووتنەوەیە ئەم پارێزگایانە بە ئەهوازی داگیرکراو ناو دەبات و خوازیاری سەربەخۆیی ئەم ناوچانەیە.

چالاکی و رێکخستنەکانی بزووتنەوەی الاحواز مێژوویەکی ٦٠ ساڵەی هەیە. لە ئێستادا بە بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی چەکداری کۆماری ئیسلامی لە باشوری رۆژئاوای عێراق، هەژمار دەکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com