راگەیاندنەکانی ئێران چۆن باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن؟

0

نوچەنێت

هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بۆتە جێی باسی بەشێک لە میدیاکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان. هەریەکەیان بەپێی سیاسەتی وڵاتەکەی ئاماژە بە دۆخی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن.

رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، لە هەرێمی کوردستان هەڵىژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەمی کوردستانی بەدەستهێناوە.

ماڵپەڕی شەفەقا، لە هەواڵێکدا نوسیویەتی، ئەنجامە نافەرمی و سەرەتاییەکانی دەریدەخەن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، بە مسۆگەرکردنی ٤٢ کورسی، سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ٢٤ کورسی مسۆگەر کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی شەفەقنا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بەو رکابەری دێرینەی خۆی واتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرکەوتنی بە دەست هێناوە.

شەفەقنا ئەوەش دەخاتە روو، کە سەرباری ئەم ئەنجامە سەرەتاییانە، یەکێتی نیشتمانی پێیوایە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکە، ساختەکاری و تەزویر کراوە و ئەنجامەکەکانی رەتدەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی میهر، کە نزیکە لە سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە، لە راپۆرتێکدا دەڵێت، تاکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشەنگە و ئەم پارتە کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات. پێدەچێ ٤٢ کورسی بە دەست بهێنێ.

ئاژانسی هەواڵی میهر، ئاماژە بەوەش دەکات کە پێدەچێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ٢٤ کورسی مسۆگەر بکات. میهر ئاماژەی بە لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی داوە، کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بە فەرمی ناناسن.

ئاژانسی میهر لە راپۆرتێکی دیکەدا، ئاماژەی بە لێدوانێکی گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووە، کە بە سەرنجدان بە تەزویر و ساختەکەری لە چەند بنکەیەکی دەنگدان، رایگەیاندووە پێویستە یەکێتی ئەنجامەکانی قبوڵ نەکات. ئەم راپۆرتە  بە مانشێتی”یەکێتی نیشتمانی کوردستان: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە فەرمی ناناسین” لە سەر پێگەی میهر بڵاو بۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بە رێژەی بەشداری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، رێژەی بەشداری ٩٦.٥٧% بووە.

ئیسنا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم رێژەیە هەمو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە تیایدا هەڵبژاردن بەڕێوە چووە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، رێژەی بەشداری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوە بووە

هەولێر ٥٨.٥٨،سلێمانی ٥٣.١،دهۆک ٦١.٨٧ و هەڵەبجە ٦٠.٩٠%

ئیسنا هەروەها رایگەیاندووە، ٣ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان مافی دەنگانیان هەیە.

سایتی تەسنیم، کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیە کردووە و دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو رووەوە گرنگە کە حزبەکان بە وئەنجامە گەیشتوون، لە دوای رێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە نێو خۆیاندا دەست بدەنە پاکسازی.

سایتی تەسنیم، لەم بارەوە را و بۆچوونی محمد علی الحکیم، شرۆڤەکارێکی عێراقی وەرگرتووە، کە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە لە دوو رەهەندەوە جێی سەرنج و گرنگە، یەکەم، دەبێ ژوورەکانی فکر لە هەرێمی کوردستان، لە دوای ریفراندۆم بەوە رازی بن، کە لە ژێر ئاڵای عێراق درێژە بە ژیانی سیاسی خۆیان بدەن. دووەم ئەوەی کە هەل ومەرج و هەڵکەوتەی جوگرافی و سیاسی هەرێمەکە رێگە بە جیابوونەوە لە عێراق نادات. لەم رووەوە دەبێ ئەم هەڵبژاردنانە دۆخێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە، کە بەو پێیە حزبەکان هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکان بدەن و سەرلەنوێ باری سیاسی هەرێمەکە رێک بخەنەوە.

پێگەی فەرمی کەنالی العالم، لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرباری ئاسانکاریەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ،لە هەولێرو  دهۆک بە شێوەی جددی پێشوازی لە دەنگدان نەکراوە و تەنها دانیشتوانی گوندەکان و شارۆچکەکان بە شێوەی عەشیرەتی بەشدارییان لەم هەڵبژاردنانە کردووە.

بە گوێرەی پێگەی العالم، دەنگدەران بە هیوان لە رێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان،هەوڵی گۆڕینی باری گوزەران  وداهاتی خۆیان بدەن لە دۆخیک کە هەرێمەکە دوو ساڵە لە گەڵی روو بە رووە، ئەویش باری خراپی داراییەکەیەتی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com