وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ناسنامە و رەگەزنامەی ساختە روونکردنەوە دەدات

0

نوچەنێت

بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شێوازی دەرهێنانی ناسنامەو ڕەگەزنامە بەپێی یاسا دیاریكراوەو شێوازێكی قورسە، لە دوای ئەو دەنگۆیانە بەدواداچونیان كردووە لەسەرجەم فەرمانگەكانی هەولێر و سلێمانی و شوێنەكانی تر بەڵام “یەك ڕەگەزنامە و ناسنامە لای ئێمەوە بۆ ساختەكاری دەرنەچووە”.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠-٩-٢٠١٨دا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان هەریەك لە پارتی و یەكێتی-یان تۆمەتباركرد بە دروستكردنی ناسنامە و رەگەزنامەی ساختە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشکی شێری ئەو تۆمەتەنەی بەردەکەوێت. چونکە زۆربەی سکاڵاکان لە سلێمانی تۆمارکراون و کێشە . بۆ چاودێران و رۆژنامەنوسان دروستکراوە و لێیاندراوە؛ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتییەوە.

جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە “ئەو ڕەگەزنامە و ناسنامانەی باسی دەكەن ڕەنگە ساختەهەبێت، كە هێنابێتیان لەملاو لاوە، بەڵام لە فەرمانگە حكومیەكانەوە یەك ڕەگەزنامە ساختە ناكرێت، چونكە ئەو ڕەگەزنامانە بەژمارە و زنجیرە لە بەغدا وەردەگیرێت، ژمارەكەی دەدرێتە ئەو فەرمانگەی ڕەگەزنامەی گشتی تۆماردەكرێت، وە مۆری تایبەتی لێدەدرێت”.

هەروەها دەڵێت، “ڕەنگە دانە و دوان ئەگەر ون بێت لە ناوفەرمانگەكان ئێمە تەنانەت لیژنە لەسەر ئەوانەش دروست دەكەین، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی باسی دەكەن كە هەزاران یان دەیان هەزار ڕەگەزنامە ساختە كراوە لەكوردستاندا شتی وا ڕوونادات، بەهیچ جۆرێكیش هیچ فەرمانگەیەكی ئێمە لە هەولێر و سلێمانی و شوێنەكانی تر ڕەگەزنامەیان بۆ هیچ كەس ساختە نەكردووە و لەو دەزگایانەی ئێمەوە دەرنەچووە”.

جەلال شێخ كەریم ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەركەس و لایەنێك باسی ساختەكاری ناسنامە و ڕەگەزنامە دەكات با سكاڵا تۆمار بكات، یان بڕواتە دادگا وەك وەزارەتی ناوخۆ، بنكەكان و كەرتەكانی پۆلیس ئاگادار دەكەنەوە بەدواداچون بكەن، ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو ئەوا ئەوان بە تۆمەتی”تەشهیر” سكاڵایان لەسەر تۆماردەكەن كە “تەشهیریان پێكردوین”.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەكرێت لایەنێك بێت ڕەگەزنامە دروست بكات و ساختەی بكات جەلال شێخ كەریم وتی، “من خۆم شتی وام نەبینیووە، ئاگام لێی نیە، بەڵام جایزە ئامێری پێشكەوتووی ئەلیكترۆنی هەیە، كە مقەبا هەیە وەرەقە هەیە ئەو شتانە دەتوانرێت دروست بكرێت، هاوڵاتیەكیش دەتوانێت دروستی بكات بۆ كەسێك وێنە و مۆری لێبدات بۆ كەسێك و بروات دەنگی پێبدات، بەڵام ئەوە وردەكاری زۆری دەوێت، بەناوی كێوە دەیكەن؟ لەكوێیە؟ لە چ ناوچەیەكە؟ ئەوە ئاسان نیە بەوشێوەیە”.

جەلال شێخ كەریم ئەوەشی گوتووە “لەدوای ئەوەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوبونەوە لەدوای هەڵبژاردنەكان ئێمە لەفەرمانگەكانی خۆمان لەگەڵ هەموویان قسەمان كردووە لە هیچ فەرمانگەیەكی ئێمە یەك كارت یا ڕەگەزنامە دەرنەچووە بۆ هیچ كەسێك بەو شێوەی كەخەڵك باسی دەكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com