دۆخی کەرکوک دوای ساڵێک لە خیانەتەکی ١٦ی ئۆکتۆبەر

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ ساڵرۆژی کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەرە بوو، رۆژێک بۆ کورد ناخۆشترین رۆژەکانیەتی، نەک لە باشوور بەڵکۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان. لەم رۆژەدا کاتێک حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کەرکوک و دەورووبەری، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییان کرد، بەڵام دواتر پێشمەرگە لە زۆربەی میحوەرەکانەوە پاشەکشەی کرد، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگەش بەهۆی پێکدادانەکانی ئەو رۆژە و رۆژانی دواتر لە پردێ و زوممار و ناوچەکانی دیکە، ٦٠ پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە ١٥٠ی دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١٠-٢٠١٨، لە ساڵیادی ١٦ی ئۆکتۆبەر دا سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “ئەو پیلانە نەگریسە، سووكایەتی بوو بە سەت ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان. سووكایەتیكردن بوو بە خوێنی شەهیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان پاراست و لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان دەكرد. هەروەها سووكایەتی بوو بە دەنگی رەوا و ئاشتییانەی گەلی كوردستان، كە تەنیا تاوانی ئەوە بوو دەنگی راستەقینەی خۆی بە گوێی جیهانییان گەیاند”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە “ئێمە پێشبینی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات، ئەوان ویستیان بە ناپاكی و داگیركاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنن، كە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاكی و داگیركاریش سەرشۆڕی و شوورەییە”.

شازدەی ئۆكتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریكەیە لە مێژووی گەلەكەماندا، كە هەرگیز لە یاد ناكرێت و دەبێ ببێتە وانە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان.

پارتی هەڵەی کرد و یەکێتی ناپاکی نەتەوەیی

لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنێت “١٦ی ئۆکتۆبەر لە حەقیقەتدا دوو رووداوی لەدوای یەکە؛ یەکەمیان سیاسییە بە سەرکردایەتی پارتی کە بریتییە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەکاتیکی نەگونجاودا. دووەمیشیان هێرش و پەلاماری هێزەکانی عێراقە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و رێککەوتنی تاکلایەنەی نهێنی نێوان یەکێتی و حکومەتی بەغدایە”.

بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان دان بە هەڵەی ئەنجامدانی كاتی نەگونجاوی ریفراندۆمدا بنێت، كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دان بە هەڵەی سەفقەی ژێر بەژێری حیزبی تەسلیمكردنەوەی كەركوكدا بنێت، كە ئەو سیاسەتەیان تاوانێكە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەی “ناپاکی نەتەوەیی”یەوە.

لەبارەی هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت “حكومەتی ئیتیحادی عێراق، کە بە هێزی سەربازی هەڵیکوتایە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، پێشێلی گەورەی یاسای کردووە، کە بە دەقی دەستووری مەنعی کردووە هێزی سەربازی لە یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان پێکهاتەکان بکاربهێنرێت. ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەدیار چاوی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامیدا و هاوپەیمانانیش روڵی تەماشاکەریان بینی”.

بزووتنەوەی گۆڕان داوادەکات “بەزوویی و لەسەر بنەمای بەژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خەڵكی كەركوك، یەكێتی و پارتی و کۆی پێکهاتە سیاسییەکان رێكبكەون لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ كەركووك، کە لەم دۆخە خراپەدا هەموو رۆژێك دواخستنی ئەو بابەتە، بەزیانی دۆزی نەتەوەیی كورد و خەڵكی كەركووك دەشكێتەوە”.

بێلایەنانە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت

هەر ئەمڕۆش لە گردبوونەوەیەدا، کە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانان تێیدا بەشدار بوون، لە بەرانبەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەنگیان هەڵبڕی و داوایان کرد، کە بێلایەنانە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت.

لە گردبوونەوەکەدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە، کە لە بەشێکیدا هاتبوو “ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کاتێکدا ڕوویدا، کە پێچەوانەی هەموو یاسا کارپێکراو و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، هاوکات پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵە و تاوانێکی زۆر گەورەیە، چونکە بەپێی دەستوور نابێ سوپا و هێزە چەکدارەکان لە ملمالانێیە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن و پشێوی ساز بکەن، کە بەداخەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تاوانیان خولقاند”.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سێ داواکارییان خشتەڕوو ئەویش بریتییە لە:

– کۆتایی بەو ستەمە بێت، کە لە کورد دەکرێت و کۆتایی بەو هەڵمەتی لادانی بەرپرسە ئیدارییەکان بهێندرێت، کە زۆربەیان کوردن و لادراون.

– بەپێی دەستوور پێشمەرگە هێزێکی فەرمی و دانپێدانراوە، داواکارین بگەڕێنەوە کەرکوک و شنگال و هەموو ناوچەکانی دیکەی، کە دەبێ بە شێوەی هەمەلایەن ئیدارە بکرێن.

– لادانی ئەو خاڵە گومرگیانەی، کە لالەین حکومەتی عێراق و میلیشیاکانەوە بۆ وەرگرتنی باج وەگرتن لە بارهەڵگرەکان لە نێوان هەولێر و کەرکوک و هەموو ناوچەکانی‌تر دانراون.

لیژنەکان راپۆرتی کۆتایی رووداوەکانیان ئامادە نەکردووە

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم رووداوانە، رایگەیاند ”لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر جەم فراکسیۆنەکان پێکهێنا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەرووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، بڕیاروابوو لیژنەکە دوای تەواو بوونی  کارەکانیان  ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان پێشکەشی پەرلەمان بکەن”.

سەرۆکی لیژنەی پیشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو لیژنەیەی پێکهێناراوە بۆ لێکۆڵینەوە هەر فراکسیۆنێک نوێنەرێکی لە لیژنەکەدا هەیە، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە راپۆرتی کۆتایی خۆیان پێشکەش نەکردووە، بۆیە نەهاتووەتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەری.  

لێژنەی پەرلەمانی کوردستان لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەسەر خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە سنووری شاری خورماتوو دەستیپێکردەوە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەکە لەگەڵ چەند بەرپرسێک کۆدەبنەوە.

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە تایبەت لە سنووری خورماتوو، بە نوچەنێت-ی رایگەیاند “بەھۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماوەیەک کاری لیژنەکەیان راگیرابوو. دەشڵێت “لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر، چەندین راپۆرتیان ئامادە کردووە و کۆبوونەوە لەگەڵ ھاوڵاتییان و بەرپرسانی ئیداریی خورماتوو ئەنجام دراوە”.

شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوزخورماتوو ئاشکراشی کرد: “بڕیارە لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی ئەو سنوورە، کە ناویان ھاتووە، کۆبوونەوە ئەنجام بدەین و دواتریش ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەکەینەوە”.

لە رووداوەکان دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دراوە

بەھۆی کارەسات و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئاشکرای کردووە لە چوارچێوەی هێرشەکانی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر کوردستان بە تایبەت لە دوزخورماتوو، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ژمارەیەک ئافرەتی کورد، جگە لەوەی، کە هەزاران کورد لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە ماڵیان تاڵان کرا، ماڵی ٤٠٠ هاوڵاتی کورد سووتێندران، زیاتر لە ٥٠ خانووش تەقێنرانەوە و ژمارەکی زۆر لە ھاوڵاتییانی کوردی خورماتوو، شەھید و بریندار بوون و چەندین خێزان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون، کە تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان .

دوای ئەم خیانەتەو داگیرکاری میلیشاکانی حەشد و لە دەستدان و بە فێرۆچوونی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی کوردستان، کە سەرمایە ی هەزاران شەهید و پێشمەرگەی قارەمان بوو، هەر لە سەروبەندی ڕووداوەکاندا، هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهوور جەنگی، ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی و ئاسۆ مامەند)، هەریەکەی بە جۆرێک بەرگرییان لەو رووداوانە دەکرد.

لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتییە

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و دوز دەکەوێتە ئەستۆی ”کاڵفامەکانی ناو یەکێتی“ و داوای پاراستنی یەکڕیزی کوردستانی کرد.

کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کورد جگە لە چیاکانی خۆی هیچ دۆستێکی دیکەی نییە و ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و خورماتووشی خستە ئەستۆی ”کاڵفامەکانی ناو یەکێتی“ و ”لادەر لە ڕێبازی یەکێتی“ وەسفی کردن. دەڵێت “ئەوەی زیاتر برینەکە بە سوێ دەکات ئەوەیە کە چەند کەسێکی لادەر لە ڕێبازی یەکێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستکەوتێکی کاتی شەخسی دەبنە ھاوکار و دەستکێشی داگیرکەران و بەم کارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی گەلەکەمانەوە”. 

کۆسرەت رەسوڵ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی ھێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەکەم ھەرچی زووە ھیممەت بکەین و ناوماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوەو عیبرەت لە ڕووداوەکان وەربگرین , یەکڕیزی گەلەکەمان بپارێزین و تۆکمەی بکەین، چونکە تەنھا و تەنھا ئەوە تاکەڕێگای ھێزدانەبەری خەبات و کوردایەتییە.

بەرژەوەندپەست و هەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕیوە

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختی لە بۆچوونەکانی خۆی لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کردەوە و ئاشکرای کرد کە ”بەرژەوەندپەست و هەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕیوە“.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ١٦ی ئۆکتۆبەری بە ڕۆژە شوومەکەی کوردستان ناساند و ڕای گەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەمان ئەو پەیام و وتارەی بڵاو دەکاتەوە کە دوو ڕۆژ دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ١٨-١٠-٢٠١٧ بڵاوی کردووەتەوە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە ”من ئێستاش ھەمان ئەو بۆچوونانەم ھەیە، کە ئەوکات نووسیومن، بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچوونی خۆیان گۆڕی“.

بەبۆنەی تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر (رۆژە شومەکەی کوردستان) ھەمان ئەو پەیام و وتارەم بڵاودەکەمەوە، کە دوو رۆژ دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ١٨/١٠/٢٠١٧ بڵاومکردەوە. من ئێستاش ھەمان ئەو بۆچونانەم ھەیە، کە ئەوکات نوسیومن، بەڵام بەرژەوەندپەرست و ھەلپەرستەکان بۆچونی خۆیان گۆڕی.

 

چەند بەڵگەیەکی ڤیدیۆیی حاشا هەڵنەگەری سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کە سەلمێنەری ئەو تۆمەتانەیە ئاراستەیان کراوە.

 

هەرچی هێزی عێراقی هەیە ناتوانێت ئاسایش لە کەرکوک بەرقەرار بکات

لە دوایین تەقینەوە کە لە کەرکوک لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا هەشت کەس برینداربوون، ئەو ئۆتۆمبێله پێنجەم ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوبوو، کە لە ماوەی ١٥ رۆژی سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر تەقییەوە، زیاتر لە ١٠ بۆمبی چێندراو و لکێندراویش هەر لەو ماوەیە لە سنوورەکانی پارێزگاکە و ناو شاری کەرکوک تەقیونەتەوە.

ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “داعش هەرکات بۆی بڕەخسێت کاری تێرۆریستی دەکات، بەڵام بەهۆی چڕیی ئەم هێزانەی ناو کەرکووک و دابەشبوونیان بەباشی، وایکردووە نەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن و سەد لە سەد جێبەجێیبکەن”.

کورد تاوەکو پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە تەنیا مەلەفی ئەمنی کەرکوکی لەدەستبوو، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەندامەکانی فراکسیۆنی برایەتی لە لیژنەی ئەمنی ئەنجومەن، رێگریان لێدەکرێت بەشداری لەکۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگا بکەن.

ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی بڕوایوایە هەرچی هێزی عێراق هەیە لەو پارێزگایە کۆبکرێتەوە، ناتوانێت ئاسایش بەرقەراربکات ئەگەر رێککەوتن نەبێ و دەسەڵات بۆ هێزە نێوخۆییەکان نەگەڕێتەوە.

ئەوەی زیاتر لە هەر کاتێک بۆ ئێستا ترسی لای هاونیشتمانیانی کەرکوک دروستکردووە، نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەرەوەی شارەکەیە لەنێو گەڕەکەکان بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و نازانرێت چۆن و لەکوێوە دێن.

جیا لەتەقینەوەکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی دزیکردن و کوشتن یەکێکن لەو مەترسیانەی ئێستا بەدیدەکرێن، بەپێی ئاماری پۆلیسی کەرکوک تەنیا لە مانگی رابردوو ٧٢ حاڵەتی دزیکردن هەبوون، کە تەنیا نۆیان ئاشکراکراون و شەش حاڵەتی رفاندن و ١٢ حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.

ئەنجام:

بەگوتەی شارەزایانی سیاسی رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر جەرگبڕ بوون، بەڵام بەهۆی تێگەیشتنی سەرکردەکانی بەرەی سەربەخۆیی خوازی لە قۆناغەکە و خوێندنەوەی پیلانی داگیرکەران، توانرا پێش بە شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیداری و چەندین پلان و پێلانی دیکەی دوژمنان و نەیارانی کورد بگیردرێت.

هەروەها بەهۆی مکوڕبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرگری کردن، توانیان لە پردی و مەخمور و سحێلا، پێش بە هێرشی دوژمن بهێنن و هەرێمی کوردستان لە کەوتنی پیلان بۆ داڕێژراوی دەستی دەرەکی و نێوخۆیی بپارێزێت. 

لەلایەکی دیکەوە بە بڕوابوون بە هێزی دیپلۆماسی و بەکارهێنانی تاکتیکی سیاسی دیپلۆماسی توانرا گەمارۆکانی سەر هەرێم چ لەلایەن بەغدا و چ لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێران، لابردرێت لە کاتێکدا، کە هەم لە ناوخۆی هەرێم و هەم لە دەرەوە داوای لەکارخستنی حکومەت و سڕینەوەی هەرێمیان دەکرد. دوایان لە بەغدا دەکرد وەک پارێزگاکان لەگەل هەرێم مامەڵە بکرێت. بینیمان ئەو پیلانەشیان نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو حکومەت بەێزتر بووەوە و باری ئابووریشی باشتر بووە.

کەسایەتی و شارازایان، ئەوەش وەبیر دەهێنەوە، کە لەڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و…هتد، ئەو بانگەشەیەی، کە دەکرا لەلایەن خەیانەتکارانەوە، تا ئێستاش شتێک نەبووە شایانی باسکردن بێ. بۆیە بە هەموو پێوەرێک نەزانی و کۆیلەیی هۆکاری سەرەکی روودانی ئە خیانەتەیە، کە لە نیشتیمان کرا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com