یەکگرتوو خۆی یەکلایی کردەوە

0

نوچەنێت

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.

لە راگەیێندراوێکدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند “له‌م خوله‌دا به‌شداری كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ناكات و وه‌كو ئۆپۆزیسیۆن درێژه‌ ده‌دات به‌ خه‌باتی سیاسی و په‌رله‌مانی خۆی له‌پێناو به‌شداربوونی كارا له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی راسته‌قینه‌ و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌ره‌وه‌ری بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان و چین و توێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان”.

دەقی راگەیێندراوەکەی یەکگرتوو:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌رواری 22/10/2018 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی سازكرد بۆ تاوتوێكردنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و چۆنییه‌تی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌و باره‌یه‌وه‌. 

سه‌ره‌تا كۆبوونه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی كرد له‌سه‌ر ئه‌وپێشێلكاری و ساخته‌كاریانه‌ی كه‌ هه‌ردوولایه‌نی ده‌سه‌ڵات له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردوویانه‌ به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینی رێژه‌ی ده‌نگه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، كۆبوونه‌وه‌ جارێكی تر ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان و گرتن به‌ری رێكاری یاسایی پێویست له‌و پێناوه‌دا .. 

له‌ته‌وه‌ریه‌كی دیکەدا كۆبوونه‌وه‌ بژارده‌كانی به‌رده‌م یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و چۆنیه‌تی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌و باره‌یه‌وه‌ی خسته‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن. 

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دوای تاوتوێكردنی ئه‌نجامی راپرسی كادیران و ئۆرگانه‌كانی حیزب، بریاری دا: یه‌كگرتوو له‌م خوله‌دا به‌شداری كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ناكات و وه‌كو ئۆپۆزیسیۆن درێژه‌ ده‌دات به‌ خه‌باتی سیاسی و په‌رله‌مانیی خۆی له‌پێناو به‌شداربوونی كارا له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی راسته‌قینه‌ و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌ره‌وه‌ری بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان و چین و توێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. 

له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سوپاس و ده‌ستخۆشی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌ندام و لایه‌نگر و ئۆگانه‌كانی حیزب كرد و، هه‌وڵ و ماندووبوونیانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌رزنرخاند، هەروەها به‌ڵێنی دا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی گشتیی حیزب كه‌ بریاره‌ له‌م رۆژانه‌ سازبكرێت، بكاته‌ وێستگه‌یه‌ك و ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ریشه‌یی و ده‌ستنیشانكردنی خاڵه‌ لاوازه‌كان و هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و ئه‌نجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی به‌مه‌به‌ستی خۆنوێكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسانه‌وه‌ و تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ نه‌خوازراوه‌. 

جارێكی دیکە سه‌رفرازی و سه‌ربه‌رزی بۆ تێكڕای ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ خوای گه‌وره‌ داواكارین. 

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو

22/10/2018

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com