ئێران بە چ رێگەیەک و بۆچی تیرۆر دەکات؟

0

نوچەنێت: تایبەت

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٣٠-١٠-٢٠١٨، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران لەو وڵاتە ئاشکرا کرد و باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە. چالاکێکی سیاسیش دەڵێت “سێ وڵاتی ئەوروپی جەخت دەکەنەوە، کە دەزگای سیخوڕی ئێران لە وڵاتەکانیان دا چالاکە، بەلآم بەرژەوەندیخوازی پەیڕەو دەکەن”.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٣٠-١٠-٢٠١٨، ئەندرس ساموئلسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، پاش پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران بۆ هێرش لەو وڵاتە، باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە و رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە کاردانەوە بەو هەوڵەی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشیکی تیرۆریستی، لە هەواڵی ئەوە دایە، تاکوو یەکێتی ئەوروپا بە قەناعەت بگەیەنێت گەمارۆ نوێ لەدژی تاران بگرێتە بەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-١٠-٢٠١٨، وەزیرانی دەروەی چوار وڵات سوید، نەرویج و فینلەندا و ئاسلەندا، بە دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش، پشتیوانی خۆیان لە حکومەتی دانیمارک راگەیاند و تیرۆری جیهانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ئیدانەکرد.

 ٥٠٠ کیلۆ ماددەی تەقەمەنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی

رۆژی ٣-٧-٢٠١٨، داواکاری گشتی بەلجیکا رایگەیاند، کە ئەو دوو کەسە دەستگیرکراوە هەوڵیان داوە تەقینەوەیەک لە نزیک کۆنگرەیەکی موجاهیدینی خەلقی ئێرانی لە پاریس، ئەنجام بدەن.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدیی تەمەن ٤٦ ساڵ، دیپلۆماتکارێکی ئێرانییە و لە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە نەمسا کاری کردووە و لە ئەڵمانیا بەتۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر، دەستگیر کراوە. بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی پەیوەندیی لەگەڵ ژن و پیاوێکی ئێرانی بە ناوەکانی ئەمیر و (ن.)ـەوە هەبووە، کە بە ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنییەوە لە بەلجیکا دەستگیر کرابوون.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بواری تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا، ناوی ئێران وەك پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی هێنراوە. راپۆرتەكە ئێرانی بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەكە و ئاژاوەنانەوە مەحكوم كردووە.

 بە پشتیوانیكەری سەرەكی تیرۆریزم ناسراوە

لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٩ەوە، کە حزبی كۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئێرانی بەدەستەوە گرت، بۆ پاراستنی خۆی لە هەر جۆرە گوشارێكی ناوخۆیی و دەرەكی و چەسپاندنی ئەو بەرنامانەی خۆی مەبەستی بووە، هانای بۆ سەركوت و تیرۆر بردووە. ئەو رژێمە تەنیا لە ناوخۆ خەڵكی نەیاری خۆی نەكوشتووە، بەڵكو لە وڵاتانی دەرەوە و تەنانەت لەو وڵاتانەش كە بە مەڵبەندی ئاشتی و ئارامیی دنیا ناسراون، پیلانە تیرۆریستییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە.

هەر بەهۆی ئەو تیرۆرانەی لەسەر ئەم رژێمە ساغ بوونەتەوە، رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پشتیوانیكەری سەرەكی تیرۆریزم ناسراوە، ئەو وڵاتە دژی هاوڵاتییانی خۆی و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت خەڵكی وڵاتانی تری دنیا، كۆمەڵێك تاوانی گەورەی تیرۆریستی كردووە.
بە چەند رێکخراوێک تیرۆرەکان دەکات

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، كۆمەڵێك رێكخراوی دامەزراندووە، كە خەریكی كاری تیرۆریستین. لەوانە حزبوڵای لبنان، حزبوڵای حیجاز، دەیان گروپ و رێكخراوی تر، كە بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنكەیان دامەزراندووە. لە عێراق و سوریا دەیان گروپی دروست كردووە، كە بەشی زۆریان خەریكی تێكدان و ئاژاوە و كاری تیرۆریستین. هەروەها راستەوخۆ پشتیوانی لەو رێكخراوانە كردووە، كە لە جیهاندا بە تیرۆریست ناسراون، ئەو رژێمە لە ساڵی ٢٠٠١ پشتیوانی لە كردەوەكانی ئەلقاعیدە كرد و كۆمەڵێك لە سەركردەكانی ئەو رێكخراوە مەترسیدارەی لای خۆی داڵدە داوە.

دیپلۆماتكاران تیرۆر دەکات
– لە ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٠دا، رژێمی ئێران چوار دیپلۆماتكاری سعوودیە لە تایلەندی تیرۆر كرد. ساڵی ٢٠١١ ئێران ویستی باڵوێزی سعوودیە لە ئەمەریكا تیرۆر بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. لە ١١ی تشرینی یەكەمی ئەوساڵەدا ئێریك هولدر، وەزیری دادی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، هاوڵاتییەكی ئێرانی بەناوی مەنسوور ئەرباب سەیار، دەستی لە تیرۆرەكەدا هەبوو و دواتر بە سزای ٢٥ ساڵ زیندان مەحكوم كرا. لەو رووداوەدا عەلی غولام شكوری، ئەفسەری باڵای سوپای قودسی ئێرانی بە هۆكاری رووداوەكە تۆمەتبار كرا. ساڵی ٢٠١٢ بەرپرسانی ئازەربایجان توانییان پیلانی تیرۆری دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لە وڵاتەكەیان ئاشكرا بكەن، كە لە لایەن گروپێكی توندڕەوی شیعەی ئازەربایجان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێ، رێكخرابوو.

تیرۆری سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی ئەوروپی

حکومەتی ئێران لە درێژەی دەسەڵاتیدا، كۆمەڵێك لە كەسایەتی و رێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی تیرۆر كردووە. لە ١٣ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٩ دكتۆر عەبدوڕەحمان  قاسملوو، سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لەسەر مێزی گفتوگۆ تیرۆر كرا. لەو هێرشەدا عەبدوڵڵای قادری ئازەر، نوێنەری ئەو حزبە لە ئەوروپا و فازڵ رەسول، كەسایەتی باشووری كوردستان تیرۆر كران.

– ساڵی ١٩٩١ شاهپور بەختیار، دوایین سەرۆك وەزیرانی ئێرانی تیرۆر كرد. لەو هێرشەی، كە لە پاریس ئەنجام درا.

– ساڵی ١٩٩٢ لە بەرلینی ئەڵمانیا، “دكتۆر سادق شەرەفكەندی” سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سێ كەس لە هاوڕێیانی ئەو، بە ناوەكانی فەتاح عەبدولی، همایون ئەردەڵان و نووری دێهكۆردی تیرۆر كرد. ئەوكات دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا حوكمی گرتنی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی دا، كە داڕێژەری سەرەكی هێرشە تیرۆریستییەكە بوو.

ئەو کردەوانەی ئێران تۆمەتباری سەرەکییە 
– لە ساڵی ١٩٨١دا، راستەوخۆ دەستی لە تەقینەوەكەی بەیرووتی پایتەختی لبنان هەبوو كە كوژرانی ٦١ كەس و برینداربوونی ١١٠ كەسی لێ كەوتەوە. 

– لە ساڵی ١٩٨٣ لە لایەن حزبوڵڵای سەر بە ئێرانەوە، لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە لوبنان تەقینەوە كرا، كە بەهۆیەوە ٦٣ كەس گیانیان لە دەست دا.

-لە ساڵی ١٩٨٣، كەسێك بە ناوی ئیسماعیل عەسكەری، ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشێكی خۆكوژیدا لە ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریكا لە بەیرووت، ٢٤١ كەسی كوشت و ١٠٠ كەسی تری بریندار كرد.

– لە ساڵی ١٩٨٣دا، گرووپێكی سەربە حزبوڵا و حزبی دەعوەی عێراق كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكران، لە نزیك باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا و فڕەنسا لە كوێت و پاڵاوگەی نەوتی ئەو وڵاتە هێرشێكی تیرۆریستییان ئەنجام دا كە بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران و هەشتی تر بریندار بوون.
– لە ساڵی ١٩٨٥، ئێران ویستی شێخ جابر ئەحمەد میری كوێت تیرۆر بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئەگەرچی ژمارەیەك سەرباز و هاوڵاتی سڤیل كوژران. هێرشەكە لەلایەن حزبی دەعوەی عێراق ئەنجام درا كە سەر بە ئێران بوون.
– لە ساڵی ١٩٩٤دا ئێران لە بۆینێس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین، تەقینەوەیەكی گەورەی ئەنجام دا كە بە هۆیەوە ٨٥ كەس كوژران و ٣٠٠ كەسی تریش بریندار بوون. بە هۆی ئەو رووداوەوە حەوت كەس لە بەرپرسانی باڵای ئێران لە لایەن ناوەندی یاسایییە نێودەوڵەتییەكانەوە داوا كراون. ساڵی ٢٠٠٣ پۆلیسی بەریتانیا هادی پوورسەفیر باڵوێزی پێشووی ئێران لە ئەرجەنتینی بە هەمان تۆمەت گرت.
لە ساڵی ١٩٩٦ حزبوڵڵای حیجاز، لە تاوەرێكی سعوودیە، بۆمبێكی تەقاندەوە، كە بەهۆیەوە ١٢٠ كەس كوژران، لەوانە ١٩ كەسیان ئەمەریكی بوون. یەكێك لەو تاوانبارانە، ساڵی ٢٠١٥ بە ناوی ئەحمەد مەغسەل، لە بەیرووت لەلایەن هەواڵگریی سعوودیەوە دەستگیرکرا.
– لە ساڵی ٢٠٠٣ ئێران لە دانانەوەی بۆمبێك لە ریازی سعوودیە، رۆڵی راستەوخۆی هەبوو و هێرشەكەش بە فەرمانی یەكێك لە رێبەرانی ئەلقاعدە ئەنجام درا، كە لە ئێران داڵدە دراوە. بەهۆی ئەو رووداوەش كۆمەڵیك هاوڵاتی بوونە قوربانی.
– لە ساڵی ٢٠٠٣ بە پیلانێكی تیرۆریستی كە بە پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران داڕێژرابوو،  ژمارەیەك بۆمب لە بەحرێن بۆ مەبەستی تەقاندنەوە چێنرابوون، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە پوچەڵ كرانەوە.
– لە ساڵی ٢٠١٣ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، توانی تۆڕێكی تیرۆریستی حزبوڵڵا ئاشكرا بكات، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرا. ئەو تۆڕە خەریكی كۆكردنەوەی زانیاری بوون لەسەر هەموو دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی دامەزراوە سەربازی و ئابوورییەكان.
– لە ساڵی ٢٠١٦ دادگای تاوانەكانی كوێت، دوو كەسی سزا دا، كە یەكێكیان سەر بە ئێران بوو و بۆ حكومەتی ئێران كاری هەواڵگریی دەكرد.
لە ٦ وڵاتی ئەوروپی سیخوڕ و تێرۆریستی سەر بە ئێران چالاکن

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. جەعفەر حامیدی، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران لە ئەوروپا رایگەیاند: رۆژی ٢١ـی مانگی ئۆکتۆبەر، ئێرانییەکی دانیشتووی وڵاتی نەرویج بە گومانی کاری تێرۆریستی لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید گیراوە؛ ئەو کەسە تا رۆژی ٨ی مانگی نوڤەمبەر لە وڵاتی دانماڕک لە زیندان دادەبێ و ھیچ کام لەو سێ وڵاتە رەتی ناکەنەوە، کە ئەو کەسە ئەرکی سیخوڕی لە لایەن ئێرانەوە پێسپێردراوە. ھەروەھا ھەر سێ وڵات جەخت دەکەنەوە، کە دەزگای سیخوڕی ئێران لە وڵاتەکانیان دا چالاکە.

جەعفەر حامیدی دەشڵێت “سەرۆکی راستەکان، کە سەرۆکوەزیرانی نۆڕوێژیشە، دەڵێ ئەو جۆرە سیخوڕییانە بۆ ئێمە قابیلی قبوڵ نییە. هەروەها هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکانی نەرویج، سوید و دانیمارک، لە سەر ئەوە کۆکن، کە کەسی گیراو بە شوێن کاری تێرۆریستییەوە بووە لە دانماڕک. بەڵام لە بەر ئەوە لە لایەن سیاسییەکانیانەوە دەست بە دەمیاندا گیراوە حازر نین ھیچ زانیارییەک بدرکێنن”.

ئەو چالاکە سیاسییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، کە ماوەیەک پێش ئێستا ھەواڵی لەو چەشنە لە وڵاتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا بڵاوبۆوە. بەو شێوەیە لانی کەم ٦ وڵاتی ئەوروپایی جەخت دەکەنەوە، کە سیخوڕ و تێرۆریستی ئێران لە وڵاتەکانیاندا چالاکن؛ ئێستا کە وایە و بۆخۆیان دەیسەلمێنن، کە ئێران کاری تێرۆریستی دەکات”.

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەوروپا ھیچ ھەنگاوێک دژی ئەو کردەوەیەی ئێران ھەڵناگرن، حامیدی گوتی “ئەو سیاسەتەی ئەوروپا درێژەی ئەو بەرژەوەندیخوازیەیە، کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە ھەمبەر ئێران پەیڕەوی لێدەکەن”. 

ئەنجام: 

ئێران وڵاتێک نییە، لەسەر دەسەڵاتی جێگیر و خاوەن جەماوەر و مەشروع بونیاد نرابێت، بەڵکو خاوەن هێزێکی سەرکوتکەری ئایدۆلۆژیکی شیعە مەزهەبە، کە دروستکردنی کێشە و دەستوەردان لە وڵاتانی دیکە توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی تا ئێستا لە ناوچەکە بپارێزێ.

پیلانگێڕان و هەوڵی تیرۆرکردن، لە حکومەت و کاربەدەستانی ئێران، لەم چەند رۆژەی دوایی نوێ نییە و وەک پەلەقاژەیەک دەبینرێ بۆ فشار دروستکردن لەسەر جوڵانەوە ناوخۆییەکان و یەکێتی ئەوروپا لەسەر گەمارۆکان. بەڵام پێناچێ لە هیچیان سەرکەوتوو ببێ، بەهۆی جددی بوونی ئەمریکا بە تایبەت دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر سزادانی ئێران بەوەی یان تەسلیم بێ یان بەتەواوەتی  گۆشەگیری بکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی رووخانی ئەو وڵاتە (سیستەمی سیاسی ئێران).

ئارامی ئێستای ئێران “ئارامی پێش باهۆزە”، دۆخی ئێستای ئێران ئەو ئارامییەی لە دنیای دەرەوەی لێی دیارە، رێک لە هەردەم لەبەردەم ئاڵوگؤڕێکی مەترسیداردایە لە ناوچەکە، هەرچەند ئەمریکا بە هۆی گەمارۆی ئابووری توانیویەتی، بە فشاری ئابووری تا ئەندازەیەک پاشەکشە بە سەرەڕۆیەکانی ئێران بکات و پەرە بە کێشەنێوخۆییەکانی لێ قیت بکاتەوە، وەک شارەزایانی سیاسی باسی دەکەن، پێ دەچێ ئێران لە دواساتەکانی تەمەنی توند ئاژۆیی و دەسەڵاتیدا بێ. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com