ئێران چ رێگەیەکی لەبەردەمە بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان؟

0

نوچەنێت

كۆماری ئیسلامی ئێران لەژێرناوی هەناردەكردنی شۆڕشدا، ئامانجی چەسپاندن و پەرەپێدانی سیستەمی ئیسلامی و پاراستنی بەرژەوەندی ئیسلام، دەیەوێ هزر و بیری خۆی لەو چوارچێوەیەدا لەرێگەی دەستوەردان و دروستکردنی میلیشیا بڵاوبكاتەوە، هەروەها هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی بۆگەرەنتی کردنی سیستەمەکەی داوە، بەڵام ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئەو هەوڵەی ئێرانن. 

لە هەشتەمی مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٨دا دۆناڵد ترەمپ، چوونەدەرەوەی ئەمریكای لە بەرجام راگەیاند و هەموو ئەو گەمارۆیانەی كە لەسۆنگەی رێككەوتنە ناوكییەكەوە هەڵپەسێردرابوون، هێنایەوە جێی خۆی. ئامانجی ئەو گەمارۆیانە، بەشە هەستیارەكانی ئێران وەك وزە و پێترۆكیمیا و ئاڵوگۆڕەكانی دراو بووە. بەپێی ئەو جۆرە گەمارۆیانە، مۆڵەتێكی ٩٠ یان ١٨٠ رۆژە دراوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو چالاكییانەی لە سۆنگەی ئەم رێككەوتننامەیەوە راگیرابوون، بخرێنەوەگەڕ.

لەسەر بنەمای كۆتاییهاتنی قۆناغی درێژكردنەوەی هەڵپەساردنی گەمارۆكان لە 6ی ئەگۆستی ٢٠١٨ دەوڵەتی ئەمریكا، دووەم خولی گەمارۆكانی خۆی دەخاتەگەڕ كە بریتین لە:

١- گەمارۆی كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە. 
٢- گەمارۆی بازرگانییەكانی ئێران لە بواری ئاڵتوون و كانزا بەهادارەكان.
٣- گەمارۆی فرۆشتن، خستنەڕوو، راگوێستنی ناڕاستەوخۆ یان راستەوخۆی گرافیت، كەرەستەی خاو یان كانزا نیوەدروستكراوەكانی وەك ئەلەمینیۆم و ستیل و بەردەخەڵووز و نەرمە ئامێرەكانی یەكپارچەكردنی پرۆسەی پیشەسازی.
٤- گەمارۆی هێنان و راگوێستنی گرنگی پەیوەندیدار بە كڕین و فرۆشتنی تمەن یان راگرتنی سندووقەكان یان حیسابەكانی تمەنی دەرەوەی سنوورەكانی ئێران. 
٥- گەمارۆكانی پەیوەندیدار بە كڕین یان هاوبەشی یان ئاسانكاریی بۆ قەرزە حكومییەكانی ئێران…
٦- گەمارۆی پیشەسازیی دروستكردنی ئۆتۆمبێل. 
٧- هاوردەی فەرش و ماددەی خۆراكیی ئێرانی بۆ ئەمریكا و هێندێ معاملەی دارایی… 
٨- هەناردەكردنی سەرلەنوێی فڕۆكەی نەفەرهەڵگر یان خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندیدار بە پارچەكانی.

گەمارۆکانی ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨

١- گەمارۆی سوودمەندیی بەندەرەكان و كەشتیسازی و راگوێستنی دەریایی كە ئەو هێڵ و رێگە دەریاییانە دەگرێتەخۆ، كۆماری ئیسلامی كاڵایان پێدا رادەگوێزێت. 
٢- گەمارۆی ئاڵوگۆڕەكانی پەیوەندیدار بە نەوت و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و كڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان یان پێترۆكیمیایی لە ئێران.
٣- گەمارۆی ئاڵوگۆڕە داراییەكانی دامەزراوگەلی بیانی لەگەڵ بانكی ناوەندیی ئێران و دامەزراوە داراییەكانی ئێران. 
٤- گەمارۆی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی تایبەتی پەیامگەلی دارایی بۆ بانكی ناوەندیی ئێران و دامەزراوە داراییەكانی ئێران لە ژێر چاودێری بەشی 1245ی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی.
٥- گەمارۆی خزمەتگوزارییەكانی بیمە.
٦ گەمارۆی بەشی وزەی ئێران.

مەرجەکانی ئەمریکا بۆ لابردنی سزاکان

دوا بە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەند خاڵێکی بۆ ئێران دیاریکرد تاکو پێوەی پابەندبێت دەنا رووبەرووی سزا دەبێتەوە.

بەڵام ئێستا کە تەنها چەند کاتژمێرێک ماوە بەسەر سەپاندنی بەشی دووەمی سزاکان، ئێران هیچکام لەم خاڵانەی بە وتەی ئەمەریکا جێبەجێنەکردووە.

ئەو ١٢ مەرجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئێرانی داناوە: 

١- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت کە تەواوی زانیارییەکان لەسەر چالاکی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاکییانە هەڵبگرێت.  

٢- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەکارهێنانی  پلوتۆنیۆم نەدات وە تیشکدەرەوە ئاوییەکانی دابخات.

٣- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەکان لە ئێران.

٤- کۆتای بە زیاکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەکی ئەتۆمیی رابگرێت.

٥- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا ئازادبکرێن لە زیندان.

٦- کۆتای بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.

٧- هەموو هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.

٨- واز لە پشتگیریکردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەکانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت.

٩- کۆتای بە هەڕەشەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بهێنێت کە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەکات.

١٠- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.

١١- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیکردنی باڵەکانی لە تەواوی جیهان بهێنێت.

١٢- پشتگیری حوسییە یاخییەکانی یەمەن نەکات و هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن.

ئێران تەنازول دەکات

د. هۆشیار مەعروف، پرۆفیسۆر لە ئابووری و مامۆستای زانکۆ، تایبەت بە نوچەنێتی راگەیاند: ئەو گەمارۆیە سەر ئێران سێ لایەنی هەیە، یەکەم رەشبینییە و دەوەم هەڕەشەیە، کە دەگاتە لێواری شەڕ بەڵام روونادات، چونکە لایەنێکی تەنازول بۆ ئەوەیتریان دەکات. هەروەها سێیەم، ناوەنجی دەبێت نە رەشبینی و نە هەڕەشە. بەڵام ئەوەی سەر ئێران لە جۆری دووەم دەبێ واتا هەڕەشەیە و دواتر لایەنێکیان تەنازول دەکات؛ لەو بڕوایە دام، کە ئێران تەنازول بکات و مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ بکات.

د. هۆشیار دەڵێت، ئەم گەمارۆیە زیاتر سیاسەت پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی دادەبەزێ، کە ئەمە زۆر گرنگترە لەوەی بڵێن رۆژئاوا پشتی ئێران دەگرێ. گوتیشی “ئەو فشارە ئابورییە لە لایەکی دیکەوەشەوە بۆ ئەوە روسیا لە ئێران بکشێتەوە و ئەمریکا پێگەی خۆی بەهێزبکات. هەروەها کێشەی ئێران حکومەت بە حکومەت نییە، کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتەی هەیە بە ئەمریکا دەڵێ شەیتانی گەورە و …هتد، کە ئەگەر بکرێتەوە ئەوە زۆر قورس دەبێ لەسەر متمانە پێکردنی خەڵک بەو دەسەڵاتە، ئەوەی لای ئەمریکا گرنگە لە ناو خەڵکەکە قەناعەتێک دروست ببێت، کە روو لە ئەمریکا بەکەن نە روسیا.

ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەشدا، کە هەوڵدەدەن ئێران لە سنورەکانی خۆی دەرباز نەبێ. ئەگەریش گەمارۆیەکی جددی وەک عیراق بخاتەسەر ئێران، ئابووریەکەی دەڕوخێنێ، چونکە ئەو وڵاتە وڵاتی نەوتییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گەمارۆیە وەک عێراق وەک خۆی کە بڕیاری لێدراوە جێبەجێ ناکرێ، چونکە بەرژەوەندی ئەوروپیش لە ناو ئێراندا بوونی هەیە و ئەمریکا یەکلایی نەکردۆتەوە؛ بەرژەوەندی ئەوروپا و ئەمریکا تێکەڵە، بۆیە پێدەچێت ئەمریکا خۆی ئەو بەرژەوەندییەکی ئەوروپای لە ئێران یەکلا نەکردبێتەوە بۆ رۆژێکی دیکە.

بەهای دراوی ئێرانی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دادەبەزێت

هەر لەم بارەیەوە لەمبارەوە هەردەوان نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین و شارەزا لە بواری ئابووری بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەتایبەت ئەمجارەیان کە سزاکان لەڕووی ئابووری و بلۆکەکردنی ئاڵوگۆڕی دارایی ئێران کە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەیبووە، ئەمە وا دەکات بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) زۆر لەوەی ئێستا کە هەیە زیاتر داببەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرەکانی دیکەی دراوی بیانی نەتوانن وەک پێشتر داخلی وڵات بکرێن”.

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری گوتیشی “ئێمە لە زانستی ئابووریدا شتێکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر بێت و جووڵەی دراوی بیانی لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەکی هاوسەنگ و سەقامگیر نەبێت، ئەوا کاریگەری لەسەر بەهای دراوی ناوخۆی دەبێت”.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەلاحەدین بە ئاماژەدان بە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر عێراق لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ئەوەی خستە ڕوو، کە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار لەو کاتەدا زۆر دابەزی، بۆیە بە تێگەیشتنی من ”بەهای دراوی ئێرانی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دادەبەزێت”.

نەقشبەندی ئەوەی نەشاردەوە کە ئێران بۆ ڕێگەگرتن لە کاریگەرییەکانی ئەو ئابلۆقە ئابوورییە ڕەنگە پەنا بۆ ڕێگەی نایاسایی ببات، بۆ ئەوەی دراوی بیانی هاوردە بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ڕێگاکانی هاوردەی لێ داخراوە، ئاماژەی بەوەش دا “بارودۆخی ئابووری ئێران زۆر ڕوو لە داتەپین دەکات، ئەمەش بە پلەی یەک کاریگەری لەسەر هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە دەبێت، ڕەنگە جۆرێک ناڕەزایەتی خەڵکی ئێرانیشی لێ بکەوێتەوە، کە وای لێ بکەن ئیتر ئەو دۆخە ئابوورییە ناهەموارە قبوڵ نەکەن”.

ئەنجام: 

بەرەنگار بوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ ئێران ئاسان نابێت، ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا پشتی بە هێزە میلیشیاکانی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی بەستووە، وەک عێراق، یەمەن، سوریا و لوبنان، کە ئەو ملیشیایانە لەو وڵاتانەش بەجۆرێک لەجۆرەکان پێگەیان لەرزۆکە چونکە بەستراوەتەوە بە باری دارایی و پالپشتی ئێران، بۆیە ئەو هەموو تێچووەی، کە لەسەر ئێران کەوت ئەنجامی دڵخوازی نابێ جگە لەوەی هانی وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری پاڵپشتی ئەمریکا و دژبە ئێران بووەستنەوە.

ئێران باش دەزانێ گەمارۆکان جددین و پێچەوانەی ئەوەی بە خەڵکەکەی خۆیانی دەڵێن، بەڵام هەوڵدەدەن بە هەر شێوەیەک بووە خۆڕاگربن و بە هێزی سەربازی بەر بە تەقینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییە ناڕازییەکانی ناوخۆ بگرن و دەریچەیەک بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکان بدۆزنەوە؛ دواتر لەسەر بنەمای هێز دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەن، کەئەمەش بە ڕایشارەزایان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئاسان نابێ.

ئەوەی دیارە و پێشبینی کراوە لەلایەن شارەزایانی ئابووری و سیاسییەوە شەڕ روونادات بەڵام دۆخی ئابووری ئێران کراوەتە ئامانج و پەلدەکێشی بۆ ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵکی هەژار و کەم دەرەتان؛ هەروەها ملکەچ کردنی ئێران بە داخوازییەکانی ئەمریکا، کە ئەمەش بۆ ئێران تێچووویەکی یەکجار قورس دەبێ. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com