یەکێتی دابەشکردنی پۆستەکان بەمشیوەیە رەتدەکاتەوە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی سەرکردیەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، دیاری کردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خاڵ، هەنگاوێکی باش نابێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە پێش دەستپێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆدەنگی لایەنەسیاسییەکانی هەرێم، لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان بەدەست بهێنێت و دەیەوێت سیستمی خاڵ پەیڕەو بكرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت نوچەنێت، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی نوێی هەرێم بەشێوەی خاڵ، رایگەیاند “من لەگەڵ ئەوەدانیم پۆستەکان بە شێوەی خاڵ دابەشبکرێت، بەهەنگاوێکی باشیشی نازانم، چونکە پارتی و یەکێتی، دوو هێزی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان و هەردوولامان هێزی چەکدارمان هەیە، پێویستە حکومەتێکی بەهێز درووستبکرێت، کە حکومەتی هەموو لایەک بێت، هێزی پێشمەرگەش نەکرێتە سوتەمەنەنی، لەسەر ململانێی حزبی و حکومەتێکیش بێت، کە هەردوولا تیایدا رووسپی بن”.

مستەفا چاوڕەش دەشڵێت “دیاری کردنی پۆستەکان بە خاڵ گرنگی خۆی دەبێت، بەڵام ناکرێت ئێمە  چارەنووسی ئەم میللەتە، لەسەر حسابی خاڵبکرێت، ئێمە دووهێزی گەورەین لە هەرێمی کوردستان، لە ڕابردوودا حکومەتێکی ٥٠ بە ٥٠ هەبوو، ئەگەرچی بەهۆی شەڕی ناوخۆ وە کۆمەڵێک کێشەی تێکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتووترین حکومەت بوو”. 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت سەرکرایەتی هەردوو حزب بەزووترین کات لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەتی نوێێ هەرێم ڕێکبکەون و یەکلایی بکەنەوە، هەرلایەنێکیش دەیەوێت بەشداری تێدا بکات بەقەد حەجمی خۆی بەشداری بکات. 

چاوڕەش گوتیشی “گرنگ نییە پارتی و یەکێتی، لەسەر چ میکانیزمێک رێکدەکەون بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، گرنگ ئەوەیە حکومەتێک بێت، خەڵکیش لەم نەهامەتیە رزگار بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com