پارتی شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، دەبێت بەشێوەی خاڵ بێت، هەرلایەنێکی بەشدار لەو حکومەتە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستی پێبدرێت.

پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتی داهاتوو، یەکلایی کردنەوەیان ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت سیستەمی خاڵ پەیڕەو بکرێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش سیستمی خاڵ ڕەتدەکاتەوە دەیەوێت شەریکێکی تەواو بێت لە حکومەتدا.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، ڕایگەیاند “من لەگەڵ ئەوەدام  دابەشکردنی  پۆستەکان بەپێی خاڵ بێت، هەرلایەنێکی بەشدار لەو حکومەتە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستی پێبدرێت و بەشداری لە حکومەت پێ بکرێت، پێویستە ڕێز لەبڕیاری خەڵکی کوردستان بگیرێت، کە دەنگی داوە”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لەماوەی ڕابردوو بەناوی پاراستنی یەکڕیزی و بەرژەوەندیی گشتی کوردستانەوە، ڕێز لە بۆچوونی دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان نەگیراوە،  دەشڵێت “ئەگەر لە دابەشکردنی پۆستەکان ڕەچاوی خاڵ نەکرێت و ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەبەرچاو نەگیرێت، هەر ٥٠ بە ٥٠ بێت، ئەوا پێویست بە هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵکی ناکات”.

عەلی عەونی، دەڵێت “ئێستاش یەکێتی خۆی لە ترسی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا، پەنای بردە بەر زۆرینە و کەمینە، کەواتە دەبێت لە کوردستانیش بەهەمان ئەو ئالیەتەی بەغدا کێشتەکان یەکلایی بکرێتەوە، ناکرێت بانێک و دوو هەوا بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com