فراکسیۆنی پارتی چاوی لە سەر تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە-یە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەک فراکسیۆنی پارتی هەوڵێکی زۆر دەدەین لەم خولەی پەrلەمان پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەندبکرێت.

دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە (خانەنشینی و موچە ‌و دەرماڵەكان)  گەڕێندرایەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە ئێستادا چارەنووسی پڕۆژەیاساکە کەوتووەتە دەستی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەی یاسای چاکسازی (خانەنشنی، موچە و دەرماڵەکان) ڕایگەیاند “فراکسیۆنی پارتی، لەخولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بایەخێکی زۆریدا بە پڕۆژەیاسای چاکسازی و هەوڵیاندا پڕۆژەکە لە ئاست تموحی خەڵکی کوردستان بێت، بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان، بەڵام بەداخەوە، کە ئەم پڕۆژەیە نەبووە یاسا و پەسەندکردنی دواخرا بۆ خولی ئێستای پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان جەخت دەکات لەوەی، کە فراکسیۆنەکەیان چۆن لەخولی ڕابردوو هەوڵی دا پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، بە هامان شێوە فراکسیۆنەکەیان، لەم خولەی ئێستا هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دەدەن، بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە، چ وەک خۆی بکەن بە یاسا و دەری بکەن، چ پێویستی بەوەشبێت، کە هەمواری بکەنەوە و تێبینی لەسەر بدەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە.

ڕێبوار بابکەیی گوتیشی “ئامانجی ئێمە ئەوەیە، کە ئەم پڕۆژەیاسایە پەسەندبکرێت و بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە پاشەکەوتی موچە لە ئێستا کۆتایی پێبهێنین و نەیهێڵین، ئەوەشی، کە ناوی بندیوارە لایبەرین، بۆ ئەوەی باری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشتر بکرێت و باری بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان باشتر بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com