نێچیرڤان بارزانی: هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک ئاماژەیەکی ئەرێنییە

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک ئاماژەیەکی ئەرێنییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەربکات.

لە رێوڕەسمی 10یەمین ساڵیادی کارکردنی کۆمپانیای دانەگاز لە باشووری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئامانجی سیاسەتی وزەی هەرێمی کوردستان بەدیدێت و داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکانیش دەکەن بۆ وەبەرهێنان بێنە کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، وەزارەتی کارەبا سوودمەندی سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز، لەو رێگەیەوە تاوەکو مانگی ئاداری داهاتوو بە سێ قۆناخ پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاددەکرێت.

لەبارەی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هیچ کەسێک سوودمەند نابێت لە ئاڵۆزکردنی  کێشەکان و  حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی بە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بە بەرهەمهێنانی گاز وه‌زاره‌تى كاره‌با سوودمه‌ندى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى دەبێ، کە گاز ده‌داته‌ وێستگه‌كانى هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ و (1500) مێگاوات كاره‌با دابینده‌كات. 

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی “چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا 300 مێگاواتى دیکە له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ زیادبكات كه‌ له‌گه‌ڵ پلانه‌كانى دیکەی وه‌زاره‌ت بۆ به‌ر‌هه‌مهێنانى زیاترى ته‌زووى كاره‌با، پێشبینیده‌كرێت له‌ ئێستاوه‌ تاوەکو مانگى ئادارى داهاتوو به‌ سێ قۆناخ رێژه‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى به‌ هاووڵاتیان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادبكات. له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى جێبه‌جێكردنى سیسته‌مى پێوه‌رى زیره‌كیش كه‌ وه‌ك هه‌نگاوێكى سه‌ركه‌وتوو له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ستیپێكردووه‌، له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ دوو ساڵى داهاتوودا وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌ كۆتاییى ئامانجى خۆى نزیك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ دابینكردنى گازى پێویست و گۆڕینى زۆربه‌ى وێستگه‌كانى كاره‌با بۆ به‌كارهێنانى غاز، كاره‌باى به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیان دابینبكات”.

دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:

ئاماده‌بووان و میوانانى به‌ڕێز،
ئێواره‌تان باش..

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن بۆ رێوڕه‌سمى یادى 10 ساڵه‌ى به‌رهه‌مهێنانى غاز له‌لایه‌ن كۆمپانیا و هاوبه‌شانى غازه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش كـۆمپانیاى دانه‌گاز و كۆمپانیاى نه‌وتى هیلالى ئیماراتى.

به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێز حه‌مید جه‌عفه‌ر، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌، یاوه‌رانى و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، ده‌سته‌ى راوێژكارانى كۆمپانیا و هه‌موو ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌تایبه‌تى بۆ به‌شداریكردن له‌م رێوڕه‌سمه‌دا، له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه‌ ته‌شریفیان هێناوه‌ته‌ هه‌ولێر. هه‌موو لایه‌كتان زۆر به‌خێر بێن. هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى به‌ڕێزان كۆنسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌وانیش ئه‌م ئیواره‌یه‌ له‌گه‌ڵمان به‌شدارن. زۆر به‌خێربێن.

نیسانى ساڵی 2007 زیاتر له‌ 11 ساڵ پێشتر، له‌ چوارچێوه‌ى پلانێكى ستراتیژیدا بۆ وه‌به‌رهێنان و سوودوه‌رگرتن له‌ سامانه‌ سرووشییه‌كانى كوردستان و به‌كارهێنانى له‌پێناو پێشخستنى وڵاتدا، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرێبه‌ستى كاركردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه‌گاز بۆ به‌رهه‌مهێنانى گاز له‌ كوردستان ئیمزاكرد، ئۆكتۆبه‌رى ساڵى دواتر له‌ ماوه‌یه‌كى پێوانه‌ییدا كۆمپانیاكه‌ له‌ كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ گه‌رمیان، سه‌ركه‌وتووانه‌ ده‌ستى به‌ به‌رهه‌مهێنان كرد.

ئێستا، كه‌ 10 ساڵ به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێناندا‌ تێده‌په‌ڕێت، وێڕاى هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و سه‌ره‌ڕاى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خت و دژواره‌ى له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕى داعش به‌سه‌ر كوردستاندا هات، دره‌نگیش بێت، ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه ئامانجه‌كانى سیاسه‌ت و ئه‌و پلانه‌ ستراتیژییه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى وزه‌دا، ورده‌ ـ ورده‌ دێنه‌ دى و رۆڵێكى گه‌وره‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كه‌رته‌كاندا له‌ كوردستان، ده‌گێڕن.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ درێژاییى ئه‌و ساڵانه‌ى كه‌ پلان و ستراتیژ و سیاسه‌تى خۆمان له‌ بوارى وزه‌دا په‌یڕه‌و كردووه‌، ده‌بوایه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵنه‌ده‌ین و له‌ هه‌مان كاتدا ررووبه‌ڕووى چه‌ندین گرفت و كێشه‌ى جیدى له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ندین فشارى حكومه‌ته‌كانى عێراق و كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستى ده‌ره‌وه‌ش ببینه‌وه‌ و داكۆكى له‌ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و مافانه‌مان بكه‌ین كه‌ له‌ ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵدا هاتوون و رێگه‌مان پێده‌ده‌ن بۆ سوودى وڵاته‌كه‌مان، وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان بكه‌ین.

یه‌كێك له‌و كۆمپانیا و لایه‌نه‌ كارایانه‌ى وێڕاى هه‌موو به‌ربه‌ست و ناخۆشی و سه‌ختییه‌كان له‌م كاروانه‌دا هاوڕێمان بوون، كۆمپانیاكانى دانه‌گاز و نه‌وتى هیلال بوون. ئه‌وان كاتێك هاتن ریسكیان كرد و ئاماده‌بوون له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كار بكه‌ن، كه‌ زۆرێك له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان ئاماده‌نه‌بوون بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان و وه‌به‌رهێنانى تێدا بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى رێز و پێزانینمان بۆ ئه‌وان هه‌یه‌.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

پاش ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى دۆخێكى سه‌ختیان به‌ڕێكرد و توانییان به‌سه‌ر تیرۆریستانى داعشدا سه‌ربكه‌ون، ئێستا له‌كاتێكدا حكومه‌تێكى تازه ‌له‌ به‌غدا له‌سه‌ر كاره‌، هیوادارین بتوانین هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و بنیاتنانى ئاینده‌یه‌كى باشتر بۆ ته‌واوى عێراق، هه‌نگاو بنێین.

دوایین رێككه‌وتنى هه‌ردوو حكومه‌تى فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان و ده‌سپێكردنى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك له‌ڕێگه‌ى بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان له‌ توركیا، ئاماژه‌یه‌كى ئه‌رێنییه‌ كه‌ سوودى بۆ داهاتى گشتیى عێراق ده‌بێت و رۆڵى ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنى هه‌ندێ له‌ كێشه‌ داراییه‌كانى كه‌ ئه‌مڕۆ عێراق دووچاری بووه‌ته‌وه‌. هیوادارین قۆناغى داهاتوو، قۆناغى لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولامان بێت.

لێره‌دا به‌ ده‌رفه‌تى ده‌زانم دووپاتىبكه‌مه‌وه‌ كه‌ وێڕاى پشتگیریمان له‌ حكومه‌تى به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدى، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌كان به‌پێى میكانیزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان، بكه‌وێته‌ پرۆسه‌یه‌كى جیدیى گفتوگۆوه‌ و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ دابینكردنى ته‌واوى ئه‌و مافانه‌ى كه‌ ده‌ستووری عێراق به‌ هه‌موو لایه‌كى داوه‌.

هیوادارین هه‌موومان سوود له‌ وانه‌كانى رابردوو ببینین كه‌ به‌ ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تى ئاڵۆزكردنى كێشه‌كان و به‌كارهێنانى لۆژیكى هێز هیچ سوودێكى نه‌بووه‌ و هه‌مووان لێى زه‌ره‌رمه‌ند بوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێكگه‌یشتن و رێككه‌وتن، به‌ سوودى هه‌مووان و به‌ سوودی عێراق ته‌واو ده‌بێت.

به‌ڕێزان،

یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامه‌ هه‌ره‌ ئه‌رێنى و دیاره‌كانى به‌رهه‌مهێنانى گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، هاوبه‌شیكردنیه‌تى له‌ به‌رهه‌مهێنان و زیادكردنى رێژه‌ى ته‌زووى كاره‌بادا. وه‌زاره‌تى كاره‌با سوودمه‌ندى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى به‌رهه‌مهێنانى گازه‌ كه‌ گاز ده‌داته‌ وێستگه‌كانى هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ و (1500) مێگاوات كاره‌با دابینده‌كات.

چاوه‌ڕاونده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا 300 مێگاواتى دیکە له‌سه‌ر ئه‌م رێژه‌یه‌ زیادبكات كه‌ له‌گه‌ڵ پلانه‌كانى دیکەی وه‌زاره‌ت بۆ به‌ر‌هه‌مهێنانى زیاترى ته‌زووى كاره‌با، پێشبینیده‌كرێت له‌ ئێستاوه‌ تاوەکو مانگى ئادارى داهاتوو به‌ سێ قۆناغ رێژه‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى به‌ هاووڵاتیان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادبكات.

له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى جێبه‌جێكردنى سیسته‌مى پێوه‌رى زیره‌كیش كه‌ وه‌ك هه‌نگاوێكى سه‌ركه‌وتوو له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ستىپێكردووه‌، له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ دوو ساڵى داهاتوودا وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌ كۆتاییى ئامانجى خۆى نزیك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ دابینكردنى گازى پێویست و گۆڕینى زۆربه‌ى وێستگه‌كانى كاره‌با بۆ به‌كارهێنانى غاز، كاره‌باى به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیان دابینبكات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ كاتى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى پلانى حكومه‌ت بۆ به‌كارهێنانى گاز له‌ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌بادا، ساڵانه‌ به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌‌ى حكوومه‌ت.

له‌كاتێكدا ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌تى له‌ كه‌رتى كاره‌با و به‌رهه‌مهێنانى ته‌زووى‌ كاره‌بادا ده‌ره‌نجامه‌كانى به‌رهه‌مێهنانى گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌كه‌ون، دووپاتىده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ و په‌ره‌ى زیاتر به‌ بوارى وزه‌ به‌گشتى و وه‌به‌رهێنان له‌ سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا به‌تایبه‌تى ده‌دات و بۆ بنیاتنانى ژێرخانى گشتى و كه‌رته‌كانى تر، به‌تایبه‌تیش كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ، پیشه‌سازى و گه‌شتیارى به‌كارىده‌هێنێت و دڵنیاین له‌ داهاتوودا ده‌توانین هه‌نگاوى باش له‌و باره‌یه‌وه‌ بنێین.

هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سامانێكى سرووشتیى زۆره‌‌. له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سرووشتییه‌كانه‌وه‌‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌سپێشخه‌ریى به‌رچاوى بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌ بواره‌كانى نه‌وت و غازدا.

له‌م بۆنه‌یه‌دا جاریكى تر داوا له‌ كۆمپانیاكانى بوارى وزه‌ له‌ جیهان ده‌كه‌م كه‌ رووبكه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ كه‌رته‌كانى وزه‌ و سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. داوایان لێ ده‌كه‌م چاو له‌ دانه‌گاز و نه‌وتى هیلال بكه‌ن كه‌ تاوەکو ئێستا به‌ بڕى ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و پلانیان هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى داهاتوودا به‌ چه‌ندین ملیار دۆلارى تر لێره‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. 

دانه‌گاز له‌ پڕۆژه‌كه‌یدا بۆ به‌رهه‌مهێنانى گاز سه‌ره‌تا به‌ به‌رهه‌مهێنانى (80) ملیۆن (پێ سێجا) ده‌ستىپێكرد، دواتر گه‌یاندییه‌ (300) و له‌م هه‌فتانه‌ى دواییشـدا گه‌یشـتووه‌تـه‌ (400) ملیۆن (پێ سێجا)، ده‌یـه‌وێـت لـه‌ مـاوه‌ى دوو ـ سێ ساڵى داهاتووشدا، بۆ زیاتر له‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌مهێنان زیادبكات. پڕۆژه‌كه‌ هه‌روه‌ها رۆژانه‌ زیاتر له‌ (100) تۆن گازى شل به‌رهه‌مده‌هێنێت كه‌ بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ناوخۆ له‌ گازى ماڵان به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له ‌دابینكردنى زیاتر له‌ دوو هه‌زار ده‌رفه‌تى كارى هه‌میشه‌یى و (20) هه‌زارى ترى كاتى بۆ هه‌رێمی كوردستان.

كه‌رتى تایبه‌ت رۆڵێكى گه‌وره‌ و سه‌ره‌كى له‌ پێشخستنى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ژێر رۆشناییى ده‌ستوورى عێراقدا، ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2007 یاساى نه‌وت و گازمان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد كه‌ چوارچێوه‌یه‌كى رێكخراوى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى نه‌وت و گازدا فه‌راهه‌مكرد و له‌ ماوه‌یه‌كى پێوانه‌ییدا بووه‌ هۆى به‌ره‌وپێشچوونى ئه‌و كه‌رته‌. ئێستاش به‌ هه‌مانشێوه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتیوانى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌شده‌كات و هانى كه‌رتى تایبه‌تى بیانى و خۆماڵى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو كه‌رت و بواره‌كان و به‌تایبه‌تیش له‌ كه‌رتى نه‌وت و گازدا له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

له‌ كۆتاییدا، دووباره‌ ده‌مه‌وێ زۆر سوپاسى كۆمپانیاكانى دانه‌گاز و نه‌وتى هیلال و هاوبه‌شه‌ ئه‌ورووپییه‌كانیان (OMV – MOL و RWE) وه‌ك هاوبه‌شانى كۆمپانیاى (پێرل پترۆلیۆم) بكه‌م بۆ ئه‌و كارانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامیانداون‌.

زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێز د. ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه‌ سرووشتییه‌كان و تیمى وه‌زاره‌ت، بۆ ئه‌و كار و خزمه‌تانه‌ى له‌م بواره‌دا كردوویانه‌. هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم. سوپاستان ده‌كه‌م كه‌ متمانه‌تان به‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هاتن بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

دووباره‌ هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.
سوپاس بۆ هه‌موولایه‌ك.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com