نرخی گەشتی عومرە دابەزی

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

له‌ ئێستادا نرخى گه‌شتى عومره‌ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک پێشتر هەر گەشتێکی عومرە زیاتر لە ١٠٠٠ دۆلاری تێدەچوو، بەڵام ئێستا ئەو نرخە دابه‌زیوه‌ بۆ كه‌متر له ‌٧٠٠ دۆلار، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمیش هۆکارەکانی دابەزینی نرخەکەی دەخاتەڕوو.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بەدابەزینی نزرخی گەشتی عومرە، ڕایگەیاند “چەند هۆکار وایکردووە نرخی گەشتی عەمرە لە هەرێمی کورستان دابەزێت، یەکێک لەوانە ئەوەیە نزیكه‌ى ٧٠٠ كۆمپانیاى نوێ له‌ سعودیه‌ دامه‌زراون و ده‌توانن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى هه‌رێمی کوردستان ببه‌ستن، ئه‌مه وایكردووه‌ كێبڕكێ دروست بێت و نرخى عومره‌ هه‌رزانتر بێت”.

نەبەز ئیسماعیل، گوتی “هۆکارێکی دیکە ئەوەیە سعودیە بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران داشکاندنێکی زۆری کردووە لە کرێی شوێنی حەوانەوە و خواردن و هاتووچۆکردنی گەشتیاران،  هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی گەشتی عومرە، کردنەوەی هێڵی فڕۆکەوانی زیاترە لەنێوان سعودیە و هەرێم، کە پێشتر تەنها یەک هێڵی فرۆکەوانی هەبوو، ئەوەش جۆرێک لە قۆرخکاری تێدا بوو”.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی گەشتی عومرە لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە جیاوازی هەیە و بەپێی خزمەتگوزاری نرخەکە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان ٦٥٠ بۆ ٧٠٠ دۆلار دایە و لەڕووی ئیداریشەوە چاودێری کۆمپانیاکانی عەمرەکاران دەکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com