بارزانی لەگەڵ شاندی حکومەتی لوبنان کۆبووەوە

0

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی لوبنان جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و لوبنان کرایەوە و  رایگەیاند “كۆمەڵگەی كوردستانی هزری تیرۆر و ئینكار ڕەتدەكاتەوە”.

ماڵپەری تایبەتی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە ٤- ١٢- ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی لوبنان بە سەرۆكایەتیی جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان كرد. یاوەرانی وەزیری دەرەوەی لوبنان، وەزیری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك گەورە ڕاوێژكاری حكوومەتی لوبنانی بوون.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لەدژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان. هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئاسانكاریی تەواویان بۆ كۆمپانیا و هاووڵاتیانی لوبنانی فەراهەم كردووە و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكانی نێوان هەردوولا و هەروەها هاوكاری و لەیەكنزیكبوونەوەی زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی لوبنان و هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكانی نێوان هەردوولا نیشاندا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی هزری تیرۆر و هەروەها قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر فەرهەنگی دێرینی گەلی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك حەساسیەتی ئایینی ومەزهەبی و نەتەوەیی لە بەرانبەر پێكهاتەكان نیە و ڕایگەیاند كۆمەڵگەی كوردستانی هزری تیرۆر و ئینكار ڕەت دەكاتەوە.

لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com