بارزانی: حكومەتی داهاتووی كوردستان بەهێز دەبێت

0

نوچەنێت

سەرۆك بارزانی، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان کۆبووەوە و رایگەیاند “دڵنیاین حكومەتی ئایندەی کوردستان حكومەتێكی بەهێز دەبێت”.

رۆژی سێشەممە ٤-١٢-٢٠١٨، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆک بارزانی لەبارەی حكومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “درووشمی ئێمە كوردستانێكی بەهێزە و لەوە دڵنیاین كە حكومەتی ئایندە حكومەتێكی بەهێز و لە خزمەتی خەڵك دەبێت و خەڵكی كوردستانیش پێشوازی لە بڕیارەكانی پارتی بۆ دیاریكردنی هەردوو كاندیدی سەرۆكی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی حكومەت كردووە”.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و ماڵئاوایی كردن، سەردانی سەرۆك بارزانی كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كرد، كە لەماوەی كاركردنیدا پشتیوان و هاوكاری بوونە و هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی هەبوو و رایگەیاند “لە ئەوروپا و لە رۆژئاوادا بە چاوێكی بەرز سەیری پێگە و مێژوو و خەباتی سەرۆك بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەكرێت”.

لە بەشێكی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە “نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆشنایی خستەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و سەردانی سەرۆك بارزانیی بۆ بەغدا بە گرنگ و ئیجابی وەسف كردو ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەو سەردانە لە لایەن عێراقییەكانەوە بە وەرچەرخانێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و مایەی ئومێد لە قەڵەم دراوە و بە پێویستیشی زانی ئەو دەرفەتەی كە لەدوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا هاتووەتە ئارا بقۆزرێتەوە و بەغدایش وەڵام و هەنگاوی ئیجابی بهاوێژێت لەبارەی سنوور و نەوت و كێشەكانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا”. 

بەگویرەی ئەوەی لە هەواڵەکەدا ئاماژەی پێدراوە، یان کۆبیش پیرۆزبایی بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی حكومەتی داهاتووی كوردستان و دووپاتیشی كردەوە، كە حكومەتی ئایندەی كوردستان حكومەتێكی كارا و بەهێزدەبێت.

لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونەكانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. 

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی کوردستان و بەغدا و سەردانەكەی بۆ بەغدا، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە “لە گشت قۆناغەكاندا پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بووە بۆ چارەسەری كێشەكان و لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پێكهاتنی حكومەتی تازە، كەشوهەوایەكی تازە و ئومێدێكی نوێ دروستبووە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیش پێویستە قەناعەت بە دیالۆگ و زمانی ئاشتی هەبێت و لە هەمانكاتیشدا نیازپاكی بۆ چارەسەر هەبێت. دیالۆگ و ئاشتیخوازیی ئێمەیەش نابێ لەسەر حسابی پرەنسیپ و بابەتە ستراتیژییەكانی ئێمە بێت”.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دووپاتكردەوە و هیوای ئەوەی خواست، كە ئەو حكومەتە بتوانی كێشەكان چارەسەر بكات و خزمەتگوزاری پێشكەشی خەڵك بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com