سلێمانی: ئەو کەسەی تەقەی لە د. کەمال کرد دەستگیرکرا

0

نوچەنێت

ئەو کەسەی لە نۆڕینگەکەی خۆی سێ گوللـەی لە دکتۆر کەمال دا، لە سلێمانی دەستگیرکرا و “دانی بە تاوانەکەیدا ناوە”.

دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ٧٢ کاتژمێر لە رووداوی تەقەکردن لە دکتۆر کەمال ئەحمەد سەعید، پزیشکی نەشتەرگەری گشتی لە سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس توانییان تەقەکەرەکە دەستگیربکەن. 
  
عه‌مید ئاسۆ ته‌ها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “راستەوخۆ دوای رووداوەکە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەهۆی گرنگی رووداوەکە چەند ئەفسەرێکمان راسپارد بۆ ئەوەی سەرەداوێکمان دەستبکەوێت، سەرئەنجام کاتژمێر ١٢ـی ئەمڕۆ ٥-١٢-٢٠١٨، توانیمان ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، دەستگیر بکەین”.

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها زانیاریی لەبارەی تەقەکەرەکە ئاشکراکرد و رایگەیاند “ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ـە و دانیشتووی دەرەوەی سلێمانییە، بەناوی (هـ. ع. ک.) و پیشەی کاسبە. پێشتر دەمانچەیەکی جۆری میکارۆڤی کڕیوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی پێ ئەنجامبدات، هەر دوێنێش دەمانچەکەی فرۆشتووەتەوە”.

لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند “هۆکاری ئەو رووداوە ئێمە جێیدەهێڵین بۆ لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات، چونکە لەوانەیە قسەیەکی ئێمە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە سوودی لێ وەربگرێت و، لەدەستمان دەربچێت، بۆیە زۆرجار کە ئێمە بێدەنگین، دەزانین بۆچی بێدەنگین”.

بەهۆی ئەو رووداوی تەقەکردنە لە دکتۆر کەمال، پزیشکان و خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان لە سلێمانی و هەولێریش خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و، پزیشکانی سلێمانی بۆ ماوەی 24 کاژێر نۆڕینگەکانیان داخست. بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا دڵنیایی دایە پزیشکان و، رایگەیاند “ئەرکی سەرشانی ئێمە و هەموو دەزگا ئەمنییەکانە ئەو دکتۆرە بەڕێزانە بپارێزین، هەرکاتێک پێویستییان بە ئێمە بێت لە خزمەتیانداین”.

لەبارەی رەوشی تەندروستیی دکتۆر کەمال، دکتۆر سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند “تەندروستی دکتۆر کەمال بەویستی خوا لە کاتەکانی پێشتر، باشترە و باشتریش دەبێت، هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێتەوە ناو ماڵ و منداڵەکەی خۆی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com