پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە بابەتی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا نەبووە، تەواوکردنی کابینەکەش پەیوەستە بەڕێککەوتنی ئەو لایەنانەی کێشەیان هەیە لەسەر کاندیدەکان.

بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٤-١٢-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات لەسەر ئەو هەشت وەزیرەی، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە سیڤییەکانیان پێشکەشکرابوو،  بەڵام بە هۆی ناکۆکی سیاسی و رێکنەکەوتن لەسەر کاندیدەکان بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دواتر بڕیاردرا کۆبوونەوەی داهاتوو، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامبدرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەندرێن دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕایگەیاند “ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦-١٢-٢٠١٨،  کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام لەکارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تێدا نەبووە”. 

سەبارەت بە کارنامەی کۆبوونەوەکەش دۆسکی گوتی “کارنامەی کۆبوونەوەکە لە سێ تەوەر پێکهاتبوون، ئەوانیش بریتی بوون لە: سوێندخواردنی بەشێک لە پەرلەمانتاران، کە تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە،تایبەتمەندییەکانی لیژنەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا”.

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی، دەڵێت “ئەگەر هەفتەی داهاتوو ئەو لایەنانەی کێشەیان هەیە لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بگەنە ڕێککەوتنی لەسەر یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانیان، ئەوکاتە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com