پێنج خشتەکی لەسەر شیعری پیرەمێرد

0

شیعری : عەزیز ئەحمەد حەمە

 

* عەشرەت هاوارە

لەشکر شەکەتەو دڵ  بریندارە

هەواڵێ بەرن بۆ ئەو هەوارە

سەرداری کوردان لێم نادیارە

(( عەشرەت هاوارە،عەشرەت هاوارە

کــەوتوومە ئــــاراس ئاو بێ بوارە ))

وام لە حەسرەتا بێ خوردو خەوم

نە ڕۆژم ڕۆژە ، نەشەوە شەوم

لەتاوی سەردار  تاوێ  ناسرەوم

((  ڕێم نیە منیش شوێن ئەوان کەوم

پیرم هەنـــگاوێک بنێم ئــەکەوم  ))

 

ئەوان بە دەشت و دەرو هەردەوە

بە شاخ و کێو و بە بن بەردەوە

هیلاک  و ماندون بە ناو وەردەوە

((  لێرەش وا کەوتووم بەدەم دەردەوە

لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە ))

 

کەی بێت چەرخی کورد گەڕێ وەرگەڕێ

بەرەوئاسۆی ڕوون خۆرمان هەڵگەڕێ

ئاشی زەمانە بۆمان بێت گەڕێ

((  دکتۆر دەوای تۆم ناوێ لێم گەڕێ

بەڵکم بە ئاهم دەوران وەرگەڕێ  ))

 

ڕۆژی ئازادی کەی وەدەرکەوێ !

بۆ ڕۆحی ماندوم ، سرەوتێ ، خەوێ

ئەم دڵەم ئێستا دیلە و ناسرەوێ

((  یا وا وەرگەێ ئێــڵم وەرگەڕێ

یا زرمەی تۆپی زەڕەی بەرکەوێ  ))

 

ئیتر جێگای من دەشت و سارا بێ

نانە ڕەقێکم ئەبێ یا نابێ

هیچ گوێی پێ نادەم خۆ ئەگەر وابێ

((  ئەوسا کە دوعای من وا گیرا بێ

لە خانەی خاکا ئاواتم نابێ  ))

 

گوێ لە وەسیەتم بگرن بە ووردی

لە پێناو خاکم  هەزار دەردم  دی

وەک کوردی ڕەسەن ژیام بە مەردی

((  ئینجا تەڵقینم بدەن بە کوردی

بڵێن ئاواتت هاتە جێ و مردی  ))

 

* عەشرەت هاوارە: شیعرێکی بەناوبانگی پیرەمێردی نەمرە، کە بۆ پێشەوای کورد مستەفا بارزانی نەمری  گوتووە، کاتێک لەگەڵ پێشمەرگەکانی لە رووبــاری ئــاراز پەڕینەوە بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە، دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com