سایتێکی ئێرانی: مام لە کوێ، بەرهەم ساڵح لە کوێ؟

0

نوچەنێت: دیپلۆماسی ئێرانی

رێگەی کەسکی مام جەلال، درێژە دەدەین و ئامانجەکانی وەدی دێنن… ئەمە ئەو ڕستەیە، کە بە تێکڕای ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی و لایەنگرانی، لە دوای نەمانی مام جەلال، سەرکردەی کاریزمای خۆیان، دووبارەی دەکەنەوە. رێڕەوی فکری و پراکتیکی جەلال تاڵەبانی، لە قۆناغێکدا، کە یەکێتێ قۆناغێکی نوێ ژیانی سیاسی خۆی ئەزموون دەکات و دەکرێ وەک قۆناغی پۆست مام جەلال پێناسە بکرێت، مانا دەبەخشێتە تێکڕای توخمەکانی گوتاری ئەم حزبە. لە سەر ئەم بنەمایە، رادەی پابەندی و وەفاداری هەر کەس یان رەوتێک بۆ کەوتنە بازنەی گوتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرێدراوە بە رادەی ئیرادەت و وەفادارییان بە شەخسی مام جەلال.

بە پێچەوانەی ئەو دیعایە و بانگەشەیەی، کە یەکێتی لە سەرەتای دامەزرانیەوە وەک نوێنەری چینی رۆشنبیر و خوێندەواری کوردستانی عێراق باسی لە سەر دەکرد، ئێستا ئەم حزبە، لە سەردەمی دەوای مام جەلال، بە هۆی چەمکی باوەڕەمەندی بە رێبازی فکری مام جەلال، بۆتە حزبێکی بنەماڵەیی، کە لە لایەن نەوەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرێت.

لەراستیدا  منداڵەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، باوکی هێرۆ، هاوسەری مام جەلال و ئەندامانی خانەدانی تاڵەبانی، واتە برازا و کەس و کارەکانی جەڵال تاڵەبانی، دوو رەوتی سەرەکین، کە خۆیان بە خاوەنی خەباتی سیاسی مام جەلال و گوتارەکەی ناساندووە، هەر چۆنێک بێت پێیان وایە، ئەوەی لە رێبازی مام جەلالدایە، دەبێ بە رادەیەک ملکەچی ئەوان بن.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە قۆناغی پۆست مام جەلال، بە تایبەت لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رادەستکردنی کەرکوک بە حكومەتی ناوەندئ عێراق، بە هۆی سازانی ئەم دوو رەوتە سەرەکییە لە گەڵ رەوتە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان، پشت بەست بە گەڕانەوەی بۆ رێبازی سیاسی و پراکتیکی مام جەلال، بۆتە کارتێکی گەورە بە دەستی پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی گەورە و لاهوری شێخ جەنگی، برازای مام جەلال، ئەویش بۆ یەک مەبەست، ژیانەوە و خستنەوە سەر پێی یەکێتی. لەم نێوەدا گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، بۆ ناو یەکێتی و دواتر پێدانی پۆستی سەرۆککۆماری، یەکێک لەو ئاماژانەیە، کە هەڵگری ئەم راستیەیە.

بە سەرهاتی بەرهەم ساڵح لە ناو یەکێتی

بەرهەم ساڵح لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢، کە جەلال تاڵەبانی، بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە خانەنشین ببوو، لە گەڵ هاوسەر و کەسە نزیکەکانی سەرۆکی یەکێتی ناکۆکی پەیدا کرد. سەرەتا لە گەڵ کوسرەت رەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی، دژی باڵی زۆرینەی یەکێتی یان هەمان دوو رەوتە ئاماژەپێدراوەکە وەستایەوە، کە خاوەنی هێزی سەربازی و دارایی ئەم حزبەن و رەوتێیان بە ناوی ناوەندی بڕیار پێکهێنا. دواتر بە هۆی رق ئوستووری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، تووشی شکست بوو و فواد مەعسوم، پۆستەکەی بردەوە. لە دوای ئەم رووداوانە، بەرهەم ساڵح، بەرەبەرە لە ناو یەکێتی گۆشەگیر کراو و لە سەرەتای ٢٠١٦ دەنگۆی دامەزرانی حیزبێک بە ناوی هیوا و جیابوونەوەی لە یەکێتی کەوتە سەر زار. لە ئەنجامدا، ١٠ رۆژ دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەنگۆکان رەنگ و ڕووی راستی بەخۆوە گرت و بەرهەم ساڵح لە ١٦ی سێبتەمبەری ٢٠١٧، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری راگەیاند.

دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و دواتر پێدانی پۆستی سەرۆککۆماری بە ناوبراو لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، ئێستا ئەم پرسیارە لە ئارادایە، کە ئایا دەتوانێ لە پۆستەکەی سەرکەوتوو بێت؟ ئایا دەتوانێ درێژە بە رێبازی مام بدات؟ ئایا بەرهەم ساڵح، دەتوانێ کاراکتەری مام لە بەغدا زیندوو بکاتەوە؟ نووسەر پێێ وایە تیایدا سەرکەوتوو نابێت.

رووخانی دیواری کاریزما و سەرهەڵدانی وەک دەستنیشانکراو

بەرهەم ساڵح، لە دوای ٢٠٠٣، وەک سەرکردەیەکی خەڵکی ناوبانگی دەرکرد. تەنانەت لەم دۆخە نوێێە، هیوایەک سەری هەڵدا، کە لە دوای مەرگی مام جەلال و لە داهاتووشدا لە دوای مەسعود بارزانی، ئەو تەنها کەسایەتییەکە، کە دەتوانێ ببێتە کاریزما. لەم نێوەدا، جیابوونەوەی لە حزبی دایک و پێکهێنانی هاوپەیمانی، دەیتوانی هەنگاوێک بێت بۆ نیشاندانی سەربەخۆ بوون و وەفاداری بە بەرژەوەندی هەرێم، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، هەر کە دڵنیا بوو پۆستی سەرۆککۆماری پێدەدرێ، لە وەرسووڕانێکی خێرا گەڕایەوە بۆ ناو یەکێتی و رایگەیاند، کە بۆ درێژەدان بە رێبازی مام گەڕاوەتەوە.

ئەم وەرسووڕانەوە، شۆکێکی گەورە بوو لای ئەو کەسانەی، کە ئەویان وەک تەکنۆکراتێکی سەربەخۆ و بە توانا دەناسی و پێیان وابوو، کە ئەو لایەنی خەڵکی گرتووە. زمانی جەستە و نواندنەکانی لە دوای گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی، نیشانی دا، کە بە چ رادەیەک خولیای سەرۆکایەتی کۆشكی “السلام”ی لە سەردایە. یەکەم زەبر، کە لێێ کەوت، شەرعییەتی لە ژێر پرسیاری بەرهەم ساڵح دابوو؛ بەو مانایە، کە ئەویش کوشتەی دەسەڵات و پۆستە. کەسێک، کە ئامادەیە هەموو رابردوو و هەڵوێستەکانی پێشووی خۆ پشت گوێ بخات، بەم پێیە هەر لە سەرەتاوە، کاریزما و کاراکتەری رووخا لای زۆریەک لە لایەنگرانی.

لە هەنگاوی دووەم، بەرهەم ساڵح، لە بابەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، تەنانەت ڕا و رەزامەندی هیچ یەک لە حزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی لە سەر نەبوو. تەنها بە هۆی پشتیوانی ناوچەیی بوو، کە رێگای کۆشکی سەرۆککۆماری دۆزییەوە. ئێستا هیچ لایەنێک، ئەو وەکوو نوێنەری کوردەکان بە فەرمی ناناسن، تەنها دڵخۆشی ئەو لە ئێستادا پشتیوانی دەرەکییە. مێژووی کورد لە باشوور ئەوەمان پێ دەڵێت، کە رەنگە پشتیوانی دەرەکی ببێتە هۆکاری مانەوەی ئەکتەرێک، بەڵام هیچ کات ناتوانێ ببێتە هۆی سەرکەوتن و سەرخستن و دەستکەوتی گەورە.

لاسایی کوێرکوێرانەی کاراکتەری مام لە بەغدا

سەرۆککۆماری نوێێ عێراق، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە بە شێوەی مام جەلال (٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢)، پۆستەکەی ئیدارە بدات. هەوڵ دەدات خۆی وەک مەرجەعێکی گەورە لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی نیشان بدات. هەر بەم پێیەش لە دوای دووی نۆڤەمبەر، بە شێوەیەکی کوێر کوێرانە لاسایی مامی کردۆتەوە و بەردەوام کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرانی سیاسی شیعە، سوننە، تورکمان و لایەنەکای دیکەی رێکخستووە.

لە درێژەی ئەم لاسایی کردنەوەیە، بەرهەم ساڵح گەشتی سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق دەستپێکرد و ژمارەیەک لە دژبەرانی ریفراندۆم و ناوەندچی لەوانە ئاڵا تاڵەبانی و ئاراسی شێخ جەنگی، وەک راوێژکاری خۆی قبووڵ کرد، نەک ئەوەی بۆ خۆی دیارییان بکات. لە هەنگاوێكی رەمزی لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە و لە میدیاکان و تۆڕەکان، خۆی وەک کەسایەتییەکی هاوشانی مام دەنوێنێ.

لە سەر یەک، بەرهەم ساڵح مەودایەکی دووری لە گەڵ پێگە و کاراکتەری مام هەیە. ئەو هێشتا تێنەگەیشتووە، کە سیاسەت پانتای ئارەزوو و فانتازیا نییە، بەڵکوو مەیدانی کردەوە و بەڕێوەبردنە، بە پێێ ئیمکان و تواناکان. بەرهەم ساڵح، چاوی بە ڕووی راستییەکی دیکە داخستووە، ئەو لە بیری کردووە، کە جەلال تاڵەبانی، رابەرێکی کاریزما بوو، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەباتی سیاسی هەبوو. ئەو هەروەها تێناگات، کە ئامادەبوونی بەهێزی مام جەلال لە بەغدا، لە ئەنجامی رێککەوتن لە گەڵ بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی کورد بووە لە عێراق.

بەرهەم ساڵح لەم خاڵەـش غافڵە، کە تاڵەبانی لە ناو حزبەکەی و لە زۆنی سەوز، قسەی یەکەم و کۆتایی پێبوو. بەرهەم ساڵح، لە پێناو دانیشتن لە سەر کورسی سەرۆککۆماری، بە رادەیەک شەوق و زەوقی دەروونی هەیە، کە تەنانەت تێکڕای پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقی لە رابردووەوە تاکوو ئێستا نادیدە گرتووە.

راستیەکەی ئەوەیە، درێژەدانی رێبازی مامی گەورە، کە بەند بێت بە ملکەچ بوون بە مامە چووکەکان (پاڤڵ، لاهور و قوباد)، کۆتاییەکی شکستە، وەک ئەوە وایە رێگای تورکستان بپێوی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com